نهێنی سه‌ردانه‌كه‌ی پۆمپیۆ بۆ عێراق ئاشكراده‌كرێت

هەواڵ / جیهان :: 15/05/2019‌ :: 326‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئازوو محه‌مه‌د

پێگه‌ی فه‌رمی میدڵ ئیست ئای، له‌ زاری سه‌رچاوه‌یه‌كه‌وه‌ ئاشكرایده‌كات: ئامانجی سه‌ره‌كی گه‌شته‌ چاوه‌رواننه‌كراوه‌كه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا بۆ عێراق، گواستنه‌وه‌ی په‌یامێك بووه‌ له‌ رێی به‌غداوه‌ بۆ تارانه‌وه‌.


ئه‌و پێگه‌یه‌ له‌ راپۆرتێكدا بڵاویكردووه‌ته‌وه‌: گه‌شته‌كه‌ی مایك پۆمپیۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا بۆ عێراق چاوه‌رواننه‌كراوه‌ بوو، به‌ڵام عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق پێیوابووه‌ پۆمپیۆ بۆ هه‌ڕه‌شه‌كردن له‌ عێراق هاتووه‌، به‌وه‌ی یارمه‌تیده‌ری ئێرانه‌.

به‌ پێچه‌وانه‌ی بۆچوونی عه‌بدولمه‌هدی، پۆمپیۆ به‌وپه‌ڕی نه‌رم و نیانییه‌وه‌ داوای لێكردووه‌، په‌یامی ئه‌وان بگه‌یه‌نێته‌ ئێران و پێیان بڵێت: "ویلایه‌ته‌یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك به‌ نیازی شه‌ڕ له‌گه‌ڵ ئێران نییه‌و ته‌نیا شتێك كه‌ دۆناڵد ترامپ ده‌یه‌وێت، رێككه‌وتنێكی نوێیه‌ له‌گه‌ڵ ئێران له‌سه‌ر چه‌كی ئه‌تۆمی".

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ كه‌ ناوی ئاشكرانه‌كراوه‌: به‌ میدڵ ئیست ئای راگه‌یاندووه‌: پۆمپیۆ وتوشیه‌تی، ئه‌مریكا مشتاقی گه‌شتن به‌ رێككه‌وتنێكی نوێیه‌ و سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق وڵامی داوه‌ته‌وه‌، ئێرانییه‌كان كه‌سانێكی  نه‌فس به‌رز و خۆبه‌زلزانن و كه‌یسی رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی دووباره‌ ناكه‌نه‌وه‌.

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ كۆتاییدا به‌ عه‌بدولمه‌هدی وتووه‌: "تۆ په‌یامه‌كه‌ی ئێمه‌ بگه‌یه‌نه‌ به‌ ئێران، له‌وانه‌یه‌ ئێرانییه‌كان بیانه‌وێت ماده‌یه‌كی دیكه‌ به‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ زیاد بكه‌ن".

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure