بۆچوونی مامۆستایان و خوێندکاران لەبارەی شێوازی پرسیارەکانی پۆلە ناكۆتاكان

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 7 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 318‌ جار بینراوە

تاگ :: پەروەردە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

بەشێك لەخوێندكارانی پۆلە ناكۆتاكان و مامۆستایان ئاماژە بەوەدەكەن كە شێوازی پرسیارەكانی كۆتایی ئەمساڵ گۆڕانكاری تێدایە، بەوەی پرسیارەكان تەنیا هەڵبژاردن نییە، بەڵكو باسكردن و شیكردنەوەشی تێدایە كە ئەم شێوازە باشترە، بەڵام سەرپەرشتیارێكی پەروەردەیی دەڵێت: "ئەمساڵیش شێوازی تاقیكردنەوەكان هاوشێوەی ساڵانی رابردووە".


لەهەرێمی كوردستان تاقیكردنەوەی پۆلە ناكۆتاكان لەڕۆژی 11ی نیسانی 2019ەوە دەستیپێكردووە و رۆژی دووشەممەی داهاتوو 20ی ئایار كۆتایی دێت.

ژینیار حەمەفەرەج، خوێندكارێكی تەمەن 13 ساڵە و لەپۆلی 7ی بنەڕەتییە، بەدواڕۆژی وت: "شێوازی پرسیارەكانی ئەمساڵ هەڵبژاردن و شیكردنەوە و داڕشتنیشی تێدایە، بەگشتی پرسیارەكان باشن و هەم ئاسان و هەم قورسیشی تێدایە".

هەروەها میر محەمەد، کە خوێندكاری پۆلی 10ی بنەڕەتییە باسی لەوەكرد: شێوازی پرسیاری ئەمساڵ داڕشتن و نووسین و هەڵبژاردنیشی تێدا بووە و پرسیارەكان باشبوون، بەڵام ئەمساڵ لەڕووی دەروونییەوە ئاسودەترن، چونكە بەهۆی نەبوون و دواكەوتنی مووچەوە، وەكو ساڵانی رابردوو بایكۆتی مامۆستایان نییە.

دڵشاد تاڵیب، مامۆستا لەخوێندنگەی نیشتمان بەدواڕۆژی راگەیاند: ئەمساڵ تاڕادەیەك گۆڕانكاری لەشێوازی پرسیاردانان هەیە بەوەی 50%ی هەڵبژاردن و 50%یشی نووسینە، نووسینەكانیش جیاوازن بۆ نموونە كورتە وەڵام و راست و هەڵە و پێناسە، بەڵام شێوازی پرسیاردانانی ساڵانی رابردوو زیاتر هەڵبژاردن بوو.

دڵشاد وتی: "شێوازی هەڵبژاردن بۆ خوێندكاران زۆر تەندروست نییە، لەبەرئەوەی زۆرجار خوێندكار دەكەوێتە هەڵەوە، بەڵام نووسین سوودی زیاترە، چونكە خوێندكار لەگەڵ نووسین رادێنێت، بۆیە ئەگەر بۆ پۆلی 12ی بنەڕەتیش لاەم شێوازە بێت باشترە".

مامۆستایەكی دیكەش كە پرسیاری بۆ ماددەی جوگرافیای پۆلی 10ی بنەڕەتی دادەناو بۆ دواڕۆژی روونكردەوە: شێوازی پرسیارەكانی ئەمساڵ باشترە، چونكە هەڵبژاردن و پێناسە و باسكردنی هۆیەكان و جیاوازی تێدایە، بەڵام ساڵانی رابردوو زیاتر هەڵبژاردن بوو، یەكێك لەخراپییەكانی هەڵبژاردن بواری گزیكردنی تێدا دەبێت.

بەڵام عابد عەبدولڕەحمان سەرپەرشتیاری پەروەردەیی لە سلێمانی باس لەوە دەکات: ئەمساڵیش شێوازی تاقیكردنەوەكان لەگەڵ ساڵانی پێشوو گۆڕانكاری تێدا نەكراوە واتە نیوەی هەڵبژاردن و نیوەشی بەشەكانی دیكەیە لەپێناسە و بۆشایی و باسكردن، ئەمەش شێوازێكی باشە، چونكە ئەگەر هەمووی هەڵبژاردن بێت خوێندكار گرنگی بەشیكردنەوەی پرسیار نادات، بۆیە ئەم شێوازەیان بۆ هەڵبژاردوون.

لەوبارەیەوە نوردەین عوسمان، بەڕێوەبەری تەكنیكی لەبەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی گشتی سلێمانی بەدواڕۆژی راگەیاند: لە ساڵی 2015ەوە ئەم شێوازەی پرسیار بۆ تاقیكردنەوەی پۆلە ناكۆتاكان دانراوە، هەموو تاقیكردنەوەیەكی كۆتایی وەرز 50%ی لەسەر شێوازی هەڵبژاردن و 50%یشی دەبێت لەسەر شێوازە كۆنەكە بێت.

ناوبراو پێیوایە هەردوو شێوازی تاقیكردنەوەی ئێستا و پێشوو لایەنی باشی و خراپیان هەیە، بەڵام ئەم شێوازەی ئێستا كە بواری نووسین و وێنەكردنیشی تێدایە لەشێوازی تەنیا هەڵبژاردن باشترە.

نورەین عوسمان وتیشی: "شێوازی هەڵبژاردن لایەنی خراپی ئەوەیە خوێندكار توانای تەعبیر نووسینی نامێنێت و لەڕووی وێنەكردن و شیكاركردن رەنگە نەتوانێت بیكات، شانسیش رۆڵ دەبینێت، بۆیە ئەگەر خوێندكارێك شیكاری پرسیار نەكات، بۆ مامۆستاكە دەرناكەوێت كە ئایا ئەو خوێندكارە بەفیعلی پرسیارەكانی شیكار كردووە یان هەر وەڵامەكانی هەڵبژاردووە و دەرچووە".

پ: ن.ر

بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure