وه‌رگێڕی دوو كتێبه‌كه‌ی سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش ناوه‌ڕۆكی كتێبه‌كان روونده‌كاته‌وه‌

هەواڵ / که‌لتور :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 153‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، چاوپێکەوتنی ئاكۆ حه‌مه‌د رابی

نوسه‌ر و وه‌رگێڕی گه‌نج، فه‌رهاد چۆمانی دووه‌مین كتێبی سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش هاوسه‌رۆكی پێشوی پارتی دیموكراتی گه‌لان (هه‌ده‌په‌)ی به‌ناوی (ده‌وران) له‌ زمانی توركی وه‌رگێڕایه‌ سه‌ر زمانی كوردی. چۆمانی له‌ دیدارێكی كورتدا ناوه‌ڕۆكی ئه‌و دوو كتێبه‌ی ده‌میرتاش روونده‌كاته‌وه‌ و تیشك ده‌خاته‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ به‌خوێندنه‌وه‌ و لێوردبوونه‌وه‌ی ناوه‌ڕۆكی كتێبه‌كان خوێنه‌ر تێده‌گات كه‌ ده‌میرتاش ته‌نیا سیاسی نییە، به‌ڵكو ئه‌دیبێكی باش و سه‌ركه‌وتوشه‌. 


دواڕۆژ: ناوی کتێبەکان چین کە وەرتگێڕاونەتە سەر زمانی کوردی؟
فه‌رهاد چۆمانی: سەڵاحەدین دەمیرتاش تاوەکو ئەو کاتەی سەحەری چاپ و بڵاونەکردبووەوە لای هەموومان تەنیا وەک سیاسییەکی کورد لە باکووری کوردستان و تورکیا ناسرابوو. بەڵام دوای ئەوەی سەحەر بڵاوبووەوە؛ بە دیوێکی دیکەی ئەو ئاشنا بووین و زانیمان ئەدیبێکیشە وەک چۆن سیاسەتڤانە.

دواڕۆژ: ناوەڕۆکی هەردوو کتێبەکە باس لە چی دەکەن؟
فه‌رهاد چۆمانی: ناوەڕۆکی هەردوو کتێبەکە باس لە ژیانی پڕ لە ڕەنج و مەینەتی دەکەن لە تورکیا و بە تایبەت باکووری کوردستان. کاراکتەرەکانی نێو چیرۆکەکانی دەمیرتاش، گەنجانی بێدەرەتان و بێ کار و ئەڤیندارن، کە هەژاری و نەبوونی و بێ مافی چۆن شکستی بە خەونی ژیانێکی شیاو هێناوە بەهەمان شێوە شکست بە ئەڤینەکانیشیان دەهێنن. ژن لە چیرۆکەکانی سەڵاحەدین دەمیرتاش پێگەو ڕۆڵی زۆریان پێدراوە، لەسەر زمانی ژنانیشەوە دەئاخڤێ. وەک چۆن مەینەتی و چەرمەسەرییەکانیان دەکاتە چیرۆک، هاوکات ئازایەتیشیان دەکاتە چیرۆک. ئەم دوو کتێبە -لە ژانر و بواری خۆیدا- مانیفێستۆی برک و ژانی چەوساوەکانی تورکیان. بڕیاریش وایە (دەوران) لەلایەن ناوەندی ڕۆشنبیری ئەندێشە لە سلێمانی چاپ و بڵاوبکرێتەوە. ناوەندی ئەندێشە مافی وەرگێڕان و چاپ و  بڵاوکردنەوەی لە دەزگای ئیلەتیشم کڕیوەتەوە و ئەوان مافەکەیان سەندووە.

دواڕۆژ: لەماوەی چەند رۆژ کتێبەکانت وەرگێڕان و تا چەند لەلایەن خوێنەرانی کورد پێشوازیان لێکرا؟
فه‌رهاد چۆمانی: سەحەر لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشوازییەکی بێ وێنەی لێ کرا. هەم پەسندی چیرۆکەکانیان بوو هەم زمانی وەرگێڕانەکەی، خوێنەران بە تاسەوە خوێندیانەوە. سەحەرەکانی باشووری کوردستان خۆیان لە توێی ئەم کتێبەدا بینییەوە. لە پێشانگای کتێب لە سنە و لە دوو پێشانگای نێودەوڵەتیی بۆ کتێب لە هەولێر پڕفرۆشترین کتێب بوو. و یەکێک بوو لە پڕفرۆشترین کتێبەکان لە کتێبخانەکاندا. ماوەی وەرگێڕانی هەردوو کتێبەکە کورت بوو، چونکە قەبارەی کتێبەکان هێندە زۆر نەبوو،  دەورانم بە کەمتر لە پانزە ڕۆژ وەرگێڕا.

دواڕۆژ: هەست بەچی دەکەیت کە دەمیرتاش لە زیندانەوە کتێبەکانی نووسیون، تۆش وەک وەرگێڕێکی گەنج، کتێبەکانت بە خوێنەرانی کورد ئاشناکردن؟
فه‌رهاد چۆمانی: دیارە هیچ پەیوەستییەکی ئایدۆلۆژی من و دەمیرتاش بەیەکەوە نابەستێتەوە، هەستی کوردبوون و خەبات لەپێناو مرۆڤی چەوساوە و مرۆڤایەتی نەبێت. ئەو لەو پێناوەدا لەپاڵ سیاسەتکردن دێتە نێو دونیای ئەدەب، کە دونیا بێوێنە و هەرە جوانەکەیە و منیش پشک و پارێکم هەیە تێیدا. لە چەند لایەنێکەوە بۆ من گرنگ بوو ئەو  کتێبانەی دەمیرتاش وەربگێڕمە سەر زمانی کوردی شێوەزاری سۆرانی؛ یەکەم: گرنگە ئەو کتێبە لەنێو کتێبخانەی کوردیدا هەبێت. دووهەم: ببێتە میناک و نموونەیەک بۆ سیاسەتڤانانی باشووری کوردستان و کەمێک شەرم دایانبگرێت و گرنگی بە ئەدەب و فەرهەنگ بدەن، ئەگەر ناشنووسن -کە هیودارم نەنووسن- هەر هیچ نەبێ بخوێننەوە. 
سێیەم: دەمیرتاش بێتە نێو دونیایەک کە ڕەخنەگرتن تێیدا لە پێویستییە بنچینەییەکانە. وەک سیاسییەکانی ئێرە پیرۆز نەکرێن و ئەگەر ڕەخنەکردن و هەڵسەنگاندنی چیرۆکەکانیشی بێت، تیشکی ڕەخنەی بکەوێتە سەر. 

دواڕۆژ: دوای بڵاوبوونەوەی سەحەر وێڕای پێشوازییەکی زۆر ئەوەشمان بیستەوە کە چەند خوێنەرێک گوتیان چیرۆکەکان سادەن و یەک دووێکیان نەبێ ئەوانیتر چیرۆک نین، سەرنجی تۆ چییە وەک وەرگێڕی کتێبەکانی دەمیرتاش؟
فه‌رهاد چۆمانی: من مافی ئەوەم نابێت خوێندنەوەی جیاواز جیاواز لە خوێنەران بستێنمەوە، دەقێکی ئەدەبی بەوەدا زیندووە کە خوێندنەوەی فرەڕەهەندانەی بۆ دەکرێت و هەر خوێنەرێک بەپێی چێژ و سەلیقەی خۆی دەیخوێنێتەوە و بۆچوونی خۆی لەسەر دەردەبڕێت، کە بەدڵنیاییەوە ئەمە ڕێزلێگیراوە. دوای بڵاوبوونەوەی هەر کتێبێک چەندە نووسەرەکەی خاوەندارێتی لێ دەکات، هێندەش خوێنەرانی.
بەڵام سەبارەت بە "سادەیی" چیرۆکەکان سەرنجێکی سادەم دەبێت؛ خوێنەری ئێمە یان ئەو خوێنەرە بەڕێزانەی وەها بۆچوونێکیان هەیە دەیانەوێ چیرۆک چۆن بێت، سەحەر وەرگێڕدرایە سەر 12 زمانی گەلانی دونیا. خەڵاتی جیهانی بردەوە. هێشتا سادەن؟ کەمێک هەقبێژانە لەدەق بدوێین، بە تایبەت چیرۆک، من تێناگەم سادەیی مانای چی! واتە دەبێ چیرۆکەکە زۆر "ئاڵۆز" بێت ئەوکاتە چیرۆکە؟ خوێنەر تێی نەگات و بکەوێتە نێو تەونی مانا و گرێچنی ڕستەی ئاڵۆز و ناهەموار و تێما ون بووبێت و کرۆنۆلۆژیای کات وەها شێوابێت نەیبەیتەوە سەر یەکدی ئەودەمە چیرۆکە؟ ئەو کاتە چیرۆکێک وەک چیرۆکێکی "بەرز، قووڵ، فیکری، سەیر، ئاڵۆز و سیحراو .. و..." دادەنرێت کە بۆ 12 زمان وەربگێڕدرێ یان ئەوانەی هاوشێوەی دەقێکی پیرۆز مرۆڤ هیچ عیلمێکی بە ماناکەی نەبێت و بڵێین ئەوەتا دەقی "قووڵ". دیارە دەکرێ ئەم پرسیارە لە نووسەرەکەی بکرێت و خۆی وەڵامی بداتەوە، بەڵام بە گشتی ئەمە بۆچوونی منە لەبارەی "سادەیی" و "قووڵی" هەر دەقێک، کە خوێنەران لە چوارچێوەی ئەم دوو وشەیەدا بەلایەکیدا دەخەن.

پ: ن.ر
پ: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure