چیرۆكی كانت-ی فەیلەسوف و دراوسێكەی

هەواڵ / که‌لتور :: 6 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 189‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
 
چەند حاڵەتێكی جێی سەرنج لە ژیانی (ئیمانوێل كانت 172-1804) فەیلەسوفی جیهانیدا هەبوون كە رەنگە بەلای بەشێكمانەوە نەزانراوبن، بۆیە لێرەدا هەندێكیان دەخەینەڕوو:


ـ ئەم بیرمەندە گەورەیە هەرگیز شارەكەی خۆی (كۆنیگسبێرگ)ی جێنەهێشتووە و تەنانەت زیاتر لە 100 میل لێی دوورنەكەوتووەتەوە، كەچی ناو  و ناوبانگی هەموو جیهانی تەی كردووە.

ـ لە زانكۆ وانەی وتووەتەوە، بەڵام (وەزیفە)یەكیان داوەتێ‌ كە هێندە نزم بووە هیچ مووچەی نەبووە بێجگە لەو بڕە پارەیەی كە وەك (رسومات) لە خوێنكاران وەرگیراوە. ئەویش هەفتانە نزیكەی 28 كاتژمێر وانەی پێدەگوتنەوە. مادەكانیشی لە بوارەكانی فەلسەفە و بنەما پەروەردەییەكان و ماتماتیك و فیزیا و زانستە كۆمەڵایەتییەكان و تەنانەت دەربارەی جوگرافیا و كانزاكانیش بووە.

ـ مامۆستایەكی خۆشەویستی لای خوێندكارەكانی بووە. چێژی زۆریان لە وانەكانی وەرگرتووە و زۆری لێوە فێربوون. زۆرجار نوكتە و قسەی خۆشی بۆ كردوون.

ـ كە لە وانەوتنەوەیش دەبووەوە چێژی زۆری لە خوێندنەوەی رۆژنامە و قاوەخواردنەوە دەبینی و پشووی پێوە دەدان. ئێوارانیشی بە یاریی (كاغەز) و (بلیارد)ەوە بەسەر دەبرد. 

ـ زۆربەی شەوەكان دوانیوەشەوێكی درەنگ بە سەرخۆشیی دەگەڕایەوە ماڵەوە. 

ـ هەژاری و نەداریی وای لێكردبوو لە شوقەیەكدا بژی كە بێجگە لە راخەرێك و جێخەوێك و مێزێك و كورسییەك هیچی تری تێدانەبوو.
ـ دیوارەكانی ژوورەكەی وەك دەوترێت (رەق و تەق) بوون، تەنیا یەك وێنەی فەیلەسوفی فرەنسایی (جان جاك رۆسۆ)ی پێوە هەڵواسرابوو.

ـ بۆ بژێویی خۆی بەناچاریی وەك (كارمەندی یاریدەدەر) لە كتێبخانەی گشتیی سەر بە كۆشكی پاشایەتی كاری كردووە.

ـ لە زانكۆ بەناوبانگەكانەوە بانگ دەكرا بۆ وانەوتنەوە بە پارەیەكی یەكجار زۆر، كەچی ئەو هەموویانی رەتدەكردەوە و بڕوای بەوەبووە كە نابێت شاری زێدی خۆی جێبهێڵێت.

ـ لە ژیانیدا شاخێك یان دەریایەكی نەبینیووە، ئەگەرچی دەریای بەڵتیك تەنیا سەعاتەڕێیەك لە شارەكەیەوە دوور بووە.

ـ حەزی لە هیچ گۆڕانكارییەكی تەنانەت زۆر سادە و ئاسایی و ساكاریش نەبووە. كەلوپەلە سادەكانی ناو ژوورەكەی خۆیشی نەك هەر نەگۆڕیووە بەڵكو جێگۆڕكێیشی پێنەكردوون.

ـ كاتی زێڕینی كاركردنی شەستەكان و حەفتاكانی سەدەی هەژدە بوو كە چەندین وتار و كتێبی دەربارەی بابەتگەلی جیاواز نووسیوە لە بوارەكانی: زانست، فەلسەفە، ئەخلاق، جوانی، گەردوون، لۆژیك، میتافیزیك و...هتد.

ـ چیرۆكێكی سەرنجڕاكێش هەیە، دەوترێت كانت وا راهاتبوو لەبەردەم پەنجەرەی سووچێكی ژوورەكەیدا دادەنیشت و دەینووسی، كە سەری دادەخست چاوی لەسەر لاپەڕەكان و كە سەریشی هەڵدەبڕی چاوی دەچووە سەر گومەزی كەنیسەیەكی گەورە كە لە پەنجەرەی ژوورەكەیەوە دیاربوو. جا وەك دەگێڕنەوە،  دوای ساڵانێك دار و درەختی باخچەی ماڵی دراوسێكەی ئەوەندە بەرز بووبوونەوە كە بەرچاوی ئەمیان گرتووە و لە پەنجەرەكەوە گومەزەكەی نەبینییوە. ئەمەیش بێتاقەت و بێزاری كردووە و تەنانەت وای لێكردووە حەوسەڵەی نووسینی نەماوە! بەڵام دراوسێكەی، كە زۆری خۆسویستووە، كاتێك بەم كێشەیەی زانیووە دارەكانی هەڵپاچیوە و بەرچاوی كانت-ی بەرەو گومەزی كەنیسەكە بەرداوە.

ئامادەكردن: لوقمان محەمەد رەشید
پ: ك. س
بڵاوكردنه‌وه‌:هـ.ق



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure