راگرتنى كاره‌كانى ئه‌مریكا هاوكاریى دارایى و یه‌كخستنه‌وه‌ى هێزى پێشمه‌رگه‌ ناگرێته‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 6 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 149‌ جار بینراوە

تاگ :: پێشمەرگە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

به‌رپرسێكى باڵاى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ رایده‌گه‌یه‌نێت: راگرتنى كاره‌كانى ئه‌مریكا و ئه‌ڵمانیا كاریگه‌رى له‌سه‌ر پڕۆژه‌ى یه‌كخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ نابێت و ده‌شڵێت: "هاوكارییه‌ داراییه‌كانیش ناگرێته‌وه‌".


(ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 15ى ئایارى 2019) هه‌ردوو حكومه‌تى ئه‌مریكا و ئه‌ڵمانیا بڕیاریاندا به‌ راگرتنى مه‌شق و راهێنانیان به‌ پێشمه‌رگه‌ و سوپاى عێراق.

جگه‌ له‌ مه‌شق و راهێنان ماوه‌ى دوو ساڵه‌ حكومه‌تى ئه‌مریكا مانگانه‌ 25 ملیۆن دۆلارى به‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌دا.

لیوا قاره‌مان شێخ كه‌مال، جێگرى سوپاسالارى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند "بڕیارى راگرتنه‌كه‌، هاوكارییه‌ داراییه‌كان ناگرێته‌وه‌".

له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى راگرتنى كاره‌كانى هه‌ردوولا، كاریگه‌رى له‌سه‌ر پڕۆژه‌ى یه‌كخستنه‌وه‌ى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ ده‌بێت؟ لیوا قاره‌مان وتى: "له‌به‌رئه‌وه‌ى بڕیاره‌كه‌ى هه‌ردوو حكومه‌ت كاتییه‌، بۆیه‌ كاریگه‌رى له‌سه‌ر یه‌كخستنه‌وه‌ى هێزى پێشمه‌رگه‌ نابێت".

پڕۆژه‌ى یه‌كخستنه‌وه‌ى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ ماوه‌ى نزیكه‌ى دوو ساڵه‌ له‌لایه‌ن راوێژكارانى باڵاى ئه‌مریكا و بریتانیا و ئه‌ڵمانیا به‌هاوكارى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ له‌ چوارچێوه‌ى پڕۆژه‌یه‌كدا بۆ چاكسازى له‌و وه‌زاره‌ته‌دا راگه‌یه‌نراوه‌ و تائێستا پێنج خاڵى جێبه‌جێكراون و 13 خاڵى دیكه‌ش له‌ به‌رنامه‌دان. 

پڕۆژه‌ چاكسازییه‌كه‌ (پێشمه‌رگه‌ له‌ ئاینده‌دا) خۆى له‌ 35 خاڵ ده‌بینێته‌وه‌ و راوێژكارانى هه‌رسێ وڵات چه‌ند جارێك داوایانكردووه‌ په‌له‌ى تیابكرێت.

پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure