بۆردێکی کشتوکاڵی بۆ پاراستنی خۆراک دروستدەکرێت

هەواڵ / ئابوری :: 14/05/2019‌ :: 221‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، زریان محەمەد

به‌مه‌به‌ستی پشكنینی ئه‌و كاڵا و شمه‌كانه‌ی هاورده‌ ده‌كرێن، كه‌ره‌نتینه‌ی كشتوكاڵی دروستده‌كرێت و جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری كشتوكاڵی سلێمانی-ش ده‌ڵێت: ئه‌ركی سه‌ره‌كی پاراستنی سه‌لامه‌تی هاوڵاتیانه‌ و كارئاسانیش بۆ بازرگانه‌كان ده‌كرێت. 


رزگار حەمەخدر، جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كشتوكاڵی سلێمانی (ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 14ى ئایارى 2019) بە دواڕۆژی راگه‌یاند: به‌مه‌به‌ستی چاودێریكردن و چۆنیه‌تی پشكنین له‌ڕووی ته‌ندروستییه‌وه‌ بۆ ئه‌و به‌رووبومانه‌ی هاورده‌ ده‌كرێن هه‌روه‌ها ئاسانكاری بازرگانی و كه‌مكردنه‌وه‌ی رۆتین بڕیار به‌ دروستكردنی بۆردێكی كشتوكاڵی درا.

وتیشى: "یه‌كێك له‌ كاره‌ سه‌ره‌كیه‌كانی ئه‌و بۆرده‌ كشتوكاڵییه،‌ پاراستنی سه‌لامه‌تی هاوڵاتیان و پاراستنی مافی به‌كاربه‌ره،‌ بۆیه‌ بڕیاردراوه‌ ئه‌و كاڵا و شمه‌كانه‌ی هاورده‌ ده‌كرێت به‌وردی پشكنینی ته‌ندروستی بۆ ئه‌نجام بدرێت".

بڕیارى دروستكردنى ئه‌و بۆرده‌ له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كدا بوو كه‌ ئه‌مڕۆ به‌ سه‌رپه‌رشتی ئاوات محه‌مه‌د، قائیمقامی سلێمانی و ئاماده‌بوونی به‌ڕێوه‌به‌ری گومرگی مه‌رزی باشماخ و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌‌كانی ئاسایشی ئابووری، ته‌ندروستی، ڤێتێرنه‌ری، كشتوكاڵ، چاودێری بازرگانی، كوالێتی كۆنترۆڵ، گومرگ، یه‌كێتی هاورده‌ و هه‌نارده‌كاران و ژووری بازرگانی سلێمانی به‌ڕێوه‌چوو.

به‌رپرسه‌كه‌ى كشتوكاڵى سلێمانى ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا بڕیاردرا، بۆ راگرتنی هاوسه‌نگی به‌روبومی ناوخۆیی و هاورده‌كراوه‌كان، به‌رهه‌مه‌ ناوخۆییه‌كان له‌به‌رچاو بگیرێت، هه‌روه‌ها بۆ پشتیوانی جوتیارانیش باج له‌سه‌ر ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ دابنرێت كه‌ وه‌رزی پێگه‌شتنیانه‌ له‌ناوخۆدا.

ده‌رباره‌ی هاورده‌كردنی مادده‌ قڕكه‌ره‌كان ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد: بۆ پاراستنی ته‌ندروستی هاوڵاتیان و به‌رهه‌مهێنانی به‌روبومی ته‌ندروست له‌ كێڵگه‌ كشتوكاڵیه‌كان، بڕیاردرا‌ به‌هاوكاری ژوری بازرگانی، سیمینارێك بۆ بازرگانه‌كان سازبکرێت و‌ له‌ رووی یاسایی و ته‌ندروستیه‌وه مادده‌ قڕكه‌ره‌كان‌ بۆ بازرگانان شیبكرێته‌وه‌.

پ: ک. س
بڵاوكردنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure