وه‌زاره‌تى دارایى: به‌شه‌ بودجه‌ى ئه‌م مانگه‌ له‌ به‌غداوه‌ گه‌یشته‌ هه‌رێم

هەواڵ / کوردستان :: 14/05/2019‌ :: 15265‌ جار بینراوە

تاگ :: موچە

دواڕۆژ

به‌شه‌ بودجه‌ى مووچه‌خۆرانى هه‌رێم بۆ ئه‌م مانگه‌ش گه‌یشته‌ هه‌ولێر و سه‌رچاوه‌یه‌كى وه‌زاره‌تى دارایش ده‌ڵێت: دابه‌شكردنى مووچه‌ له‌ سبه‌ینێوه‌ له‌سه‌ر ئه‌و پاره‌یه‌ ده‌بێت.


سه‌رچاوه‌یه‌كى به‌رپرس له‌ وه‌زاره‌تى دارایى و ئابورى هه‌رێمى كوردستان (ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 14ى ئایارى 2019) به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ به‌شه‌ بودجه‌ى تایبه‌ت به‌ مووچه‌خۆرانى هه‌رێم له‌ به‌غداوه‌ گه‌یشت و ئه‌و مووچه‌یه‌ى له‌ سبه‌ینێوه‌ به‌سه‌ر وه‌زاره‌ته‌كاندا دابه‌شده‌كرێت له‌سه‌ر ئه‌و پاره‌یه‌ ده‌درێت.

وتیشى: "ناردنى به‌شه‌ بودجه‌ى مانگانه‌ له‌ به‌غداوه‌ به‌ یه‌ك گوژمه‌ ده‌بێت كه‌ بۆ ئه‌م مانگه‌ش بڕه‌كه‌ى 453 ملیار دیناره‌".

له‌كاتێكى پێشترى ئه‌مڕۆدا وه‌زاره‌تى دارایی ئاشكرایكرد سبه‌ی مووچه‌ی وه‌زاره‌ته‌كانی (خوێندنی باڵا، داد، سامانه‌ سروشتییه‌كان، ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی و کار کاروباری کۆمەڵایەتى و کەمئەندامان دابه‌شده‌كرێت)، له‌كاتێكدا به‌هۆى نه‌گه‌یشتنى پاره‌كه‌ى به‌غداوه‌ بڕیاربوو سبه‌ى ته‌نها مووچه‌ى وه‌زاره‌تى كار دابه‌شبكرێت.

سه‌رچاوه‌كه‌ى دارایى ئه‌وه‌شى وت: به‌ گه‌یشتنى پاره‌كه‌ سستى له‌ دابه‌شكردنى مووچه‌ كۆتایى دێت و تا كۆتایى ئه‌م مانگه‌ مووچه‌ى سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌كان به‌ خانه‌نشینانیشه‌وه‌ دابه‌شده‌كرێت.

ده‌رباره‌ى به‌شه‌ مووچه‌ى پێشمه‌رگه‌ش ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ى وه‌زاره‌تى دارایى رایگه‌یاند: تائێستا بڕه‌ بودجه‌ى ته‌رخانكراو بۆ مووچه‌ى پێشمه‌رگه‌ له‌ به‌غداوه‌ نه‌گه‌یشتووه‌ و ئه‌و پرسه‌ یه‌كلانه‌بووه‌ته‌وه‌، له‌كاتێكدا به‌پێى بڕیارى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق و وته‌ى به‌رپرس و كاربه‌ده‌ستانى كورد له‌ به‌غدا ده‌بوو پێشتر بگاته‌ هه‌رێم.

بۆ دابه‌شكردنى مووچه‌ى مانگێكى فه‌رمانبه‌ران، حكومه‌تى هه‌رێم پێویستى به‌ 881 ملیار دینار هه‌یه‌، كه‌ 454 ملیار دینار له‌لایه‌ن به‌غدا و 378 ملیارى دیكه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتییه‌كانه‌وه‌ به‌ وه‌زاره‌تى دارایى ده‌درێت، هه‌روه‌ها 49 ملیار دینارى دیكه‌شیان له‌ داهاتى ناوخۆ و پاره‌ى ئه‌مریكایه‌ كه‌ بۆ هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ى ده‌نێرێت.

ئه‌م مانگه‌ مووچه‌ى مانگی 2ی 2019 و سێیەم موچەیە کە بەبێ سیستمی پاشەکەوت دابەشدەکرێت پاش ئه‌وه‌ى رۆژی 8ی ئازاری رابردوو حکومەتی هەرێم کۆتاییهاتنی ئەو سیستمەی راگەیاند و موچەی مانگی 12ی ساڵی رابردوو بەبێ پاشەکەوت دابەشکرا.

پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure