كڕیارانی نه‌مام و دار له‌ كوردستان 50% زیادیانكردووه‌

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 15/05/2019‌ :: 260‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سه‌نگین خۆشناو

سه‌ره‌ڕای هه‌بوونی جۆره‌ها دار و نه‌مامی خۆماڵی، به‌هۆی زۆردی خواستی هاووڵاتیان له‌سه‌ر بابەتی بیانی، تادێت هاورده‌كردنی نه‌مام و گوڵی وڵاتان زیاتر ده‌بێت، بازرگانێكیش ده‌ڵێت: "به‌هۆی دانانی په‌یجی تایبه‌ت به‌ نه‌مامگه‌كه‌، ئه‌مساڵ فرۆشمان 50% زیادیكردووه‌".


ته‌ڵعه‌ت قادر، زیاتر له‌ 20 ساڵه‌ بازرگانی نه‌مام و داره‌، سه‌باره‌ت به جۆره‌كانی دار و نه‌مام و خواستی خه‌ڵك به‌ دواڕۆژی وت: "زیاتر له‌ 50 جۆر نه‌مام و‌ 15 جۆر داری ترێ و زیاتر له‌ 100 جۆر داری جوانكاری هه‌ن كه‌ له‌ وڵاتانی ئێران، توركیا، ئیتاڵیا، كه‌نه‌دا، لوبنان و فڕه‌نساوه‌ هاورده‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێن".

ئه‌و بازرگانه‌ ده‌ڵێت: "ساڵی ڕابوردوو چوار هه‌زار دارمان هاورده‌كردووه‌، به‌ڵام ئه‌مساڵ بازاڕ گه‌رمتره‌ و خواستی كڕیاران زۆرتره‌، بۆیه‌ زیاتر له‌ 10 هه‌زار دارمان هاورده‌ كردووه‌".

دار و نه‌مامی وڵاتان جێگه‌ی به‌رهه‌می خۆماڵییان گرتووه‌ته‌وه‌
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان خاوه‌نی چه‌ندین نه‌مامگه‌یه‌ كه‌ جۆره‌ها دار و نه‌مام و گوڵی تێدایه‌، كه‌چی بازرگانان له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات هاورده‌ی ده‌كه‌ن، به‌ڵام وه‌ك ته‌ڵعه‌ت قادری بازرگان ده‌ڵێت: "بۆیه‌ هی ناوخۆ ناكڕین، چو‌نكه‌ جۆری خراپه‌ و نرخیشی به‌راورد به‌ نه‌مام و داری وڵاتان گرانتره‌، بۆ نمونه‌ نرخی نه‌مامی هاورده‌كراو له‌ 4 - 15 هه‌زار  دینارەوە ده‌ستپێده‌كات، به‌ڵام هی حكومه‌ت له‌ 7 هه‌زار تاوه‌كو 30 هه‌زار دیناره‌". 

داری ڤیكس زۆرترین خواستی له‌سه‌ره‌
له‌ كوردستان زۆرترین خواست له‌سه‌ر داری ڤیكسه‌ كه‌ جۆره‌ دارێكه‌ به‌رده‌وام سه‌وزه‌ و بۆ په‌رژینكردنی باخچه‌كان به‌كاردێت، داری به‌ری هه‌یه‌ وه‌ك زه‌یتون كه‌ نرخه‌كه‌شی گرانه‌ و ده‌گاته‌ دوو هه‌زار دۆلار و خواستی زۆری له‌سه‌ره‌، به‌تایبه‌ت ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان ده‌یكڕن. قه‌یسی، هه‌نجیر، هه‌نار، خۆخ، باده‌می كاغه‌زی ئه‌وانه‌ش خواستی زۆریان له‌سه‌ره‌.

سۆشیال میدیا بازاڕی دار و نه‌مامی گه‌رمتر كردووه‌
ته‌ڵعه‌ت قادر، باس له‌ گرنگی ئه‌كاونته‌كانیان ده‌كات و ده‌ڵێت: "به‌هۆی دانانی په‌یجی تایبه‌ت به‌ نه‌مامگه‌كه‌مان، ئه‌مساڵ فرۆشمان 50% زیادیكردووه‌، رۆژانه‌ فرۆشمان زیاتر له‌ دوو ملیۆن دیناره‌، به‌شێكی زۆریشی له‌ ڕێگه‌ی ئۆنلاینه‌وه‌ ده‌فرۆشین، جگه‌ له‌ كڕیارانی ناوخۆ له‌ میسر و ئیندۆنیزیا و توركیا و ئیسپانیاش كڕیارم هه‌یه‌".

وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ خاوه‌نی 25 نه‌مامگه‌یه‌ كه‌ نه‌مامی دارستان و باخداریی و جوانكاریشی تێدا به‌رهه‌مده‌هێنرێن، به‌شێكی زۆری بۆ پڕۆژه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌كارده‌هێنرێن و به‌شێكیشی به هاووڵاتیان ده‌فرۆشرێن.

حسێن حه‌مه‌ كه‌ریم، به‌ڕێوه‌به‌ری دارستان و پاوان له‌ وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ به‌ دواڕۆژی وت: "پێش سێ ساڵ به‌رهه‌می نه‌مام و دار له‌ نه‌مامگه‌كان زیاتر له‌ سێ ملیۆن بوو، به‌ڵام ئێستا ڕێژه‌كه‌ 75% كه‌میكردووه‌". 

وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ سه‌رقاڵی مۆڵه‌تدانه‌ به‌ نه‌‌مامگه‌كانی كه‌رتی تایبه‌ت 
ئه‌و به‌رپرسه‌ی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ له‌باره‌ی داتا و ئاماری نه‌مامگه‌ و به‌رهه‌می هاورده‌كراو وتی: "ساڵانه‌ هه‌شت ملیۆن نه‌مام و دار و گوڵ هاورده‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێن، ئێمه‌ش بۆ ده‌ستكه‌وتنی زیاتر و به‌ یاساییكردنی ئه‌م كاره‌، له‌سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ ڕێنمایی نوێمان ده‌ركردووه‌، تایبه‌ت به‌ مۆڵه‌تدانی نه‌مامگه‌كانی كه‌رتی تایبه‌ت كه‌ به‌ نایاسایی دامه‌زراون".

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد

بڵاوکردنەوە: ئارام غەفور



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure