دواڕۆژ ورده‌كاری رێككه‌وتنی بازرگانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا بڵاوده‌كاته‌وه‌

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 13/05/2019‌ :: 220‌ جار بینراوە

تاگ :: ڕاپۆرت

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

هه‌ردوو حكومه‌تی هه‌رێم و به‌غدا له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كۆن و نوێی بازرگانی نێوانیان رێككه‌وتن و رێككه‌وتنه‌كه‌ش ئیمزاكراوه‌، دواڕۆژ ورده‌كارییه‌كه‌ی بڵاوده‌كاته‌وه‌.

رۆژی (یه‌كشه‌ممه‌‌ 28ی نیسانی 2019) شاندێكی باڵای حكومه‌تی عێراق كه‌ له‌ وه‌زیرانی دارایی و پلاندانان، پیشه‌سازی و بازرگانی، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان و پارێزگاری بانكی ناوه‌ندی عێراق پێكهاتبوون، سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانیان كرد و له‌گه‌ڵ سه‌رۆك و جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت و ژماره‌یه‌ك وه‌زیری هه‌رێم كۆبوونه‌وه‌.

بڕیاره‌ بۆ چاره‌سه‌كردنی كێشه‌كانی نێوانیان، له‌ماوه‌ی سێ مانگی داهاتوو جارێكی دیكه‌ وه‌فده‌ باڵاكه‌ی حكومه‌تی عێراق سه‌ردانی هه‌رێم بكه‌نه‌وه ‌و كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئابووری حكومه‌تی عێراق له‌ هه‌ولێر، ئه‌نجامبدرێت.

دوای هاتنی شانده‌كه‌ی عێراق بۆ هه‌رێم، شاندێكی باڵای وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشه‌سازی هه‌رێم سه‌ردانی به‌غدای كرد و له‌سه‌ر كێشه‌كانی نێوانیان رێككه‌وتنێكی ئیمزاكراویان په‌سه‌ند كرد.

كێشه‌ی زیاتر له‌ 14 هه‌زار كۆمپانیای هه‌رێم چاره‌سه‌ر ده‌كرێت
به‌پێی ئەو رێكەوتنە هه‌مان سیستمی به‌غدا بۆ پێدانی مۆڵه‌تی هاورده‌ و هه‌نارده‌كردن له‌ هه‌رێمیش كاری پێده‌كرێت، به‌ڵام له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ به‌غدا رازی بووه‌ كه‌ ناوه‌ندێكی سێرڤه‌ر له‌ هه‌ولێر بكرێته‌وه‌ و هاوشێوه‌ی به‌غدا مۆڵه‌تی هه‌نارده ‌و هاورده‌ بداته‌ بازرگانان و به‌مه‌ كێشه‌ی كۆمپانیاكانی بواره‌كه‌ كه‌ ژماره‌یان زیاتر له‌ 14 هه‌زار كۆمپانیا بوو چاره‌سه‌رده‌كرێت و مۆڵه‌تیان پێده‌درێت.

نه‌وزاد ئه‌دهه‌م، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی دیوانی وه‌زاره‌تی بازرگانی هه‌رێم به‌ دواڕۆژی وت: "ماوه‌ی شه‌ش مانگه‌ گفتوگۆ له‌نێوانمان هه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی مۆڵه‌ت، دواجار به‌غدا به‌ مه‌رجی هه‌رێم رازی بوو، ئیتر ناوه‌ندێك له‌ هه‌ولێر ده‌كرێته‌وه ‌و هاوشێوه‌ی به‌غدا مۆڵه‌ت ده‌دات و مۆڵه‌ته‌كه‌ش دانی پێنراوه‌ له‌لایه‌ن به‌غداوه‌".

كرێ و رسوماتی بازرگانی بۆ به‌غدا ناگه‌ڕێته‌وه‌ و پشگیری دارایی بازرگانان ده‌كرێت
به‌پێی رێككه‌وتنی نێوان وه‌زاره‌تی بازرگانی هه‌رێم و به‌غدا، هه‌ردوولا رێككه‌وتن كه‌ سه‌رجه‌م كرێ و رسومات كه‌  له‌ هه‌رێم وه‌رده‌گرێت بۆ هه‌رێم بێت و نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ به‌غدا، هه‌روه‌ها له ‌سندوقه‌كه‌ی به‌غدا پیشگری ئه‌و بازرگانانه‌ ده‌كرێت، كه‌ به‌رهه‌می ناوخۆیی له‌ هه‌رێم و پارێزگاكانی دیكه‌ی عێراق هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌ ده‌كه‌ن.

سندوقه‌كه‌، بڕی 30 ملیۆن دۆلاری تێدایه ‌و هه‌ركاتێك بازرگانێك ویستی به‌رهه‌می ناوخۆیی هه‌رێم یاخود عێراق بباته‌ ده‌روه‌ی وڵات، ئه‌و به‌ بڕێك پاره‌ هاوكاری ده‌كرێت.  

سندوقه‌كه‌ كه‌ ئێستا له‌ به‌غدا هه‌یه‌، له‌ هه‌رێمیش لقێكی ده‌كرێته‌وه ‌و نوێنه‌رێكی هه‌رێمیش له‌و سندوقه‌ ده‌بێت بۆئه‌وه‌ی هه‌ركاتێك بازرگانانی عێراق له‌لایه‌ن حكومه‌ت یان هه‌ر رێكخراوێكی نێوده‌وڵه‌تی قه‌ره‌بووكرانه‌وه‌، ئه‌وا پشكی هه‌رێمیش بدرێت.

پشكی هه‌رێم له‌ وه‌رگرتنی گه‌نمی جوتیاران زیادده‌كرێت
به‌وته‌ی به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی بازرگانی، دوو بڕیاری حكومه‌تی عێراق بۆ بڕی وه‌رگرتنی گه‌نمی جوتیارانی هه‌رێم و رێگریكردن له‌ گواستنه‌وه‌ی گه‌نمی جوتیاران، زیانی گه‌وره‌ به‌ هه‌رێم ده‌گه‌یه‌نێت، به‌ڵام گۆڕانكاری له‌ بڕیاری یه‌كه‌م كراوه‌.

نه‌وزاد ئه‌دهه‌م، وتی: "حكومه‌تی عێراق بڕیاریداوه‌ بۆ ئه‌مساڵ ته‌نیا 340 هه‌زار تۆن له‌ جوتیارانی هه‌رێم وه‌ربگرێت، ئه‌مه‌ش زیانێكی زۆر گه‌وره‌ له‌ هه‌رێم ده‌دات چونكه‌ له‌ هه‌رێم زیاتر له‌ یه‌ك ملیۆن تۆن گه‌نم به‌رهه‌مدێت، بۆیه‌ داوامانكرد پێداچوونه‌وه‌ بكرێت و وه‌زیری بازرگانی عێراق محه‌مه‌د هاشم عانی به‌ڵێنیدا موسته‌حه‌قاتی هه‌رێم زیاتربكرێت".

له‌باره‌ی بڕگه‌ی چواره‌می بڕیاری ژماره‌ (49)ی 2019ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق، كه‌ رێگه‌نادات له‌كاتی به‌ بازاڕكردنی گه‌نمی جوتیاران، گه‌نم له‌نێوان پارێزگاكان بگوازرێته‌وه‌، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی دیوانی وه‌زاره‌تی بازرگانی هه‌رێم وتی: "ساڵانی رابردوو رێگه‌ ده‌درا گه‌نمی هه‌رێم بۆ پارێزگاكانی نه‌ینه‌واو كه‌ركوك بگوازرێته‌وه‌، هه‌روه‌ها بازرگانانی باشوور و ناوه‌ڕاستی عێراق گه‌نمی هه‌رێم_یان ده‌كڕییه‌وه ‌و ته‌سمیلی سایلۆكانیان ده‌كرد، به‌ڵام ئه‌مساڵ رێگه‌ به‌و كاره‌ نادرێت بۆیه‌ هه‌رێم دووباره‌ زیانی پێده‌گات".

وتیشی: "به‌رپرسانی بازرگانی عێراق بڕیاریاندا كه‌ جگه‌ له‌ وه‌رگرتین 340 هه‌زار تۆن گه‌نم، بڕی 210 هه‌زار تۆن ئاردیش بۆ هاوڵاتیان هه‌رێم له‌ ساڵێكدا دابینبكه‌ن، به‌مه‌ش كێشه‌كه‌ چاره‌سه‌رده‌كرێت".

له‌باره‌ی كاتی پێدانی پاره‌ی جویتارانی هه‌رێم، ئه‌و به‌رپرسه‌ی هه‌رێم ده‌ڵێت: "به‌پێی بڕیاری وه‌زاره‌تی بازرگانی عێراق له‌ماوه‌ی 48 كاتژمێر له‌ ته‌سمیلكردنی گه‌نم له‌لایه‌ن جوتیارانی پارێزگاكانی عێراق، پاره‌كه‌یان وه‌ردەر‌گرن به‌ڵام بۆ پاره‌ی گه‌نمی جوتیارانی هه‌رێم له‌مساڵدا دوای مانگێك پاره‌كه‌یان پێده‌درێت، چونكه‌ كاری (مقایسه‌) و بانكی ده‌كرێت".

 حكومه‌تی عێراق فه‌رمانگه‌یه‌ك له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌كاته‌وه‌
له‌ كۆبوونه‌وه‌ی نێوان هه‌ردوو وه‌زاره‌ت، بڕیاردراوه‌ كه‌ شاندێكی باڵای عێراق سه‌ردانی هه‌ڵه‌بجه‌ بكات و فه‌رمانگه‌ی بازرگانی خۆراك له‌و پارێزگایه‌ بكاته‌وه‌.
نه‌وزاد ئه‌دهه‌م، رایگه‌یاند: به‌ به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی بازرگانی عێراقمان راگه‌یاندووه‌ كه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ پارێزگایەكی تازه‌یه ‌و پێویستی به‌وه‌یه‌ فه‌رمانگه‌كانی خۆراك و پسوڵه‌ی خۆراك و چاودێری بازرگانی لێ بكرێته‌وه‌، بۆیه‌ له‌سه‌ر داواكاری ئێمه‌ رۆژی چوارشه‌ممه‌ 15ی ئایار وه‌فدێكی حكومه‌تی عێراق و وه‌زاره‌تی بازرگانی ده‌چێته‌ سلێمانی له‌وێوە ده‌چێته‌ هه‌ڵه‌بجه ‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی بازرگانی خۆراك له‌و پارێزگایه‌ ده‌كرێته‌وه‌
.
له‌باره‌ی گۆڕینی پسوڵه‌ی خۆراك و نه ‌ناردنی خۆراكی خراپ بۆ هه‌رێم، نه‌وزاد ئه‌دهه‌م ده‌ڵێت: "پسوڵه‌ی خۆراك له‌سه‌رجه‌م عێراق و هه‌رێم ده‌كرێته‌ كارتی زیره‌ك و پڕۆژه‌كه‌ش له‌لایه‌ن رێكخراوی (Wfp) جێبه‌جێده‌كرێت و ئێستا له‌ قۆناغی ئه‌زموونیدایه‌".

وتیشی: "داوامان له‌ وه‌زاره‌تی بازرگانی كردووه‌، كه‌ چیتر جیاوازی له‌نێوان پارێزگاكانی هه‌رێم و به‌شه‌كانی دیكه‌ی عێراق نه‌كات به‌ ناردنی كه‌می خۆراك و كوالێتی نزم، به‌ڵێنمان پێدراوه‌ كه‌ ئه‌و كێشه‌یه‌ دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌".

پ: ك. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure