رۆژنامه‌نووسێكى به‌ ئه‌زموون ده‌رگاى یاداشته‌كانى كرده‌وه‌

هەواڵ / که‌لتور :: 15/05/2019‌ :: 137‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

له‌ چه‌ند رۆژى رابوردوودا، چاپى دووه‌مى یاداشته‌ رۆژنامه‌نووسیه‌كانى عه‌بدوڵـڵا عه‌باس، به‌ ناونیشانى (ئاوه‌ها ده‌رگام كرده‌وه‌) بڵاوكرایه‌وه‌ كه‌ به‌شێكى سه‌ره‌كیى و دیارى سه‌ربورده‌ى بزووتنه‌وه‌ى رۆشنبیرى و رۆژنامه‌نووسیى كوردى-یه‌ له‌ماوه‌ى 58 ساڵدا. 


وه‌ك عه‌بدوڵـڵا عه‌باس-ى نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووس خۆى ده‌ڵێت:"چاپی دووه‌می یادداشته‌كانم به ‌زیادكرن و پیاچوونه‌وه ‌و نووسینه‌وه‌ی مێژوو و ره‌و‌تی رۆژنامه‌نووسیی و رۆشنبیریی كوردی له‌ 1961 وه‌ بۆ 2009 و ته‌واوی سێ‌ به‌رگی یادداشته‌كانم كه‌ له‌ 2000 و 2004 و 2009 چاپكراون، له‌خۆی ئه‌گرێ‌".

نووسه‌ر به‌ چه‌ند خاڵێك به‌شێك له‌ بابه‌ته‌ گرنگه‌كانى ناو ئه‌م كتێبه‌ى ناو هێناوه‌ كه‌ هه‌ندێكیان بریتین له‌ (یه‌كه‌م هه‌نگاو به‌ره‌و دنیای رۆژنامه‌نووسیی كوردی، رووداو و یادگاره‌كانی رادیوێی كوردی له‌ به‌غدا و له‌ رۆژنامه‌كانی/ هاوكاری و گۆڤاری به‌یان و برایه‌تی و ئاسۆ و رووناكی و عێراق و ده‌زگای رۆشنبیری و بلاوكردنه‌وه‌ی كوردی و دیارده‌ی پاشقول و ملشاندنی یه‌كتر له‌ ناو رۆشنبیراندا ...!!حه‌قیقه‌تی روانگه ‌و دیارده‌ی غروورو خۆبه‌زلزان له‌ناو كۆڕ و كۆمه‌ڵی رۆشنبیراندا و حه‌قیقه‌تی بانگه‌وازی قه‌ڵه‌مه‌ نه‌ترسه‌كان و یه‌كه‌م میهره‌جانی شیعری كوردی له‌ كه‌ركوك) له‌گه‌ڵ چه‌ندین بابه‌ت و ته‌وه‌رى دیكه‌.

كتێبى (ئاوه‌ها ده‌رگام كرده‌وه‌) له‌لایه‌ن كتێبخانه‌ى هه‌ژار موكریانى له‌ هه‌ڵه‌بجه‌، چاپكراوه‌ و ئێستا له‌ كتێبخانه‌كانى كوردستاندایه‌.

عه‌بدوڵـڵا عه‌باس، تا ئێستا نزیكه‌ى 35 كتێبى له‌ بواره‌كانى شیعر و لێكۆڵینه‌وه‌ى ئه‌ده‌بى و سیاسى و رۆژنامه‌وانى و یاداشت، به‌ هه‌ردوو زمانى كوردى و عه‌ره‌بى پێشكه‌ش به‌ كتێبخانه‌كان كردووه‌.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure