له‌به‌ر ناكۆكی سیاسی په‌رله‌مان پڕۆژه‌یاسا تاووتوێ ناكات

هەواڵ / عێراق :: 16/05/2019‌ :: 174‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، به‌غدا


به‌پێی خشته‌ی دانیشتنه‌كانی هه‌فته‌ی داهاتووی په‌رله‌مانی عێراق، كه‌ وێنه‌یه‌كی بۆ دواڕۆژ هاتووه‌، له‌ دانیشتنی شه‌ممه‌ى داهاتوو 18ی ئایاری 2019، هیچ پڕۆژه‌یاسایه‌كی نوێ یان هه‌مواری یاسای تێدانییه‌، ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی یاساییش ده‌ڵێت: "ناكۆكی سیاسی هۆكاره‌كه‌یه‌".


خشته‌ی دانیشتنی كۆبوونه‌وه‌ى داهاتووى په‌رله‌مانی عێراق له‌ شه‌ش بڕگه‌ پێكدێت، چوار له‌و بڕگانه‌ خستنه‌ڕووی بابه‌تی گشتییه‌ بۆ گفتوگۆ له‌سه‌ر چوار پرسی جیاواز، دوو بڕگه‌ی تریشی خوێندنه‌وه‌ی راپۆرتی په‌رله‌مانه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ی خوێندنه‌وه‌ بۆ هیچ پرۆژەیاسایه‌ك بكرێت.

سه‌لیم شوشكه‌یی ئه‌ندامی لیژنه‌ی یاسایی په‌رله‌مان به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: ناكۆكییه‌ سیاسییه‌كان وایكردووه‌، هیچ پڕۆژه‌یاسایه‌ك نه‌خرێته‌ خشته‌ی دانیشتنه‌كه‌ی په‌رله‌مانەوە.

ئاشكراشیكرد: له‌ ئێستادا كۆمه‌ڵێك جیاوازی سیاسیی توند هه‌ن له‌ به‌غدا، هه‌وڵێك هه‌یه‌ بۆ لابردنی محه‌مه‌د حه‌لبوسی سه‌رۆكى په‌رله‌مان و بابه‌تی لابردنی پارێزگاری موسڵ و چه‌ند كێشه‌یه‌كی تر، به‌تایبه‌ت تا سه‌رۆكی لیژنه‌كان هه‌موو دانه‌نرێن و كابینه‌ی حكومه‌تیش ته‌واو نه‌بێت، په‌رله‌مانیش ناتوانێت وه‌كو پێویست رۆڵی خۆی ببینێت.

ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد: هۆكاری ناكۆكی و جیاوازی سیاسییه‌ تائێستا ژماره‌یه‌ك سه‌رۆكی لیژنه‌كان و ته‌واوكردنی كابینه‌ی حكومه‌ت یه‌كلایی نه‌كراونه‌ته‌وه‌.

 پێداچوونه‌وه‌: هـ.ق

بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure