كێشه‌ى بازگه‌یه‌ك حیزبه‌ كوردستانییه‌كان و لایه‌نێكى ئه‌منى عێراق كۆده‌كاته‌وه‌

هەواڵ / کوردستانی :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 222‌ جار بینراوە

تاگ :: كوردستانى

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن 

بەهۆی وەرگرتنی بەرتیل و بێزارکردنی هاووڵاتیانی کوردی قەزای خورماتوو، قایمقامیەتی قەزاکە بڕیاریدا تەواوی کارمەندانی بازگەیەکی سنورەکە بگۆڕن.


ئومێد عاسی، به‌رپرسى یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستان له‌ خورماتوو به‌دواڕۆژى راگه‌یاند: به‌هۆى ئه‌وه‌ى له‌ بازگه‌ی مه‌فره‌قى قادر كه‌ره‌م له‌ نێوان خورماتوو و ناوچه‌كانى داویه‌ هاووڵاتیانى كورد رووبه‌ڕووى بێزاركردن و سزا و لێپێچینه‌وه‌ و لێسه‌ندنى به‌رتیل ده‌كرانه‌وه‌، وه‌كو لایه‌نه‌ سیاسییه‌ كوردستانییه‌كان له‌ خورماتوو داواكارى و بێزارى هاووڵاتیانمان گه‌یانده‌ قایمقامى خورماتوو. 

وتیشى: "بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ دوێنێ كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌ نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و نوێنه‌رى هێزه‌كانى به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ى خێرا رێكخرا و تێیدا دواى گه‌یاندنى داواكارى و نیگه‌رانى هاووڵاتیان، نوێنه‌ره‌كه‌ى هێزه‌ ئه‌منییه‌كه‌ بڕیاریدا ته‌واوى سه‌رباز و ئه‌ندامانى هێزه‌كانى به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ى خێرا له‌و بازگه‌یه‌ بگوازێته‌وه‌ و هێزى دیكه‌ له‌ شوێنه‌كه‌یان جێگیر بكات و له‌ هێزه‌كه‌ى ئێستاش ته‌نیا یه‌ك ئه‌فسه‌رى به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ى خێرا ده‌مێنێته‌وه‌ و له‌ كاتى هاتنى ئه‌فسه‌رى دیكه‌ ئه‌ویش ده‌گۆڕن". 

ئومێد عاسی، ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا ئه‌وه‌ش خرایه‌ڕوو له‌ ئێستادا وه‌رزى دروێنه‌ى دانه‌وێڵه‌یه‌ و له‌و بازگه‌یه‌ زۆر لێپێچینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ جوتیاران ده‌كرێت، له‌مباره‌یه‌وه‌ بڕیاردرا هه‌ر جوتیارێك پێناسى سایلۆى خورماتووى هه‌بێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ بازگه‌كه‌ رانه‌گیرێت و ئه‌مه‌ش هه‌نگاوێكى زۆر باشه‌ چونكه‌ پێشتر له‌و بازگه‌یه‌ جوتیاران زۆر راده‌گیران و دواده‌كه‌وتن. 

بازگه‌ى مه‌فره‌قى قادر كه‌ره‌م له‌ نێوان خورماتوو و ناوچه‌ى داویه‌، پێكهاتووه‌ له‌ هێزێكى سوپاى عێراق و به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ى خێرا و له‌سه‌دا 95ی ئه‌وانه‌ى له‌و بازگه‌یه‌وه‌ هاتوچۆ ده‌كه‌ن هاووڵاتیانى كوردن. 

پ: ن.ر

 بڵاوكردنه‌وه‌:هـ.ق

 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure