داواى گێڕانەوەی پاشه‌كه‌وت و دابه‌شكردنی زه‌وی ده‌كرێت

هەواڵ / کوردستان :: 14/05/2019‌ :: 3162‌ جار بینراوە

تاگ :: موچە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

رێكخراوی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان داوا لە حكومەتى هه‌رێم ده‌كات، ژماره‌ى بانكیى بۆ مامۆستایان دروستبكات و پاشه‌كه‌وتى چوار ساڵى مامۆستایانى هه‌رێم بگه‌ڕێنێته‌وه‌و بڕیارى دابه‌شكردنى زه‌وى به‌سه‌ر مامۆستایان جێبه‌جێ بكرێت.


(ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 14ى ئایارى 2019) عەبدولواحید محەمەد، سەرۆكی یەكێتی مامۆستایان له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا له‌ هه‌ولێر، چه‌ند داواكارییه‌كى ره‌سمى یه‌كێتییه‌كه‌ى خسته‌ڕوو.

له‌ كۆنگره‌كه‌دا، سه‌رۆكى یه‌كێتى مامۆستایان، رایگه‌یاند: داوا له‌ حكومه‌تى هه‌رێم ده‌كه‌ین ره‌چاوى ژیان و گوزه‌رانى مامۆستایان بكات و به‌ زوویى ئه‌ژمارى بانكى بۆ مامۆستایان دروستبكات و پاشه‌كه‌وتى مامۆستایان بگه‌ڕێنێته‌وه‌، هه‌روه‌ها رێگه‌ به‌ مامۆستایان بدرێت قه‌رزه‌كانیان له‌پاشه‌كه‌وتى مووچه‌ بده‌نه‌وه‌.

وتیشى: "پێویسته‌ یاسای خانەنشینی هەرێم لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ هاوتا بكرێت، چونكه‌ به‌ به‌راورد به‌ خانه‌شینانى به‌شه‌كانى دیكه‌ى عێراق، هه‌ر مامۆستایه‌كى هه‌رێم له‌كاتى خانه‌نشینبوونى 450 هه‌زار دینار كه‌مترى پێده‌درێت، کە ئه‌مه‌ غه‌دره‌ له‌ مامۆستایانى هه‌رێم ده‌كرێت".

سه‌رۆكى یه‌كێتى مامۆستایان، داوا له‌سه‌رۆكى حكومه‌ت ده‌كات بڕیارى پێدانى زه‌وى به‌ مامۆستایان بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە كه‌ ماوه‌ى زیاتر له‌ 15 ساڵه‌ ده‌ركراوه‌، به‌ڵام كارى پێنه‌كراوه‌.

یه‌كێتى مامۆستایان، هه‌روه‌ها داوا له‌په‌رله‌مانى كوردستان ده‌كات پڕۆژه‌ى یه‌كێتى مامۆستایان به‌ پێدانى پارێزبه‌ندى (حصانه‌) هاوشێوه‌ى عێراق له‌ هه‌رێمیش جێبه‌جێبكرێت.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure