ده‌نگده‌رى خۆڵه‌مێشی سلێمانى توڕه‌یه‌
هاوكێشه‌ى هه‌ڵبژاردن یه‌كلایی ده‌كاته‌وه‌

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 14/05/2019‌ :: 635‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
 " نه‌هامه‌تى هه‌ندێك له‌لاى هه‌ندێك سوده‌" ئه‌م وته‌یه‌ى عه‌ره‌ب  له‌ئێستادا دروشمى ململانێى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى هه‌رێمى كوردستانه‌ له‌سه‌ر ده‌ستكه‌وتنى ئه‌و ده‌نگه‌ دوودڵانه‌ى به‌ خۆڵه‌مێشى ناسراون و بۆ هه‌ر هه‌ڵبژاردنێك پشت ده‌كه‌نه‌ لایه‌نێك به‌ئاڕاسته‌ى لایه‌نێكى تر كه‌ زۆربه‌ى پێگه‌كه‌یان له‌ سنورى پارێزگاى سلێمانیدایه‌، ئه‌گه‌رى بێهێزبوونى جوڵانه‌وه‌ى نه‌وه‌ى نوێ به‌هۆى كێشه‌ى نێوخۆییه‌كانى و دووركه‌وتنه‌وه‌ى ده‌نگده‌رانى خۆڵه‌مێشى له‌ گۆڕان چاره‌نوسی هه‌ڵوێستى ئه‌و چینه‌ى ده‌نگده‌رانى به‌ نادیاری هێشتووه‌ته‌وه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتوو كه‌ یان روو ده‌كه‌نه‌ بزوتنه‌وه‌یه‌كى نوێ یان له‌بنه‌ڕه‌تدا ده‌نگ ناده‌ن.

 

 هه‌موو هه‌ڵبژاردنێكدا ده‌نگده‌رى خۆڵه‌مێشی تاى ته‌رازووى هاوكێشه‌كه‌ به‌لاى لایه‌نێكدا قورس ده‌كه‌ن، له‌ماوه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كانى رابردوودا ئه‌و ده‌نگده‌رانه‌ زیاتر له‌ نێوان بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان و جوڵانه‌وه‌ى نه‌وه‌ى نوێ له‌ سنورى پارێزگاى سلێمانى كاریان كردووه‌، بونى كێشه‌ى نێوخۆیی ئه‌و دوو لایه‌نه‌ ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ ئه‌و ده‌نگانه‌ بۆ لایه‌كى تر ته‌ره‌ بكات  .

ژماره‌كان ده‌دوێن

  له‌نێوان دواین دوو هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان و عێراقدا ده‌نگده‌رى خۆڵه‌مێشى له‌ نێوان گۆڕان و نه‌وه‌ى نوێ ده‌ركه‌وت كه‌ په‌رده‌ى له‌سه‌ر نهێنى روو وه‌رگێڕانى ئه‌و ده‌نگده‌رانه‌ هه‌ڵدایه‌وه‌ له‌سنورى سلێمانی.

 له‌ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراقى له‌ساڵى  2018 دا  گۆڕان (154) هه‌زار و (947 )ده‌نگى به‌ده‌ستهێناو نه‌وه‌ى نوێ-ش له‌ هه‌مان هه‌ڵبژاردندا (63 ) هه‌زار و( 760) ده‌نگى به‌ده‌ستهێنا له‌كاتێكدا له‌ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراقى ساڵى 2014 دا كه‌ ئه‌وكات نه‌وه‌ى نوێ دروست نه‌ببوو گۆڕان ( 347) هه‌زار و (799 )ده‌نگى به‌ده‌ستهێنا كه‌ به‌ به‌راوردكردنى هه‌ردوو هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ (192) هه‌زار و (852) ده‌نگى كه‌م كردووه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر زۆره‌ ئه‌و ده‌نگده‌ره‌ى گۆڕان له‌ده‌ستى داوه‌، بۆ به‌رژه‌وه‌ندى نه‌وه‌ى نوێ بۆ هه‌مان هه‌ڵبژاردن ده‌نگى دابێت.

 به‌دوایدا هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان هات كه‌ هه‌مان جیاوازى له‌ ده‌نگى خۆڵه‌مێشی ده‌ركه‌وت هه‌رچه‌نده‌ رێژه‌ى به‌شداربونى ده‌نگده‌رانیش كه‌مى كرد كه‌ ئه‌وه‌ زیاتر له‌ ده‌نگده‌رى خۆڵه‌مێشى ده‌رده‌چێت.

له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ( 189) هه‌زار و (903) ده‌نگى به‌ده‌ستهێنا له‌كاتێكدا له‌ هه‌ڵبژاردنى ساڵى 2013ى په‌رله‌مانى كوردستاندا گۆڕان (476) هه‌زار و (736 ) ده‌نگى به‌ده‌ستهێنا بوو به‌وپێیه‌ش ژماره‌ى كورسیه‌كانى له‌په‌رله‌مانى كوردستان له‌ 24 كورسیه‌وه‌ كه‌م بووه‌وه‌ بۆ نیوه‌ى رێژه‌ى پێشوى و رێژه‌ى ده‌نگه‌كانیشی (286) هه‌زار و (833) ده‌نگ كه‌مى كرد له‌كاتێكدا له‌هه‌مان هه‌ڵبژاردندا نه‌وه‌ى نوێ (127) هه‌زار و (115) ده‌نگى به‌ده‌ستهێنا كه‌ وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت به‌شێك ده‌نگى له‌  ده‌نگده‌رى خۆڵه‌مێشی و ناڕازیی گۆڕان بردووه‌.

 به‌وپێیه‌بێت له‌ روى تیۆرییه‌وه‌ نه‌وه‌ى نوێ بۆ هه‌ردوو هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ نیوه‌ى ده‌نگه‌ له‌ده‌ستداوه‌كانى گۆڕانى بردووه‌ له‌كاتێكدا رێژه‌ى ده‌نگده‌رانى یه‌كێتى و پارتى گۆڕانێكى ئه‌وتۆى به‌ره‌و كه‌مبوونه‌وه‌ به‌سه‌ردا نه‌هاتووه‌ .

   ململانێى بردنى ده‌نگ
د.شۆرش حه‌سه‌ن مامۆستاى زانسته‌ سیاسیه‌كان له‌ زنكۆى سلێمانى جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌ دوو هه‌ڵبژاردنى رابوردوودا به‌شێك له‌ ده‌نگه‌كانى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان چوون بۆ نه‌وه‌ى نوێ به‌هۆى بێئومێدبونیان له‌ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان كه‌ ئه‌وانه‌ش ده‌نگده‌رى خۆڵه‌مێشى بوون.

 د شۆش حه‌سه‌ن به‌ دواڕۆژى وت"هه‌ڵوێستى ده‌نگده‌رى خۆڵه‌مێشی بۆ هه‌ڵبژاردنى داهاتوو كه‌ زۆرینه‌یان له‌سنورى سلێمانین كه‌وتووه‌ته‌سه‌ر ده‌ركه‌وتنى بزوتنه‌وه‌یه‌كى نوێ كه‌ له‌بارى ده‌ركه‌وتنیدا ئه‌گه‌ر زۆره‌ ئه‌و ده‌نگانه‌ بۆ ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ بچن به‌وپێیه‌ى زۆربه‌ى بزوتنه‌وه‌ نوێكانیش له‌ پرۆسه‌ى سیاسى هه‌رێمدا له‌ سنورى سلێمانیه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌ون".

 هاوكێشه‌كه‌ ده‌گۆڕێت 

  سه‌رهه‌ڵدانى كێشه‌ى نێوخۆیی له‌ جوڵانه‌وه‌ى نه‌وه‌ى نوێ به‌مدواییه‌ ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ كاریگه‌رى هه‌بێت له‌وه‌ى به‌شێك له‌ ده‌نگى خۆڵه‌مێشی ‌و له‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ش بته‌كنه‌وه‌ كه‌ چاره‌نوسى هه‌ڵوێستیان له‌ هه‌ڵبژاردندا په‌یوه‌سته‌ به‌ دوو سیناریۆوه‌.

 هه‌ڵشۆ عه‌بدولفه‌تاح له‌ په‌یمانگاى كوردى بۆ هه‌ڵبژاردن پێى وایه‌ ده‌نگده‌رى خۆڵه‌مێشی سلێمانى یان ده‌نگ به‌ بزوتنه‌وه‌یه‌كى سیاسى نوێ ده‌دات ئه‌گه‌ر دابمه‌رزێت و دامه‌زرێنه‌ره‌كه‌ى خاوه‌نى كاریزمایه‌كى به‌هێز بێت، یان بایكۆتى هه‌ڵبژاردن ده‌كات".

 وتیشى:"ده‌نگده‌رى خۆڵه‌مێشی سلێمانى كاریگه‌ره‌ به‌ هه‌ڵوێستى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان كه‌ كامیان زیاتر له‌به‌رژه‌وه‌ندى هاوڵاتیان گوتارى سیاسیان هه‌بێت پاڵپشتی ده‌كات".

 بۆچى سلێمانی؟

 له‌ماوه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كانى دواى ساڵى 2009 ه‌وه‌ ده‌نگده‌رى خۆڵه‌مێشی هاوكێشه‌یه‌كى ئاڵۆز بووه‌ له‌ سنورى سلێمانى كه‌ لایه‌نه‌كان گروه‌یان له‌سه‌ر كردووه‌.

 هه‌ڵوشۆ عه‌بدولفه‌تاح ده‌ڵێت:"بونى پانتایی زیاترى ئازادى و كاڵبوونه‌وه‌ى كاریگه‌رى عه‌شیره‌ت له‌ سنورى سلێمانی به‌ به‌راورد به‌شاره‌كانى تر و رۆڵى میدیاو سۆشیاڵ میدیا كاریگه‌رى ته‌واویان هه‌یه‌ له‌سه‌ر زۆرى و ئاڕاسته‌كردنى ده‌نگده‌رى خۆڵه‌مێشی له‌سنورى سلێمانى كه‌ ئێستا لایه‌نه‌كانى تریش هه‌وڵ ده‌ده‌ن ره‌زامه‌ندیان به‌ده‌ست بهێنن".
 
 ئا:هـ.ق



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure