ئایا روحانی كۆتا سه‌رۆك كۆماری ئێران ده‌بێت؟

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 7 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 1916‌ جار بینراوە
حه‌سه‌ن روحانى، سه‌رۆك كۆمارى ئێران

تاگ :: ئێران

دواڕۆژ، ئازوو موحه‌مه‌د

گۆڕینى سیستمى حوكمڕانى ئێران له‌ سه‌رۆكایه‌تیه‌وه‌ بۆ په‌رله‌مانى، گۆڕانكاریكردن له‌ ده‌ستوردا بابه‌تێكه‌ ئه‌گه‌ر چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر ده‌ستبردن بۆى قه‌ده‌غه‌بوو له‌ ئێران و ته‌نانه‌ت به‌ نهێنیش باسى لێوه‌نه‌ده‌كرا، له‌ئێستادا بووه‌ته‌ بابه‌تێك كه‌ به‌ ئاشكرا مشتومڕى له‌باره‌وه‌ ده‌كرێت له‌ كه‌شى سیاسیدا، لایه‌نگرێكى زۆریشى هه‌یه‌ له‌نێو ناوه‌نده‌كانى بڕیاردا.


ریشه‌ى به‌ ئاشكرا باسكردنى ئه‌م بابه‌ته‌ و سه‌رهه‌ڵدانى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵى رابردوو كاتێك كه‌ عه‌لى لاریجانى، سه‌رۆكى په‌رله‌مانى ئێران له‌ كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى شارى قوم-دا به‌ ئاشكرا باسى ئه‌م بابه‌ته‌ى كرد و رایگه‌یاند: "له‌ماوه‌ى چوار مانگى داهاتودا به‌ فه‌رمانى ئایەتوڵا خامنه‌یى گۆڕانكارى بنه‌ڕه‌تى له‌ ده‌ستورى ئێران-دا ده‌كرێت".

له‌ ماوه‌یه‌كى كورتیشدا دواى ئه‌وه‌ عه‌لی موته‌هه‌ری، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی ئێران باسى له‌ هه‌مان بابه‌ت كرد و جه‌ختى كرده‌وه‌ "پێداچونه‌وه‌ به‌ یاساكانى ئێران-دا ده‌كرێت".

به‌پێى مادده‌ى 177 له‌ ده‌ستورى ئێران، چاكسازیكردن له‌ ده‌ستور و سیسته‌مى حكومڕانیدا به‌ فه‌رمانى رابه‌رى باڵاى كۆمارى ئیسلامى ئێران و له‌دواى راوێژكردن له‌گه‌ڵ (كۆمه‌ڵه‌ى لێكدانه‌وه‌ى به‌رژه‌وه‌ندى نیزام) ده‌بێت. له‌ ئێستاشدا مشتومڕێكى زۆر هه‌یه‌ له‌باره‌ى گۆڕینى سیستمى ئێران له‌ سه‌رۆكایه‌تى-ەوە بۆ په‌رله‌مانى. به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ چیتر سه‌رۆكى ئێران به‌شێوه‌یه‌كى راسته‌وخۆ له‌لایه‌ن هاوڵاتیانه‌وه‌ هه‌ڵنابژێردرێت، به‌ڵكو په‌رله‌مان هه‌ڵده‌بژێردرێت، دواتر په‌رله‌مان سه‌رۆك وه‌زیران و سه‌رۆك هه‌ڵده‌بژێرێت.

له‌ ئێستادا ئه‌م بابه‌ته‌ بووه‌ته‌ یه‌كێك له‌و بابه‌تانه‌ى كه‌ له‌ كه‌شى سیاسى ئێرا-دا زۆرترین كات باسى لێوه‌ده‌كرێت. ئه‌مه‌ به‌زانینى ئه‌و راستییه‌ى كه‌ له‌ ئێستادا ئه‌و وڵاته‌ له‌ژێر بارى سزا ئابورییه‌كانى ئه‌مریكادایه‌ و له‌ڕووى ئابورییه‌وه‌ دۆخێكى ناجێگیرى هه‌یه‌. هاوكات له‌ڕووى سیاسیشه‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ زلهێزترین وڵاتى دنیا كه‌ ئه‌مریكایه‌ له‌وپه‌ڕى خراپیدان و به‌رده‌وام لێدوانى دژبه‌یه‌كى توند به‌رامبه‌ر یه‌كترى ده‌ده‌ن.

سیامه‌ك ره‌پیك، یاساناس له‌ ئه‌نجومه‌نى پاراستنى ئێران له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر بتوانین یاسا سه‌ره‌كییه‌كان بپارێزین و هه‌موو بابه‌ته‌كان له‌ڕێگه‌ و شوێنى خۆیاندا بڕۆنه‌ پێشه‌وه‌، ده‌كرێت گۆڕانكارییه‌كى بنه‌ڕه‌تى له‌ ده‌ستورى ئێران-دا بكه‌ین".
 
هاوكات مسته‌فا كه‌واكبیان، سیاسه‌تمه‌دار و په‌رله‌مانتارى ئێران باس له‌و نه‌خشه‌ڕێگه‌یه‌ ده‌كات كه‌ ده‌كرێت له‌ڕێگه‌یه‌وه‌ كۆمارى سێیه‌م (به‌ فه‌رمانى رابه‌رى باڵاى كۆمارى ئیسلامى ئێران) بێته‌كایه‌وه‌ و ده‌ڵێت: "ده‌كرێت به‌هه‌بوونى نه‌خشه‌ڕێگه‌یه‌ك ئه‌م گۆڕانكارییانه‌ بێنه‌كایه‌وه‌".

هه‌ر له‌وباره‌یه‌وه‌ محه‌مه‌د ره‌زا باهونه‌ر، ئه‌ندامى په‌رله‌مانى ئێران و سیاسه‌تمه‌دارى ئێران ئاشكرایده‌كات: "ئه‌گه‌ر ئه‌م گۆڕانكارییانه‌ له‌ ده‌ستورى ئێران-دا روو بده‌ن، یه‌كێك له‌ ئه‌گه‌ره‌كان كه‌ رووبه‌ڕووى ئێران ده‌بێته‌وه‌، بریتیه‌ له‌وه‌ى ده‌بێته‌ خاوه‌نى دوو په‌رله‌مان".

له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌م هه‌واداره‌ى كه‌ گۆڕینى ده‌ستورى ئێران و چاكسازیكردن تێیدا هه‌یه‌تى، كه‌منین ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ نه‌یارین و پێیانوایه‌ "گۆڕانكاریكردن له‌ ده‌ستورى ئێران-دا له‌كاتى ئێستادا له‌به‌رژه‌وه‌ندى ئێران-دا نیه‌".

دكتۆر موحه‌مه‌د هاشمى، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ یاسادانه‌ره‌ دیاره‌كانى ئێران و به‌شدارى كردووه‌ له‌ دانانى ره‌شنوسى ده‌ستورى ئێران-دا، به‌رهه‌ڵستكاره‌ و له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: "له‌و روانگه‌یه‌وه‌ كه‌ ده‌بێت گۆڕانكاریكردن له‌ ده‌ستوردا هه‌نگاوێك بێت به‌ره‌وپێشه‌وه‌، له‌ ئێستادا گۆڕانكاریكردن له‌ ده‌ستوردا كارێكى گونجاو نییه‌، چونكه‌ ناتوانین ئه‌و ئامانجه‌ بپێكین كه‌ باسمانكرد. هه‌ربۆیه‌ پێموایه‌، گۆڕانكاریكردن له‌ ده‌ستوردا له‌ ئێستادا له‌ به‌رژه‌وه‌ندى ئێران-دا نیه‌، من له‌گه‌ڵى هاوڕا نیم".

ئه‌وه‌ى له‌ كۆتاییدا گرنگه‌ ئاماژه‌ى پێبكرێت، له‌بیر نه‌كردنى ئه‌و سێ بنه‌مایه‌یه‌ كه‌ سیستمى ئێستاى كۆمارى ئیسلامى ئێرانی له‌سه‌رى دامه‌زراوه‌ بریتین له‌: هه‌بوونى سیستمى سه‌رۆك كۆمارى. پاراستنى پێگه‌ى رابه‌رى باڵا وه‌ك وه‌لى ئه‌مرێك به‌سه‌ر وڵاته‌وه‌. به‌ڕێوه‌بردنى وڵات به‌پێى ویستى هاوڵاتیان و ئاین و مه‌زهه‌ب، چونكه‌ ئه‌وه‌ى شاره‌زایان ئاماژه‌ى پێده‌كه‌ن و له‌سه‌رى كۆكن "ئه‌م سێ بنه‌مایه‌ هیچكات ناگۆڕێن و به‌شێوه‌یه‌كى جێگیر ده‌مێننه‌وه‌ له‌ سه‌رجه‌م حاڵه‌ته‌كانى گۆڕانكاریدا".

داڕشتنه‌وه‌: ئا.ح



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure