باڵیۆزى ئێران له‌ به‌غدا چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ هاوتا سعودییه‌كه‌ى ره‌تده‌كاته‌وه‌

هەواڵ / جیهان :: 15/05/2019‌ :: 102‌ جار بینراوە
هه‌ردوو باڵیۆزى ئێران و سعودییه‌ له‌ به‌غدا

دواڕۆژ

به‌رپرسێكى باڵاى عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت: وه‌فدێكى باڵیۆزخانه‌ى سعودیه‌ داواى بینینى باڵیۆزى ئێران له‌ عێراق كردووه‌ به‌مه‌به‌ستى راده‌ستكردنى په‌یامێكى تایبه‌تى په‌یوه‌ندیدار به‌ ئه‌مریكا، به‌ڵام دیداره‌كه‌ ئه‌نجام نه‌دراوه‌.


میدیاكان له‌سه‌ر زارى به‌رپرسه‌كه‌وه‌ رایانگه‌یاند: له‌میانه‌ى وتوێژ له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنى شوێنى دیداره‌كه‌، باڵیۆزخانه‌ى ئێران سوربووه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كۆبونه‌وه‌كه‌ له‌نێو باڵیۆزخانه‌كه‌یان به‌ڕێوه‌بچێت كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ناوچه‌ى ساڵحییه‌ له‌ ناوه‌ڕاستى به‌غدا.

له‌و چوارچێوه‌یه‌دا شایه‌تحاڵان رایانگه‌یاند: رێوشوێنى ئه‌منى توندوتۆڵ له‌ باڵیۆزخانه‌كه‌ و ناوچه‌كانى ده‌وروبه‌رى و ئه‌و شه‌قامانه‌ى ده‌چنه‌وه‌ سه‌ر ناوچه‌ى سه‌وز گیراوه‌ته‌به‌ر.

به‌رپرسه‌كه‌ ئه‌وه‌شى وت: له‌كاتى گه‌یشتنى وه‌فده‌كه‌ى سعودیه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تى عه‌بدولعه‌زیز شمه‌رى، باڵیۆزى سعودییه‌ له‌ عێراق به‌ خاڵى پشكنینى باڵیۆزخانه‌ى ئێران، به‌ وه‌فده‌كه‌ راگه‌یه‌نراوه‌ كه‌ ئیرەج مه‌سجدى، باڵیۆزى ئێران له‌ به‌غدا نیه‌ و ده‌كرێت نامه‌كه‌ بگه‌یه‌ندرێته‌ یه‌كێك له‌ كارمه‌ندانى ئیداره‌، به‌هۆیه‌وه‌ وه‌فده‌كه‌ى سعودییه‌ ره‌تیانكردوه‌ته‌وه‌ و په‌یامه‌كه‌یان نه‌گه‌یاندووه‌.

ماوه‌ى دوو هه‌فته‌یه‌ بارگرژییه‌كانى نێوان كۆمارى ئیسلامى ئێران و ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا پێى ناوه‌ته‌ قۆناغێكى دژواره‌وه‌ و هه‌ردوولا هه‌ڕه‌شه‌ى ئه‌نجامدانى هێرش بۆ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى یه‌كتر ده‌كه‌ن.

وه‌: شیروان شه‌ریف

بڵاوكردنه‌وه‌:هـ.ق



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure