كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌باره‌ی بوونی كاندید بۆ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان دوابڕیاریدا

هەواڵ / کوردستان :: 13/05/2019‌ :: 266‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ی هه‌ولێر

سه‌رۆكی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ڕایده‌گه‌یەنێت: ئەنجومەنی سیاسیی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان، بڕیاریداوه‌ کاندیدیان بۆ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان نه‌بێت و دەنگیش به‌ هیچ كاندیدێك نه‌ده‌ن.


عه‌بدولستار مه‌جید، سه‌رۆكی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 13ی ئایار رایگه‌یاند: ئێمە وەک فراکسیۆنی کۆمەڵ لە پەرلەمانی کوردستان، لە خولی ڕابردوو و لەم خولەشدا بۆ پرسی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، خاوەنی پرۆژەی سیاسیی و دید و هەڵوێستی تایبەت بە خۆمان بووین، ئێستاش کە پەرلەمانی کوردستان لەسەروبەندی ئامادەکاریدایە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم بەوشێوەیەی گۆڕان و پارتی و یەکێتی لەسەری ڕێکەوتوون، ئێمە لە فراکسیۆنی کۆمەڵ بڕیاری خۆمان له‌وباره‌یه‌وه‌ داوه‌.

ئاشكراشیكرد: دوای ڕاوێژ لەگەڵ ئەنجومەنی سیاسیی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان، ئێمە نە کاندیدمان بۆ ئەو پۆستە دەبێت، نە دەنگیش بە کاندیدی هاوبەشی ئەو سێ لایەنە دەدەین.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: ئێمە خودی پرۆسەکە هەر لە پرۆژە یاسای کاراکردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێمەوە بە هەڵە دەزانین و پێمانوایە لەبری چارەسەرکردنی کێشەکانی ڕابردوو، توشی کێشەی دیکەمان دەکات و سیستمی سیاسیی و حوکمڕانی لە هەرێم دەخاتە بەردەم قەیرانی دیکە.

ده‌شڵێت: "به‌داخەوە پرۆژەکەی ئێمە کە پرۆژەیەکی هاوسەنگ و ڕێکوپێک بوو پشتگوێخرا و ئەوەی ئێستا هەیە زیاتر لەوەدەچێت کە یاسا بۆ کەسێک دەردەکەن، نەک بۆ دامەزراوەیەکی گرنگ".

 

پ: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure