فەرمانی دەستگیركردن بۆ شاسوار عەبدولواحید ده‌رچوو

هەواڵ / کوردستان :: 6 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 6021‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

دادگای لێكۆڵینەوەی ئاسایشی سلێمانی فەرمانی دەستگیركردنی بۆ شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بەتۆمەتی "خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن" دەركرد.

بەپێی نووسراوێكی دادگای لێكۆڵینەوەی ئاسایشی گشتی سلێمانی كە رۆژی 14ی ئایاری 2019 دەرچووە، ئاڕاستەی (گشت ئەندامانی بەرزەفتی دادوەر، گشت ئەندامانی پۆلیس، هەر كەسێك ئەم گرتننامەیەی بەردەست دەكەوێت) فەرمانی دەستگیركردن بۆ شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەرچووە.

بەپێی ئەو نووسراوە كە وێنەی لای دواڕۆژە هاتووە :"ئێوە رێگەتان پێدراوە و لەسەرتانە ئەم تۆمەتبارەی لەخوارەوە زانیاری لەبارەوە دراوە، بیگرن و بیدەن بەدادگاكەمان، چونكە لەبەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتی سكاڵای لەسەر تۆماركراوە".

هەر لەو نووسراوەدا جۆری تاوان و ماددەی یاسایی فەرمانەكە روونكراوەتەوە "ماددەی 2 لەیاسای قەدەغەكردنی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن".

ئەو سكاڵایەی سەر شاسوار عەبدولواحید دوای ئەوە دێت مانگی رابردوو شادی نەوزاد، پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لەپەرلەمانی كوردستان رایگەیاند "لەلایەن باندەكەی شاسوار عەبدولواحیدەوە هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆی رووتی لێكراوە"، هەر لەسەر سكاڵای ئەو پەرلەمانتارەش پێنج خۆبەخشی نەوەی نوێ دەستگیركراون كە دوویان سكرتێری تایبەتی شاسوار عەبدولواحیدن.

ئەو مادەیەی ناوبراوی پێ تۆمەتبار کراوە (ماددەی 2 لەیاسای قەدەغەكردنی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن) بریتییە لە:

هه‌ر كه‌سێك ئه‌گه‌ر به خراپی ته‌له‌فۆنی خانه‌یی(مۆبایل) یان ئامێرێكی په‌یوه‌ندی كردن ته‌لدار یان بێ ته‌ل یان ئه‌نته‌نێت یان پۆستی ئه‌لكترۆنی بێ مه‌به‌ستی هه‌ڕه‌شه‌كردن یان تۆمه‌ت هه‌ڵبه‌ستن یان جنێودان یان بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵی هه‌ڵبه‌ستراو به‌كارهێنا كه ترس په‌یدا ده‌كات یان دزه‌ی به گفتوگۆكردن كرد یان وێنه‌ی چه‌سپاو و جوڵاو یان كورته‌نامه بڵاوكره‌وه كه‌ له‌گه‌ڵ خوو ڕه‌وشتی گشتیدا ناگونجێن یان به‌بێ روخسه‌ت و مۆڵه‌ت وێنه‌ی گرت یان كاروبارێكی وا كه شه‌ره‌ف بریندار بكات یان هانی ئه‌نجامدانی تاوان یان كاری به‌دڕه‌وشتی یان بڵاوكردنه‌وه‌ی زانیاری په‌یوه‌ست به ‌نهێنی ژیانی تایبه‌ت یان خێزانی بۆ تاكه‌كان بڵاوبكاته‌وه‌ كه به‌هه‌ر ڕێگه‌یه‌ك ده‌ستی كه‌وتبێت هه‌تا ڕاستیش بن، ئه‌گه‌ر به‌هۆی بڵاوكردنه‌وه‌یان و دابه‌شكردنیان سووكایه‌تی یاخوود زیانیان پێ بگه‌یه‌نێ، ئه‌وا بۆ ماوه‌یه‌ به‌ند(حبس) ده‌كرێ كه له شه‌ش مانگ كه‌متر نه‌بت و له پێنج ساڵیش زیاتر نه‌بێت و به‌غرامه‌یه‌كیش سزا ده‌درێ كه له یه‌ك ملیۆن دینار كه‌متر نه‌بێت و له پێنج ملیۆن دیناریش زیاتر نه‌بێ یان به یه‌كێك له‌و دوو سزایه سزا ده‌درێ.
پ: ئا.ح

بڵاوکردنەوە: ئارام غەفور



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure