واری کتێب لە هەولێر کرایەوە

هەواڵ / که‌لتور :: 6 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 114‌ جار بینراوە

دواڕۆژ


ٌٌڕۆژى 9ى ئایارى 2019، ژماره‌یه‌ك له‌ نووسه‌رانى شارى هه‌ولێر له‌ باره‌گاى لقى هه‌ولێرى یه‌كێتى نووسه‌رانى كورد كۆبوونه‌وه‌ و دامه‌زراندنى گروپى (وارى كتێب)یان راگه‌یاند كه‌ پرۆژه‌یه‌كى تایبه‌ته‌ به‌ چاپكردنى كتێب.

له‌ لێدوانێكى تایبه‌تدا بۆ دواڕۆژ، حه‌مه‌ ئه‌حمه‌د جاف وته‌بێژى ده‌سته‌ى راوێژكارانى وارى كتێب، بڕیار و راسپارده‌ و رێنماییه‌كانى گروپه‌كه‌یانى له‌م خاڵانه‌دا روونكرده‌وه‌:
1ـ دەستەی راوێژکاریی بە پێی ئەرکی دیاریکراویان خۆبەخشانە و بێلایەنانە واری کتێب بەڕێوەدەبەن.


2- بۆ خەرجیی چاپکردنی کتێب (لە هەموو بوارەکان) پشت دەبەسترێ بەو بڕە پارەیەی بە شێوەی کۆمەک و هاوکاریی مانگانە لەلایەن ئەندامانی واری کتێب-ەوە دەبەخشرێت و بڕەکەشی لە ١٠هەزار دینار کەمتر نەبێ، لە بەرامبەردا پسووڵە (وصل) وەردەگیرێ.  


3- ئەو کتێبانەی (وار) چاپیان دەکات، لەلایەن لیژنەیەکی پسپۆڕ و شارەزاوە، لەسەر بنەمای رەچاوکردنی کوالیتی بەرزی زانستییانە، هەڵدەسەنگێندرێن و دواتر چاپدەکرێن.
 4- هەوڵدەدرێ مانگانە یان بە دوومانگ جارێک کتێبێک چاپ بکرێ و ئەرک و ماندووبوونی چاپكردنیش نەکەوێتە سەر نووسەری کتێب.  

حەمە ئەحمەد جاف ده‌ڵێت:"نووسەری کتێب بڕی٥٠ کتێبی چاپکراوی خۆی وەردەگرێت و ئەوەی دی لەلایەن کارگێڕی وار-ەوە لە کۆڕ و ئاهەنگێکدا بە ئامادەبوان دەفرۆشرێت و دواتر لە بازاڕیشدا دەفرۆشرێت و داهاتەکەی دەخرێتەوە سەر دارایی وار و کتێبی دیکەی ئەندامانی پێ چاپ دەکەین. بۆ پاراستنی هاوسەنگیی مافی نووسەرانیش، واری کتێب تەنیا ٢٠٠ لاپەڕە بۆ دانەر چاپدەکات، ئەگەر قەوارەی کتێب لەمە زیاتر بوو، دەبێ نووسەری کتێب خۆی زیادەی خەرجییەکە بدات بە چاپخانە". 

 وتەبێژی دەستەی راوێژکارانی واری کتێب وتیشى:"ئه‌ندامانى دامه‌زرێنه‌رى وار بریتین له‌ ئازا حەسیب قەرەداخی، نیازی حەمە عەزیز، حەمە ئەحمەد جاف، حەسەن ئەحمەد مستەفا، شێخ جەمال محەمەدئەمین، حەمید قەڵادزەیی، رزگار شێخ عەلی، خاتوو بەهرە حەمەڕەش و مەحمود باوزی. هەموو قەڵەم بەدەستێکی هەرێمی کوردستانیش بۆی هەیە ئەندام بێت لەوار و بەرهەمیشی بۆ چاپدەکرێت".

لە کۆتاییدا جاف ده‌ڵێت:"ئامانج لە دروستبوونی ئەم گروپە، چاپکردنی کتێبە بۆ نووسەر و قەڵەم بەدەستانی بەهەڵوێست و کەمدەرامەت، ئەمەش خۆی لەخۆیدا کاری هەرەوەزی و پشتبەخۆبەستن و متمانە بەخۆبوونە و هیچی تر. لەمڕۆوە ئەندامانی خۆبەخشی وار، دەتوانن کۆمەک و هاوکارییەکانیان لەڕێگای لیژنە و نوێنەرەکانەوە ببەخشن بە لیژنەی دارایی و کۆمەک بە مەبەستی چاپکردنی کتێب".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure