دوو بانك بڕی 30 ملیۆن دینار ده‌ده‌نه‌ ئه‌م گه‌نجانەى هه‌رێم

هەواڵ / ئابوری :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 8668‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 

به‌پێی رێككه‌وتنێك بانكه‌كانی دیجله‌ و فوڕات بڕی 30 ملیۆن دینار ده‌ده‌نه‌ ئه‌و گه‌نجانه‌ی كه‌ ئه‌ندامی یه‌كێتی هاورده‌ و هه‌نارده‌كارانن، سه‌رۆكی یه‌كێتیه‌كه‌ش ده‌ڵێت: "له‌قۆناغی یه‌كه‌مدا بڕی 15 ملیار دینار تەرخانکراوه‌". 


مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتی ھاوردە و ھەناردەکارانی هه‌رێمی کوردستان به‌ دواڕۆژ-ی راگه‌یاند: "ساڵی رابردوو، له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رانى بانكی دیجله‌ و فوڕات كۆبووینه‌وه‌، داوامان لێكردن هاوكاری ئه‌و گه‌نجانه‌ بكه‌ن كه‌ كاری بازرگانی ده‌كه‌ن و كاڵا و شتومه‌ك هاورده‌ ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش به‌ مه‌به‌ستی گەشەی زیاتری ئابوریی ھەرێمی کوردستان".

وتیشی: "لەگەڵ ھەردوو لقی بانکه‌كانی دیجلە و فورات رێککەوتین بۆ پێدانی قەرز بە بازرگانە گەنجانەکان، كه‌ ئه‌ندامی یه‌كێتی هاورده‌ و هه‌نارده‌كارانن، بۆ ئه‌وه‌ى بڕه‌ پاره‌یه‌كیان پێبده‌ن تاوه‌كو گه‌شه‌ی زیاتر به‌ كاره‌كانیان بده‌ن، چونکە زۆر ئەنداممان ھەیە کە سەرمایەی سنورداریان ھەیە، بۆ برەودان بە بازرگانییەکەیان پێویستیان بە ھاوکاری دارایی هه‌یه‌".

سەرۆکی یەکێتی ھاوردە و ھەناردەکارانی هه‌رێم ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: "بەپێی رێککەوتنه‌كه‌ ھەردوو بانکەکە بڕی 30 ملیۆن دینار بە ھەر گەنجێکی ھەرێمی کوردستان دەدرێت، ئەگەر بیەوێت بازرگانی بکات و پێویستی بەو گوژمە پارەیە هەبێت، به‌ڵام به‌ مه‌رجێك ئه‌ندامی یه‌كێتی هاورده‌ و هه‌نارده‌كاران بێت".  

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: "هه‌ر ئه‌ندامێكی یه‌كێتی هاورده‌ و هه‌نارده‌كاران گه‌ر بیه‌وێت پاره‌كه‌ وه‌ربگرێت ده‌بێت پاڵپشتی یه‌كێتی هاورده‌ و هه‌نارده‌كاران به‌رێت، دواتر رێوشوێنی یاسایی ده‌گرێتەبەر بۆ ئەوەی بتوانن کەلوپەل بکڕن، چونکە سیستەمی قەرزەکە وایە، گەنجێکی بازرگان کەلوپەل بکڕێت و وەسڵی کڕینی ھەبێت 30 ملیۆن دیناره‌كه‌ی پێده‌درێت". 

مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان روونیشیكرده‌وه‌: "پێدانی ئه‌و قه‌رزه‌ له‌ قۆناغی یه‌كه‌م  له‌ پارێزگای سلێمانی بڕی 15 ملیار دینار  به‌ 500 گه‌نج ده‌درێت، له‌ قۆناغی داهاتووشدا گه‌ر ره‌زامه‌ندییه‌كه‌ فراوانتر بكرێت له‌ هه‌ولێر-یش جێبه‌جێ ده‌كرێت، چونكه‌ داوامانكردوه‌ پێدانی قه‌رزه‌كه‌ هه‌موو هه‌رێمی كوردستان بگرێته‌وه‌ و ئه‌وه‌ی سلێمانی-ش چۆته‌ بواری جێبه‌جێكردن".

پ: ئا.ح
 بڵاوكردنه‌وه‌:هـ.ق



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە