فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق دژی ئاوارەكردنی كورد جوڵە دەکات

هەواڵ / کوردستان :: 14/05/2019‌ :: 252‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جەباری

دوای ئەوەی لەبەیانی ئەمڕۆوە زیاتر لە 200 چەكداری عەشیرەتی شەممەر بەپاڵپشتی هێزێكی سوپای عێراق گوندی پەڵكانەیان لەدانیشتوانەكەی چۆڵكرد و خێزانە عەرەبە هاوردەكانی سەردەمی سەدامیان لەشوێنیان نیشتەجێكرد، پەرلەمانتارێكی كورد دەڵێت: "عەرەبەكان لەخانوەكان دەركراون و ئەگەر گوندەكەش بەجێنەهێڵن ئەوە بەهێز دەردەكرێن".


رێبوار تەها ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (ئەمڕۆ سێشەممە 14ی ئایاری 2019) بەدواڕۆژی راگەیاند: دوای ئەوەی لەڕێگەی پەیوەندییەوە دۆخی گوندی پەڵكانەم گەیاندە فەرماندەی ژوری ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق، دەستبەجێ لەڕێگەی ناردنی هێزێكی تایبەتەوە دەستتێوەردانی كرد و خانوی هاوڵاتیانی كوردیان بەعەرەبە داگیركەرەكان چۆڵكردووە و كوردەكانیش گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان".

وتیشی: "سەبارەت بە هاوڵاتییە دەستگیركراوەكانیش لەلایەن فەوجی مغاویرەوە رادەستی بنكەی پۆلیسی سەرگەڕان كراون و بڕیارە كەمێكی دیكە ئازاد بكرێن".

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستەڕوو كە فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق داوایكرد چەكدارەكانی عەشیرەتی شەممەر ئاگادار بكرێنەوە بۆ ئەوەی ناوچەكە بەجێبهێڵن بەپێچەوانەشەوە بەفشاری هێز دوریاندەخاتەوە.

هەروەك ژمارەیەك رۆژنامەنوسی كورد لەكاتی روماڵی رووداوەكانی گوندی پەڵكانە لەلایەن فەوجی مغاویری فیرقەی 14ی سوپای عێراقەوە دەستگیركراون كە بریتین لە ئاسۆ ئەحمەد پەیامنێری كەناڵی ئێن ئاڕتی و كاروان ساڵحی پەیامنێری سایتی كەركوك ناو.

پێداچوونەوە و بڵاوكردنەوە: ئارام غەغور 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure