له‌ناو حیزبه‌كان ته‌نیا پارتى كاندیدى بۆ پۆستى سه‌رۆكى هه‌رێم هه‌یه‌

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 13/05/2019‌ :: 248‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر كه‌مال

دواى ئه‌وه‌ى دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌ (12ى ئایارى 2019) ده‌رگاى خۆپاڵاوتن بۆ پۆستى سه‌رۆكى هه‌رێم له‌لایه‌ن په‌رله‌مانى كوردستان كرایه‌وه‌، به‌ڵام حیزبه‌كانى دیكه‌ى به‌ده‌ر له‌ پارتى تا ئێستا هیچ كاندیدێكیان بۆ ئه‌و پۆسته‌ نییه‌.


هه‌ریه‌ك له‌ عه‌بدولستار مه‌جید سه‌رۆكى فراكسیۆنى كۆمه‌ڵ و سۆران عومه‌ر په‌رله‌مانتارى كوردستان له‌ هه‌مان فراكسیۆن، به‌ دواڕۆژیان وت: "له‌ كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى سیاسى بڕیار له‌وه‌ ده‌ده‌ین كاندیدمان هه‌بێت بۆ پۆستى سه‌رۆكى هه‌رێم یاخود نا، بڕیاریش ده‌ده‌ین ده‌نگ بده‌ین یان نا".

عه‌بدولستار مه‌جید وتیشى: "تا ئێستا وه‌ڵامى نه‌وه‌ى نوێمان نه‌داوه‌ته‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌وه‌ى كاندیدى هاوبه‌شمان هه‌بێت، ئێمه‌ له‌ فراكسیۆنى كۆمه‌ڵ و له‌ ئه‌نجومه‌نى سیاسیش تاوتوێى ئه‌و پرسه‌ ده‌كه‌ین و دواتر رایده‌گه‌یه‌نین".

له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌، شێركۆ جه‌وده‌ت سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كگرتوو له‌ په‌رله‌مانى كوردستان، بۆ دواڕۆژ باسى له‌وه‌كرد: "ئێمه‌ كاندیدمان بۆ پۆستى سه‌رۆكى هه‌رێم نابێت و به‌شدارى دانیشتنه‌كه‌ش ده‌كه‌ین، به‌ڵام بڕیارمان نه‌داوه‌ چۆن به‌شدارى ده‌نگدانه‌كه‌ بكه‌ین".

هاوكات كازم فاروق، سه‌رۆكى فراكسیۆنى نه‌وه‌ى نوێ، بۆ دواڕۆژ ئاماژه‌ى به‌وه‌دا: "ئێمه‌ وه‌ك نه‌وه‌ى نوێ داوامان له‌ یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵى ئیسلامى كردووه‌ هه‌رسێ لایه‌نمان كاندیدێكى هاوبه‌شمان هه‌بێت بۆ پۆستى سه‌رۆكى هه‌رێم، بۆ ئه‌وه‌ى بیسه‌لمێنین خه‌ڵكی شیاو هه‌یه‌ بۆ ئه‌و پۆسته‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى حیزبه‌كانى ده‌سه‌ڵات، ره‌نگه‌ كه‌سانى بێلایه‌نیش بن".

وتیشى: "چاوه‌ڕێى وه‌ڵام و راى ئه‌و دوو لایه‌نه‌ین و دواتر وه‌ك نه‌وه‌ى نوێ بڕیارى خۆمان ده‌بێت له‌و باره‌یه‌وه‌".

ئه‌گه‌رچى دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌ په‌رله‌مانى كوردستان ده‌رگاى خۆپاڵاوتنى بۆ پۆستى سه‌رۆكى هه‌رێم كرده‌وه‌، به‌ڵام تا ئێستا ته‌نیا نێچیرڤان بارزانى كاندیدى ره‌سمى پارتى دیموكراتى كوردستانه‌ و هیچ كه‌سێكى دیكه‌ خۆ كاندیدبوونى رانه‌گه‌یاندووه‌ بۆ ئه‌و پۆسته‌.

به‌پێى یاساى هه‌موارى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم، سه‌رۆكى هه‌رێم به‌ ده‌نگدانى ئاشكرا له‌ناو په‌رله‌مانى كوردستانه‌وه‌ هه‌ڵده‌بژێردرێت.

هه‌رچى یه‌كێتى و گۆڕانیشه‌ به‌هۆى ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ پارتى له‌سه‌ر پۆسته‌كان رێككه‌وتوون، بۆیه‌ كاندیدیان بۆ پۆستى سه‌رۆكى هه‌رێم نابێت و هه‌ر لایه‌نه‌یان جێگرێكى سه‌رۆكى هه‌رێمیان به‌رده‌كه‌وێت.

مونا قه‌هوه‌چى، جێگرى دووه‌مى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان، به‌دواڕۆژى وت: "له‌ ئه‌مڕۆوه‌ كه‌ ده‌رگاى خۆپاڵاوتن كراوه‌ته‌وه‌، ماوه‌ى سێ رۆژ دیاریكراوه‌ پاشان ماوه‌ى دوو رۆژ بۆ تانه‌دان دیارى ده‌كرێت و له‌دواى ئه‌وه‌ رۆژى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكى هه‌رێم ده‌ستنیشان ده‌كرێت".

جه‌ختیشى كرده‌وه‌: "تا 12 رۆژى دیكه‌ سه‌رۆكى هه‌رێم هه‌ڵده‌بژێردرێت له‌ناو په‌رله‌مان و پاشان سوێندى یاسایى ده‌خوات و سه‌رۆك خۆى جێگره‌كانى دیارى ده‌كات و ئه‌رك و به‌رپرسیارێتیشیان ده‌ستنیشان ده‌كات".

له‌ ساڵى (2005)ه‌وه‌ به‌هۆى رێككه‌وتنى نێوان یه‌كێتى و پارتى پۆستى سه‌رۆكى هه‌رێم به‌ده‌ست پارتییه‌وه‌ بووه‌ و خودى سه‌رۆكى ئه‌و حیزبه‌ سه‌رۆكى هه‌رێم بووه‌.

پ: ن.ر
بڵاوکردنەوە: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure