زنجیره‌ تاوانێكى بێ هاوتا قوبرس ده‌هه‌ژێنێت

هەواڵ / جیهان :: 13/05/2019‌ :: 543‌ جار بینراوە

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ

تاوانى كوشتنى پێنج ئافره‌ت و دوو منداڵى بیانى به‌ ده‌ستى (یه‌كه‌مین خوێنڕێژى قوبرس) ته‌واوى دانیشتوانى ئه‌و دوورگه‌یه‌یی سه‌رسام و نیگه‌ران كردووه‌ نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ى تاوانه‌كان زۆر دڕندانه‌ و نامرۆڤانه‌ن به‌ڵكو له‌به‌رئه‌وه‌ش كه‌ نیشانه‌ى كه‌م و كورتیه‌كى گه‌وره‌یه‌ له‌ ئیشوكارى هێزه‌كانى پۆلیسدا و به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كرێن كه‌ ژیان و سه‌لامه‌تى كۆچبه‌ران گرنگ نییه‌ له‌ لایان.


له‌ ناوه‌ڕاستى مانگى نیسانى ڕابردووه‌وه‌ ئه‌م 7 تاوانه‌ ده‌زگاكانى ڕاگه‌یاندنى قوبرسى یۆنانیان سه‌رقاڵكردووه‌ و بوونه‌ته‌ ناونیشان و سه‌ر وتارى ڕۆژنامه‌كان.

لێكۆڵینه‌وه‌كان ده‌ریانخستووه‌ كه‌ ئه‌فسه‌رێكى سوپاى ئه‌و وڵاته‌ به‌ ناوى (نیكۆس میتاكساس)ه‌وه‌ ئه‌نجامده‌رى تاوانه‌كانه‌ مامۆستایانى بوارى تاوانناسى زانكۆى قوبرس ده‌ڵێن ئه‌م زنجیره‌ تاوانانه‌ بێ وێنه‌ن له‌ وڵاته‌كه‌ماندا و له‌ ساڵى 1960-وه‌ كه‌ دوورگه‌ى قوبرس سه‌ربه‌خۆى وه‌رگرت ئه‌مه‌ یه‌كه‌م جاره‌ تاوانى له‌و جۆره‌ ڕووبدات.

ته‌واوى قوربانیه‌كان ئافره‌ت و كچى منداڵن و هه‌موویان خه‌ڵكى وڵاتانى دیكه‌ن و كۆچبه‌رن له‌ قوبرس چواریان فلیپینین و دووانیان ڕۆمانین و ئه‌وى دیكه‌شیان ڕه‌گه‌زنامه‌ى نیپاڵى هه‌یه‌ و پێش ئاشكرابوونى تاوانه‌كه‌ به‌ بێ سه‌روشوێن له‌ قه‌ڵه‌م درابوون.

له‌ژێر گوشارى ڕاى گشتیدا وه‌زیرى دادى ئه‌و وڵاته‌ ده‌ستى له‌ كار كێشایه‌وه‌ و به‌ڕێوه‌به‌رى پۆلیسیش له‌سه‌ر كار لابرا. هه‌موو لایه‌نه‌كان ده‌ڵێن پۆلیس وه‌كو پێویست گوێى نه‌داوه‌ به‌و ڕووداوانه‌ و ناپیشه‌ییانه‌ ڕه‌فتارى كردووه‌. ڕێكخراوه‌ مرۆییه‌كان ده‌ڵێن بایه‌خدان به‌ ژنانى بیانى له‌ قوبرسدا كه‌ وه‌كو پاككه‌ره‌وه‌ و به‌خێوكه‌رى منداڵ له‌ قوبرسدا كار ده‌كه‌ن په‌ڵه‌یه‌كى ناشرینه‌ به‌ حوكمه‌ت و هه‌ڵوێستى كۆمه‌ڵگاى قوبرسه‌وه‌.

چاودێران ده‌ڵێن ئه‌م ڕووداوه‌ زیان ده‌گه‌یه‌نێت به‌ بوارى گه‌شتیارى قوبرسى یۆنانى كه‌ ته‌نیا له‌ ساڵى پاردا نزیكه‌ى 4 ملیۆن گه‌شتیار ڕووى تێكردووه‌.

پ: ن.ر
بڵاوکردنەوە: ک.س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure