بۆچى دنیا له‌ موشه‌كه‌كانى ئێران ده‌ترسێت؟

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 15/05/2019‌ :: 8986‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
سه‌رچاوه‌ : ئه‌لمه‌یدان 
وه‌رگێڕانى : دواڕۆژ

ته‌پڵى شه‌ڕ له‌ هه‌ردوو كه‌ناره‌كه‌ى كه‌نداو لێده‌درێت، كه‌شتیگه‌له‌كانى هێزى ده‌ریایی ئه‌مریكا و هێزى ده‌ریایی ئێران به‌ ئاوه‌كانى کەنداودا دێن و ده‌چن و خۆیان نمایش ده‌كه‌ن.

كه‌شتییه‌ فڕۆكه‌هه‌ڵگره‌كان به‌ره‌و جه‌نگێكى چاوه‌ڕواننه‌كراو ئاڕاسته‌ ده‌كرێن، له‌گه‌ڵیدا به‌رده‌وام پڕۆژه‌ى موشه‌كه‌ بالیستییه‌كانى ئێران له‌ناو جه‌رگه‌ى گرژییه‌ ڕوو له‌ زیادبونه‌كاندان، به‌ڵام ئایا بۆچى دنیا له‌ موشه‌كه‌كانى ئێران ده‌ترسێت له‌ كاتێكدا كه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان ئه‌وه‌نده‌ چه‌ك و جبه‌خانه‌ى هه‌یه‌ بتوانێت به‌تاڵیان بكات؟ له‌م ڕاپۆرته‌دا هه‌وڵده‌ده‌ین وه‌ڵامى ئه‌م پرسیاره‌ بده‌ینه‌وه‌ له‌ گه‌رمه‌ى خۆئاماده‌كردنى به‌رده‌وامدا بۆ جه‌نگێك كه‌ ئه‌گه‌ر رووبدات له‌ به‌رده‌مى ئێمه‌دا رووده‌دات.

حه‌وت ساڵ له‌مه‌وپێش و له‌ڕۆژێكى وه‌ك ئه‌مڕۆدا ئێرانییه‌كان له‌ شه‌رقى تاراندا كه‌وتنبوونه‌ ترس و دڵه‌ڕاوكێیه‌كى نائاساییه‌وه‌، ئه‌ویش له‌ ئه‌نجامى له‌رینه‌وه‌ى ماڵه‌كانیان و هه‌ڵچونى كڵپه‌یه‌كى گه‌وره‌ى ئاگر كه‌ كتوپڕ له‌ ئاكامى ته‌قینه‌وه‌یه‌كدا هه‌مووانى غافڵگیر كرد و سه‌ره‌تا وایانزانى كه‌ ئه‌مریكا و ئیسرائیل بۆمبێكى پێشكه‌وتوویان به‌رداوه‌ته‌وه‌ به‌سه‌ر پایته‌ختى ئێراندا، به‌ڵام دواتر ده‌ركه‌وت ئه‌مه‌ ته‌قینه‌وه‌ى بنكه‌یه‌كى سه‌ربازییه‌ كه‌ کۆگاى موشه‌كه‌ و ته‌نیا 30 كم له‌ پایته‌خته‌وه‌ دووره‌. 

تا ئێستاش نه‌ ئێرانییه‌كان و نه‌ خه‌ڵكى دیكه‌ زۆر زانیاریان نیه‌ له‌سه‌ر ئه‌و رووداوه‌ كه‌ هه‌ڵگرى ناوێكه‌ پڕوپاگه‌نده‌یه‌كى زۆرى بۆ كراوه‌، ئه‌ویش بنكه‌ى غه‌دیر-ه‌ ئه‌و غه‌دیره‌ى كه‌ چه‌ندین جۆر چه‌كى پێشكه‌وتووى ئێرانى به‌ ناوه‌وه‌ ناونراوه‌، به‌ڵام له‌ ده‌ره‌وه‌ى ئێران كه‌ مانگه‌ ده‌ستكرده‌كان زۆربه‌ى زۆرى شته‌كانى سه‌ر ئه‌رز ئاشكرا ده‌كه‌ن ئه‌و بنكه‌یه‌ بنكه‌یه‌كى ناسراو بووه‌ و هه‌میشه‌ شوێنى چالاكى چڕ و پڕ گومانلێكراو بووه‌ به‌ تایبه‌ت كه‌ ناوه‌كه‌ى په‌یوه‌سته‌ به‌ ناوى عه‌مید حه‌سه‌ن تارانى موقه‌ده‌م كه‌ ئه‌مڕۆ پێى ده‌وترێت باوكى به‌رنامه‌ موشه‌كییه‌كانى ئێران.

تارانى یه‌كێكه‌ له‌و كه‌سایه‌تییه‌ كه‌مانه‌ى كه‌ ناوبانگیان له‌ خۆرئاوادا زیاتره‌ له‌ خودى ئێران، چونكه‌ هه‌ڵكه‌وتووترین ئه‌فسه‌ر بووه‌ له‌ هێزى ئاسمانى ئێرانى سه‌ر به‌ سوپاى پاسداران و ئه‌ندازیارى پڕۆژه‌ى موشه‌كه‌ بالیستییه‌كانى ئێران بووه‌ و لێپرسراوى یه‌كه‌مى دیزاینى ئه‌و موشه‌كانه‌ بووه‌ و به‌رپرسى په‌یوه‌ندییه‌كان و كڕینى به‌رنامه‌ى موشه‌كى و دامه‌زرێنه‌رى سه‌نته‌رى موشه‌كه‌كانى سوپاى پاسداران بووه‌ و دواتریش بووه‌ته‌ سه‌رپه‌رشتیارى دامه‌زراندنى به‌رنامه‌ موشه‌كییه‌كه‌ى حیزبوڵاى لوبنانى.

سه‌ربارى ئه‌مانه‌ش لێپرسراوى توێژینه‌وه‌ پیشه‌سازییه‌كان بووه‌ و به‌ كورتییه‌كه‌ى تۆمارێكى سه‌ربازى هێنده‌ چڕ و پڕى هه‌یه‌ كه‌ بووه‌ته‌ یه‌كێك له‌ ئامانجه‌ هه‌ره‌ گه‌وره‌كانى ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كان.

ئێران هه‌رگیز زانیارى ته‌واوى له‌سه‌ر ئه‌و ته‌قینه‌وه‌یه‌ پێشكه‌ش نه‌كرد كه‌ دڵى ئێرانییه‌كانى هه‌ژاندووه‌ و 17 كه‌سى له‌ باشترین ژه‌نه‌ڕاڵه‌كانى پاسدارانى تێدا كوژرا له‌سه‌روو هه‌موویانه‌وه‌ خودى تارانى ته‌نیا رێوڕه‌سمێكى شكۆدارییانه‌ى بۆ ته‌رمه‌كه‌ى كرد كه‌ خودى رابه‌ر به‌شدارى تێدا كرد، به‌ڵام سه‌ركرده‌كانى تاران ده‌یانزانى ئه‌و زیانه‌ى لێیان كه‌وتووه‌ ته‌نیا هه‌ر بریتى نییه‌ له‌ كوشتنى چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كى هه‌ڵكه‌وتووى سه‌ربازى، به‌ڵكو به‌رنامه‌ سه‌ربازییه‌ هه‌ره‌ پێشكه‌وتووه‌كه‌یان زه‌برێكى كه‌مه‌رشكێنى واى به‌ركه‌وتووه‌ كه‌ ناتوانێت زوو چاك ببێته‌وه‌.

ساڵانى دواى ئه‌و ڕووداوه‌ ناوهێنانى تارانى و موشه‌كه‌كانى خاوبووه‌وه‌ و زیاتر بایه‌خدرا به‌ به‌رنامه‌ ئه‌تۆمییه‌ تازه‌ دەرکەوتووەکەی ئێران كه‌ سه‌رنجى هه‌موو جیهانى ڕاده‌كێشا به‌ڵام ساڵى 2017 سه‌ر له‌نوێ ناوى تارانى تیشكى كه‌وته‌وه‌ سه‌ر كاتێك كه‌ وێنه‌یه‌كى ناوبراو له‌سه‌ر ئینته‌رنێت بڵاوبووه‌وه‌ له‌گه‌ڵ سنوقێكى سه‌رنجڕاكێشدا كه‌ دووایى ده‌ركه‌وت تارانى پێش ئه‌وه‌ى بمرێت له‌ ماوه‌یه‌كى كه‌م سه‌رپه‌رشتى دام و ده‌زگایه‌كى نهێنى ترى كردووه‌ له‌ بیابانه‌ دووره‌كانى ئێراندا له‌ ناوچه‌ى شه‌هرووت، گومان ده‌كرێت ئێران له‌م دامه‌زراوه‌یه‌دا مووشه‌كى دوورهاوێژ و ته‌نانه‌ت به‌رنامه‌ى پێشكه‌وتووى فه‌زائى هه‌بێت كه‌ به‌ پێشكه‌وتنێكى وه‌رچه‌رخێنه‌ر له‌ جبه‌خانه‌ى مووشه‌كه‌ ئێرانییه‌كاندا دادەنرێت، ئه‌و مووشه‌كانه له‌ناوه‌ڕاستى هه‌شتاكاندا به‌ شێوه‌یه‌كى سه‌ره‌تایى دروستكران و دواتر ساڵ به‌ ساڵ و پله‌ به‌ پله‌ گه‌شه‌یان كرد بۆ ئه‌و ئه‌ندازه‌یه‌ى كه‌ ترسى خستووه‌ته‌ دڵى دراوسێكانى ئێران و بگره‌ دڵى واشنتۆنیشه‌وه‌.

ئامانجه‌كانى ئێران له‌ دابینكردنى هێزى مووشه‌كیدا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌مى ده‌سه‌ڵاتى شا پێش شۆڕشى ئیسلامى. له‌و سه‌رده‌مه‌دا و به‌تایبه‌ت له‌سه‌ره‌تاى حه‌فتاكانى سه‌ده‌ى رابردوودا سوپاى ئێرانى یه‌كێك بوو له‌ بچوكترین سوپاكانى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و بگره‌ هه‌موو جیهانیش، یه‌كێك له‌و بواره‌ گرنگانه‌ش به‌رنامه‌یه‌كى تازه‌ پێگه‌یشتووى مووشه‌كى كورت مه‌ودا بوو.

به‌ڵام دواى شۆڕشى ئیسلامى و پاش هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى سوپا له‌ چوارچێوه‌ى پرۆسه‌كانى پاكسازى ئایدۆلۆجیدا و دواى ئه‌وه‌ى پرۆژه‌ و به‌رنامه‌ سه‌ربازییه‌كان كه‌مكرانه‌وه‌ و فه‌رامۆشكران و ژماره‌یه‌كى زۆرى پسپۆڕه‌ سه‌ربازییه‌كانى هێزى ئاسمانى له‌ ئێران هه‌ڵاتن ئیتر سوپاى ئێران به‌ ته‌واوى په‌رپوت و لاواز بوو، ساڵێك پاش شۆڕشه‌كه‌ ئێران گرفتارى شه‌ڕێكى هه‌شت ساڵه‌ بوو له‌گه‌ڵ عێراقدا و له‌و شه‌ڕه‌دا لاوازى هێزى ئاسمانى ئێران ده‌ركه‌وت له‌كاتێكدا كه‌ مووشه‌كه‌ عێراقییه‌كان به‌ چڕى شاره‌كانى ئێرانیان مووشه‌ك باران ده‌كرد و تاران نه‌یده‌توانى وه‌ڵامێكى ئه‌و مووشه‌كه‌ عێراقییانه‌ بداته‌وه‌. 

له‌مه‌وه‌ ئێران بۆى ده‌ركه‌وت كه‌ پێویسته‌ هاوسه‌نگییه‌ك دروست بكات بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى به‌غدا و سه‌ره‌تا هه‌وڵه‌كان له‌وه‌دا چڕ بوونه‌وه‌ كه‌ هه‌ندێك مووشه‌كى (سكۆد) كورت مه‌ودا هاورده‌ بكه‌ن و له‌ ئه‌نجامى یه‌كه‌مین گوژمیدا جۆره‌ مووشه‌كێكى سكۆدى له‌ لیبیاوه‌ پێگه‌یشت و توانى له‌ چوارچێوه‌ى جه‌نگى شاره‌كاندا چه‌ند مووشه‌كێك ئاڕاسته‌ى شاره‌كانى عێراق بكات ئه‌گه‌رچى ئه‌و مووشه‌كانه‌ له‌ ڕووى ئاڕاسته‌ كردنه‌وه‌ زۆر سه‌ره‌تایى و لاواز بوون.

پاشان ئێران رووى كرده‌ سه‌رچاوه‌یه‌كى دیکەى مووشه‌ك كه‌ بریتى بوو له‌ كۆریاى باكوور به‌ڵام له‌چوارچێوه‌ى گرێبه‌ستێكى گه‌وره‌تر و هه‌مه‌لایه‌نه‌ تردا. ئه‌وه‌بوو له‌ ساڵى 1987دا ئێران نزیكه‌ى 100 مووشه‌كى كۆرى پێگه‌یشت كه‌ له‌میانەى جه‌نگى دژى عێراقدا به‌كاریهێنا، كۆتایىهاتنى شه‌ڕى عێراق و ئێران كۆتایى به‌ ئاواته‌كانى ئێران نه‌هێنا له‌وه‌دا كه‌ ببێته‌ خاوه‌نى هێزى مووشه‌كى پێشكه‌وتوو، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ تینووترى كرد و هه‌ر له‌ هه‌شتاكاندا ئێران كه‌وته‌ دانوستان له‌گه‌ڵ كۆریاى باكوردا بۆ كڕینى تازه‌ترین جۆرى مووشه‌كى ئه‌و وڵاته‌ كه‌ پێى ده‌وترێت مووشه‌كى (سكۆدى سى) دواتر ئێران كه‌وته‌ خه‌یاڵى ئه‌وه‌ى كه‌ خۆى ببێته‌ خاوه‌نى ته‌كنه‌لۆجیاى پێویست بۆ به‌رهه‌مهێنانى موشه‌ك.

پێویستییه‌كانى جه‌نگى ئێران و عێراق و هه‌روه‌ها دووژمنایه‌تى ئاشكراى تاران له‌گه‌ڵ ئیسرائیلدا بووه‌ته‌ هۆى گه‌شه‌كردنێكى خێرا له‌ بوارى دروستكردنى موشه‌كى ئێرانیدا.

نۆبه‌رەى ئه‌م پرۆژه‌یه‌ش جۆره‌ مووشه‌كێك بوو كه‌ تارانى موقه‌ده‌م دایڕشت و به‌ مووشه‌كى نازیعات ناسراوه‌، دواتریش كه‌ جه‌نگ ته‌واو بوو ده‌رفه‌ت ره‌خسابوو بۆ تارانى موقه‌ده‌م زیاتر بره‌و بدات به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ و تاقیكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر مووشه‌كى پێشكه‌وتووتر و هه‌وڵدان بۆ واژۆكردنى چه‌ندین رێككه‌وتننامه‌ و گرێبه‌ست بۆ گواستنه‌وه‌ى ته‌كنه‌لۆجیا.

هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ساڵى 1993 ده‌رفه‌تى بۆ ڕه‌خسا چونكه‌ كۆریاى باكوور بڕیاریدا ته‌كنیكى به‌رهه‌مهێنانى مووشه‌كى سكۆد بدات به‌ ئێران و چه‌ندین پسپۆڕیش ڕه‌وانه‌ى ئێران كران به‌ مه‌به‌ستى فێركردنى ئێرانییه‌كان له‌و بواره‌دا.

له‌ ئه‌نجامى ئه‌مه‌دا ئێران توانى نزیكه‌ى سێ هه‌زار موشه‌كى شیهاب به‌رهه‌مبهێنێت كه‌ وێنه‌یه‌كى ته‌واوى مووشه‌كى سكۆده‌.

دواتر ئێران مه‌وداى ئه‌م مووشه‌كه‌ى زیاتر كرد و مووشه‌كى شیهاب 2ى به‌رهه‌مهێنا كه‌ مه‌وداكه‌ى نزیكه‌ى 300 میله‌.

به‌ڵام ئه‌مه‌ش تینوێتى ئێرانى نه‌شكاند، چونكه‌ مووشه‌كه‌كه‌ زۆر ورد نییه‌ له‌ پێكانى ئامانجه‌كانیدا و زیاتر به‌ كه‌ڵكى ئه‌وه‌ دێت كه‌ ئامانجى هه‌ڕه‌مه‌كى بپێكێت وه‌ك ئه‌وه‌ى كه‌ له‌ جه‌نگى شاره‌كاندا پێویسته‌، به‌ڵام بۆ ئامانجه‌ ورده‌كانى وه‌ك فڕۆكه‌خانه‌ و دامه‌زراوه‌ى گرنگ زۆر كاریگه‌ر نییه‌.

به‌رنامه‌ موشه‌كییه‌كه‌ى ئێران به‌رده‌وامبوو له‌ گه‌شه‌كردندا و پسپۆڕانى ئێرانى توانیان پێشكه‌وتنى گرنگ له‌ بوارى هێزى مووشه‌كیدا به‌ده‌ست بهێنن هه‌م له‌ رووى مه‌ودا و جۆرى سوته‌مه‌نییه‌وه‌ هه‌م له‌وه‌ى بتوانێ به‌ وردى ئامانجه‌ دیاریكراوه‌كه‌ بپێكێت.

ساڵى 2002 به‌ شێوه‌یه‌كى چاوه‌ڕواننه‌كراو ئێران جۆره‌ موشه‌كێكى ترى تاقیكرده‌وه‌ كه‌ به‌ سووته‌مه‌نى ره‌ق كار ده‌كات و مه‌وداكه‌ى لایه‌نى كه‌م 200 كیلۆمه‌تره‌. دواتریش جۆرى مووشه‌كى ترى تاقیكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مریكییه‌كان پێیانوایه‌ ده‌اتوانێ كه‌شتییه‌ جه‌نگى و بازرگانییه‌كان له‌ گەرووی هورمز و كه‌نداودا بكاته‌ ئامانج.

گه‌شه‌كردنه‌كه‌ به‌رده‌وام بووه‌ و له‌ ساڵى 2015دا ئێران مووشه‌كى جۆرى كروزى به‌رهه‌مهێنا كه‌ مه‌وداكه‌ى ده‌گاته‌ 2500 كلیۆمه‌تر، به‌مه‌ش ئیتر ئێران ده‌توانێت نه‌ك خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست به‌ڵكو خۆرهه‌ڵات و باشوورى ئه‌وروپاش بكاته‌ ئامانجى مووشه‌كه‌كانى.

بارودۆخى جوگرافى و دیمۆگرافى و سیاسى ئێران وایانكردوه‌ كه‌ نه‌توانێت به‌ ئاسانى ته‌كنه‌لۆجیا سه‌ربازییه‌ پێشكه‌وتووه‌كانى ئه‌وروپاى ده‌ستبكه‌وێت و بودجه‌یه‌كى شایسته‌ بۆ بوارى سه‌ربازیى ته‌رخان بكات. بۆ نمونه‌ بودجه‌ى سه‌ریازیى سعودیه‌ نۆ هێنده‌ى ئه‌وه‌ى ئێرانه‌ بگره‌ بودجه‌ى وڵاتێكى بچكۆله‌ى وه‌كو ئیمارات ئه‌وه‌نده‌ و نیوێكى بودجه‌ سه‌ربازییه‌كه‌ى ئێرانه‌.

ئه‌م هۆكارانه‌ وایانكرد ئێران ناچار بێت به‌ شێوه‌یه‌كى بنه‌ڕه‌تى پشت ببه‌ستێت به‌ دروستكردنى هاوسه‌نگى و توانای وه‌ڵامدانه‌وه‌ى سه‌ربازیى. ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر سێ كۆڵه‌كه‌ وه‌ستاوه‌، یه‌كه‌میانى تواناى ئێران له‌ نائارامركردنى هاتوچۆ له‌ گەرووى هورمزدا، دووه‌مینیان له‌ چه‌ندین ناوچه‌ى ده‌ره‌وه‌ى سنوورى ئێراندا گروپی وه‌ك حیزبوڵا یاخود شانه‌ى تایبه‌ت له‌ ئه‌وروپا و ئه‌مریكاى لاتیندا دروستکردوە، كۆڵه‌كه‌ى سێیه‌میش بریتییه‌ له‌ تواناى ئاراسته‌كردنى زه‌برى كاریگه‌ر له‌ دووره‌وه‌، ئه‌ویش له‌ رێى مووشه‌كه‌كانه‌وه‌.

دیاره‌ هه‌ر كام له‌م سێ كۆڵه‌كه‌یه‌ش لایه‌نى ئه‌رێنى و نه‌رێنى ئاشكراى تێدایه‌، بۆ نمونه‌ داخستنى گەرووی هورمز كارێكى سه‌قامگیرى بازاڕى دارایى و جیهانى ده‌شێوێنێت و هیچ پشتیوانێتى نێوده‌وڵه‌تى لێناكرێت بۆیه‌ ئێران هه‌میشه‌ ئه‌مه‌ى كردووه‌ به‌ دواین بژارده‌.

بژارده‌ى دووه‌میش كه‌ بریتییه‌ له‌ هه‌ڵگیرساندنى شه‌ڕ و شۆڕ له‌ ده‌ره‌وه‌ى سنورى ئێران بژارده‌یه‌كه‌ كه‌ئێستا وه‌كو ساڵانى نه‌وه‌ده‌كان كاریگه‌ر و به‌رفراوان نییه‌ بۆ تاقه‌ بژارده‌ى ستراتیژى كه‌ به‌ده‌ستهێنراوبێ بریتییه‌ له‌ به‌رنامه‌ مووشه‌كییه‌كانى.

ئه‌مه‌ش بۆ ئێران به‌سه‌، چونكه‌ له‌ رووى ستراتیجى و ئایدۆلۆجییه‌وه‌ گرنگترین شتە بۆ ئێران له‌ خۆڕاگرتن و داوه‌شاندنى دووژمن بۆ درێژترین ماوه‌، له‌م بواره‌شدا چه‌ند نمونه‌ى سه‌ركه‌وتوو هه‌یه‌ بۆ نمونه‌ شه‌ڕى ساڵى 2006ى حیزبوڵا دژى ئیسرائیل كه‌ به‌ مووشه‌كى ئێران كرا كه‌ سه‌ره‌تایى و كورت مه‌ودا بوون كه‌چى بایى 3.5 ملیار دۆلار زیانى گه‌یاند به‌ ئابوورى ئیسرائیل.

ئه‌مڕۆ حیزبوڵا ته‌نیا خۆى خاوه‌نى 130 هه‌زار مووشه‌كه‌ كه‌ چاكتر و پێشكه‌وتووترن له‌وانه‌ى ساڵى 2006، جگه‌ له‌ مووشه‌كه‌كانى فاتیح و فه‌جر و سكۆد. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ ئێران جبه‌خانه‌یه‌كى گه‌وره‌ى مووشه‌كیى له‌سوریادا هه‌یه‌، هه‌روه‌ها كارخانه‌ى گه‌ڕۆكى هه‌یه‌ بۆ پێكهێنانى مووشه‌ك.

ئه‌مه‌ خاڵێكى زۆر گرنگى ئیسرائیلە به‌هۆى پانتاییه‌ جوگرافییه‌ بچوكه‌كه‌یه‌وه‌ هه‌روه‌ها به‌هۆى ئاشكرا بوونى ژێرخانه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانى وه‌كو نه‌وت و ئاو و كاره‌با ته‌نانه‌ت کۆگاى چه‌كه‌ كیماوییه‌كانیشى وایانكردوه‌ ئیسرائیل ناچار ببێت چه‌ندین تۆڕى دژه‌ مووشه‌ك له‌ وڵاته‌كه‌یدا دابمه‌زرێنێت، به‌ڵام سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ش هێشتا مه‌ترسى ئه‌وه‌ له‌ئارادایه‌ كه‌ ببێته‌ ئامانجى مووشه‌كه‌كانى ئێران.

دیارە حاڵى سعودیه‌ زۆر له‌ ئیسرائیل خراپتره‌، چونكه‌ سیستمى به‌گرى دژه‌مووشه‌كى لاوازه‌.

مێژوو پێمانده‌ڵێت هێزه‌كانى خۆرئاوا شكستیان هێنا له‌كوبا و كۆریاى باشوردا و ئه‌مه‌ش ترسێكى گه‌وره‌ى هه‌میشه‌ییه‌ كه‌ ئێران له‌و رووه‌وه‌ ببێته‌ سێیەمین وڵات كه‌ خاوه‌نى چه‌كى ستراتیجى خۆى بێت.

به‌لاى ئێرانه‌وه‌ مووشه‌ك و میلیشیا چه‌كداره‌كانى دوو ڕووى یه‌ك دراون و هه‌ردووكیان هێزى وه‌ڵامدانه‌وه‌ن كه‌ پاره‌ى زۆریان تێناچێت.

هه‌ر دۆلارێك كه‌ ئێران خه‌رجى ده‌كات له‌ به‌رهه‌مهێنانى مووشه‌كدا، نه‌یاره‌كانى ناچار ده‌كات ملیۆنه‌ها دۆلار خه‌رج بكه‌ن له‌ سیستمى به‌رگرى مووشه‌كیدا و هه‌تا مه‌وداى موشه‌كه‌كانى فراونتر ببێت بازنه‌ى تر لاى وڵاتانى ناوچه‌كه‌ و جیهان فراوانتر و فراوانتر ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌م ستراتیجه‌ ته‌نیا تا ئه‌و كاته‌ كاریگه‌ره‌ كه‌ ئێران مووشه‌كه‌كانى به‌ چڕى ده‌گرێته‌ دووژمنه‌كانى، له‌و چركه‌ ساته‌ به‌دواوه‌ ئیتر دووژمنه‌كان واده‌گه‌نە ئه‌و باوه‌ڕه‌ى كه‌ جه‌نگێكى فره‌ مه‌سره‌ف له‌ سه‌ر دژى ئێران زۆر هه‌رزانتر ده‌كه‌وێت له‌ نه‌خشه‌یه‌كى درێژخایه‌ن بۆ کپکردنەوەی ئێران.

بڵاوکردنەوە: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure