ئێران چه‌ند پاره‌ و زێڕى له‌ عێراقدا خه‌رجكردوه‌؟

هەواڵ / ئابوری :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 257‌ جار بینراوە

تاگ :: ئێران

دواڕۆژ

له‌ ساڵى 2003ه‌وه‌ تا ساڵى 2016 ئێران زیاتر له‌ 200 پڕۆژه‌ى پیشه‌سازى و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى له‌ چوار شاره‌ مه‌زهه‌بییه‌كه‌ى (كه‌ربه‌لا و نه‌جه‌ف و سامه‌ڕا و كازمییه‌) به‌ئه‌نجام گه‌یاندووه‌و حاڵى حازر ده‌یان پڕۆژه‌ى تر له‌و شارانه‌ كاركردن تیایاندا به‌رده‌وامه‌.


ته‌واوى ئه‌و پڕۆژانه‌ له‌ رێگاى دامه‌زراوه‌یه‌كه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتى ده‌كرێن و ئه‌نجام ده‌درێن كه‌ ساڵى 2003 چالاكییه‌كانى خۆى له‌ عێراق ده‌ستپێكرد و له‌و چوار شاره‌دا چوار نووسینگه‌ى ناوه‌ندى هه‌یه‌. باره‌گاى سه‌ره‌كى دامه‌زراوه‌كه‌ له‌ شارى تارانه‌ و له‌سه‌رتاسه‌رى ئێرانیشدا واته‌ له‌ هه‌ر 31 پارێزگاكه‌ى ئێران 31 نووسینگه‌ى هه‌یه‌.

داهاتى ئه‌م دامه‌زراوه‌یه‌ پێكهاتووه‌ له‌ كۆمه‌كى خه‌ڵك و دامه‌زراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، هه‌روه‌ها ئاماره‌كان نیشانى ده‌ده‌ن كه‌ له‌ ساڵى 2014دا نزیكه‌ى 200 ملیار تمه‌ن و له‌ ساڵانى 2015 و 2016دا 624 ملیار تمه‌ن كۆمه‌كى حكومه‌تى تارانى پێگه‌یشتووه‌.

حكومه‌ته‌كه‌ى حه‌سه‌ن روحانیش له‌ بودجه‌كانى 2016 و 2017دا نزیكه‌ى 570 ملیار تمه‌نى به‌خشیوه‌ به‌م ده‌زگایه‌.

ئه‌نجومه‌نى به‌ڕێوه‌به‌رى ده‌زگاكه‌ پێكهاتووه‌ له‌ لێپرسراوى نووسینگه‌ى رابه‌رى ئێران و چه‌ند وه‌زیرێكى حكومه‌ت.

كۆمه‌كى خه‌ڵكى ئێرانیش كه‌ به‌شێوه‌ى دراو له‌ 33 پارێزگاكه‌ى ئه‌و وڵاته‌وه‌ پێشكه‌ش ده‌كرێت له‌ ساڵى 2004ه‌وه‌ تا ساڵى 2011 نزیكه‌ى 50 ملیار تمه‌ن بووه‌. هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌شدا نزیكه‌ى 100 كیلۆ زێڕ كۆكراوه‌ته‌وه‌ و پێشكه‌ش به‌و دامه‌زراوه‌یه‌ كراوه‌.

هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا زیاتر له‌ 22 هه‌زار هاووڵاتى پارێزگا جۆراوجۆره‌كانى ئێران بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى شوێنه‌ پیرۆزه‌كانى عێراق ره‌وانه‌ى ئه‌و وڵاته‌ كراون.

سه‌ربارى ئه‌مانه‌ش ئێران چه‌ندین پڕۆژه‌ى خزمه‌تگوزارى و پیشه‌سازى دروست كردوه‌ له‌ شاره‌كانى سامه‌ڕا و كازمییه‌ و كوفه‌ و نه‌جه‌ف و كه‌ربه‌لادا. له‌وانه‌ دروستكردنى نه‌خۆشخانه‌یه‌كى 120 قه‌ره‌وێڵه‌یى 6 نهۆمى له‌ شارى كه‌ربه‌لا.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە