وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێم ئۆتۆمبێلی كاره‌بایی بۆ پۆلیس دابین ده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 15/05/2019‌ :: 546‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 

وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێم دوو جۆر ئۆتۆمبێلی كاره‌بایی بۆ هێزەکانی پۆلیسی فریاكه‌وتن و هاتوچۆ دابیندەکات، به‌رپرسێكی ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ش ده‌ڵێت: "گه‌ر ئۆتۆمبێله‌كان گونجاو بن ژماره‌یان زیاتر ده‌كه‌ن". 

سامی جه‌لال، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی دیوان له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێم به‌ دواڕۆژی ڕاگه‌یاند: له‌گه‌ڵ كۆمپانیای تۆیۆتای عێراقی رێككه‌وتنێكمان كردووه‌ بۆ دابینكردنی ئۆتۆمبێلی جۆری هایبه‌رت بۆ پۆلیسی ناوشار و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان.
 
وتیشی: "سه‌ره‌تا سی ئۆتۆمبێلمان لێوه‌رگرتوون بۆ ماوه‌ی 60 ڕۆژ له‌ژێر تێست داده‌بن و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان به‌كاریدێنن گه‌ر تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی گونجاو بوون و سوته‌مه‌نی كه‌م سوتاند، ئه‌و كاته‌ ژماره‌ی ئۆتۆمبێله‌كان زیاتر ده‌كه‌ین، چونكه‌ ئه‌م جۆره‌ ئۆتۆمبێله‌ تا 60 كم له‌ كاتژمێرێكدا به‌ كاره‌بایی كارده‌كات، گه‌ر رۆیشتنه‌كه‌ زیاتر بێت ئه‌وكاته‌ سیستمه‌كه‌ ده‌بێته‌ سوته‌مه‌نی.
 
روونیشیكرده‌وه‌: ئه‌م ئۆتۆمبێلانه‌ خۆی بارگاوی (شه‌حن) ده‌كاته‌وه‌و پێویستی به‌ كاره‌با نییه‌ و به‌م جۆره‌ش ده‌توانین ژینگه‌ پاك رابگرین و هۆكارێكی باشیشه‌ بۆ كه‌می خه‌رجی سوته‌مه‌نی کە ئه‌وه‌ش باری سه‌رشانی حكومه‌ت سوكتر ده‌كات. 

ئه‌وه‌شتی خسته‌ڕوو: ئۆتۆمبێله‌كان دوو ڕه‌نگی جیاوازی خه‌تی شین بۆ پۆلیسی هاتوچۆ و خه‌تی ره‌شیش بۆ پۆلیسی فریاكه‌وتنیان پێوە دەبێت، جۆره‌كانیشیان (تۆیۆتا كامری، تۆیۆتا پێرۆس)ن، گه‌ر سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێنا و كاره‌كانی پۆلیس به‌باشی پێی به‌ڕێوه‌چوون، وه‌زاره‌تی ناوخۆ كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات ئۆتۆمبێلی زیاتر دابینبكات بۆ هه‌موو هه‌رێمی كوردستان. 

پێداچوونەوە: سۆران نورەدین

بڵاوکردنەوە: ئارام غەفور



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure