له‌سه‌دا 40ى زەوییە مینڕێژکراوەکانی بەرواری باڵا پاكکراونەتەوە

هەواڵ / کوردستان :: 15/05/2019‌ :: 137‌ جار بینراوە
هێشتا 60%ى ماوه‌

تاگ :: كوردستانى

دواڕۆژ، رەڤەند گوھەرزی

لە گوندێكى سنوری قەزای ئامێدی زەویەکی مینرێژکراوی سەرده‌مى رژێمی بەعس لە مین و تەقەمەنی پاککرایەوە و به‌ڕێوه‌به‌رێكى ئیدارى ناوچه‌كه‌ش ده‌ڵێت: 40%ى زەویە مینڕێژکراوەکانی ئەو دەڤەرە لە مین پاکراونەتەوە.


سەربەست ئاکرەیی، بەڕێوەبەری ناحیەی کانی ماسێ (ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 15ى ئایارى 2019) بە دواڕۆژی راگەیاند: شەش ھەزار و 458 مەتر چوارگۆشەی زەوی و رەزی ھاوڵاتیان لەلایەن رێکخراوی (MAG)ه‌وه‌ بە ھاوکاری دەزگای مین لە پارێزگای دھۆک لە مین و تەقەمەنی پاککراونەتەوە.

وتیشی: "ئەو شوێنە لە گوندی باتیفا سەیدا بووە كه‌ ده‌كه‌وێته‌ دەڤەری بەرواری باڵا سەر بە ناحیەی کانی ماسێ و ئەمڕۆ رادەستی خاوەنەکانیان کرا کە بۆ ماوەی چەند ساڵ بوو نەیانده‌توانی بۆ چاندن بەکاریبهێنن".

سەربەست ئاماژەی بەوەشکرد: ئەو مین و تەقەمەنیانەى لە سەردەمی شەڕی عێراق - ئێران لە دەڤەری بەرواری باڵا دانرابوون تائێستا 40%ى پاککراونەتەوە و 60%ى ماون.

دەڤەری بەرواری باڵا سەر بە ناحیەی کانی ماسێ-یه‌ لە باکوری قەزای ئامێدی، ناوچەیەکی سنورییە لەگەڵ باکوری کوردستان و 75 گوند لە پێکھاتەی مەسیحی و موسڵمان لەخۆدەگرێت و ژمارەی دانیشتوانه‌كه‌ی نزیکەی پێنج ھەزار کەسە.

پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف

بڵاوکردنەوە: ئارام غەفور

 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure