"داعش به‌ مه‌رج رێگه‌ به‌ جوتیاران ده‌دات دروێنه‌ بكه‌ن"

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 15/05/2019‌ :: 217‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 

جوتیارانی ده‌شتی قه‌راج و كه‌ندێناوه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كه‌ن: چه‌كدارانی داعش رێگه‌ به‌ خاوه‌ن ده‌ڕاسه‌كان ناده‌ن دروێنه‌ له‌و شوێنانه‌ بكه‌ن كه‌ نزیكه‌ له‌ باره‌گاكانی داعش و ده‌شڵێن: "داعش داوای سێ هه‌زار دۆلار له‌ هه‌ر خاوه‌ن ده‌ڕاسه‌یه‌ك ده‌كه‌ن گه‌ر بیه‌وێ دروێنه‌ بكات".  


ئه‌حمه‌د سابیر، جوتیار له‌ گونده‌كانی نزیك چیای قه‌ره‌چووغ به‌دواڕۆژی راگه‌یاند: له‌به‌ر چه‌كدارانی داعش ناتوانن به‌رهه‌می گه‌نمی ئه‌مساڵ دروێنه‌ بكه‌ن، چونكه‌ چه‌كدارانی داعش داوای پاره‌یه‌كی زۆر له‌ خاوه‌ن ده‌ڕاسه‌كان ده‌كه‌ن و ئه‌مه‌ش واده‌كات هیچ ده‌ڕاسه‌یه‌ك نه‌یه‌ته‌ ناوچه‌كه‌ بۆ دروێنه‌كردن.

جوتیارێكی دیکە به‌ناوی سیامه‌ند مه‌حمود، دانیشتووی گوندی داره‌ خورما بۆ دواڕۆژ وتی: "به‌ر له‌ مانگێك له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی حیزبی ناوچه‌كه‌ كۆبوونه‌ته‌وه‌ و پێیانڕاگه‌یاندوون گه‌ر زوو چاره‌سه‌ری كێشه‌ی هه‌بوونی داعش له‌ ناوچه‌كه‌ نه‌كرێت ئه‌مساڵ ناتوانرێت دروێنه‌ بكه‌ن، به‌ڵام كه‌س گوێی به‌ جوتیاران نه‌دا و ئه‌وه‌ی ئێستاش كه‌ دبینرێت به‌هۆی كه‌مته‌رخه‌می حكومه‌تی هه‌رێم و هێزه‌ عێراقییه‌كانه‌، چونكه‌ كه‌ پێشتر پێشمه‌رگه‌ له‌ناوچه‌كه‌ بوو ئارامییه‌كی باش له‌ ده‌شتی قه‌راج هه‌بوو".

ته‌نیا له‌ ماوه‌ی هه‌شت مانگی رابردوودا چه‌كدارانی داعش شه‌ش هاووڵاتیان له‌ سنووری مه‌خمور و ده‌شتی قه‌راج گولـله‌باران كردوه‌ و به‌شێك له‌و شه‌ش كه‌سه‌شی كوشتووه‌، ئه‌مه‌ وایكردوه‌ به‌رده‌وام ترس لای دانیشتوانی گونده‌كانی نزیك داعش دروست بێت و نه‌توانن به‌ ئازادی كاروباره‌كانی رۆژانه‌یان ئه‌نجام بده‌ن. 

پارێزه‌ر گۆران دیبه‌گه‌یی كه‌ له‌ ئێستادا داواكاری جوتیارانی ده‌شتی قه‌راج و كه‌ندیناوه‌ی كردۆته‌ دۆسیه‌ و ئاڕاسته‌ی په‌رله‌كانی كوردستان و وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی كردووه‌، به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: وه‌رزی دروێنه‌ له‌ گونده‌كانی نزیك زنجیره‌ چیای قه‌ره‌چوغ ده‌ستیپێكردوه‌ و جوتیاران ده‌یانه‌وێ به‌رهه‌مه‌كانی گه‌نم و جۆ دروێنه‌ بكه‌ن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ چوونی هه‌ندێک ده‌ڕاسه‌ بۆ ناوچه‌كه‌، چه‌كدارانی داعش ته‌قه‌یان لێكردون و به‌ خاوه‌ن ده‌ڕاسه‌كانیان وتوه‌ گه‌ر دروێنه‌ بكه‌ن ده‌بێت بۆ هه‌ر ده‌ڕاسه‌یه‌ك بڕی سێ هەزار دۆلار بده‌ن گه‌رنا رێگه‌یان پێناده‌ن دروێنه‌ بكه‌ن. 

وتیشی: "له‌كاتی گه‌یاندنی دۆسیه‌ی داواكارییه‌كانی جوتیارانی ئه‌و ناوچانه‌ لیژنه‌ی كشتوكاڵ و وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ به‌ڵێنیانداوه‌ هێزێكی تایبه‌ت ره‌وانه‌ی ناوچه‌كه‌ بكه‌ن و له‌به‌ر مه‌ترسی ئاگڕیش ژماره‌یه‌ك تیمی ئاگركوژێنه‌وه‌ ده‌به‌نه‌ ناوچه‌كانی نزیك زنجیره‌ چیای قه‌ره‌چوغ".

دواڕۆژ پێشتر له‌ راپۆرتێكدا ژماره‌ی چه‌كدارانی داعشی له‌ زنجیره‌ چیای قه‌ره‌چوغ ئاشكرا كرد كه‌ نزیكه‌ی 400 چه‌كدار ده‌بن و به‌ درێژایی 10 كیلۆمه‌تر له‌ زنجیره‌ چیای قه‌ره‌چوغ خۆیان حه‌شارداوه‌ و له‌ناو چیاكه‌ش كۆمه‌ڵێك ئه‌شكه‌وتی لێیه‌ ئه‌و چه‌كدارانه‌ له‌ناو ئه‌و ئه‌شكه‌وتانه‌ خۆیان حه‌شار داوه‌ و باره‌گای تریشیان دروستکردوه‌. 

ره‌شاد گه‌ڵاڵی، به‌رپرسی كۆمیته‌ی رێكخستنی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به‌دواڕۆژی راگه‌یاند: بوونی چه‌كدارانی داعش له‌ سنوری مه‌خمور و ناحیه‌ی قه‌راج بۆته‌ كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ بۆ دانیشتوانی ناوچه‌كه‌ و دوای نه‌مانی ده‌سه‌ڵاتیان له‌ موسڵ و ناوچه‌كانی دیکە چه‌كدارانی داعش خۆیان له‌ چیای قه‌ره‌چوغ رێكخستۆته‌وه‌ و رۆژانه‌ جموجۆڵی چه‌كداری ئه‌نجامده‌ده‌ن. 

وتیشی: "چه‌كدارانی داعش كه‌ ریگری له‌ ئه‌نجامدانی دروێنه‌ ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پاره‌ و دارایی كۆبكه‌نه‌وه‌ بۆ ئه‌و ژن و منداڵانه‌ی كه‌ له‌ چیای قه‌ره‌چوغ له‌گه‌ڵیانن، بۆیه‌ گرنگترین كارێك كه‌ هه‌ردوو حكومه‌تی هه‌رێم و عێراق بۆ خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ بیكه‌ن هێنانی هێزێكی هاوبه‌شه‌ كه‌ له‌ سنووره‌كه‌ جێگیر بكرێت، گه‌رنا داعش مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌یه‌ بۆ خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌".

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure