چیرۆكى ئه‌و پیاوه‌ى سڵاوى له‌ هیتله‌ر نه‌كرد

هەواڵ / که‌لتور :: 13/05/2019‌ :: 201‌ جار بینراوە
ئه‌دۆڵف هیتله‌ر

دواڕۆژ

سڵاوى هیتله‌رى كه‌ به‌ (هایل) ناوده‌برا و ماناى (بژى سه‌ركه‌وتن)ى ده‌گه‌یاند، جۆره‌ سڵاوكردنێك بوو كه‌ حزبى نازى له‌ سییه‌كانى سه‌ده‌ى بیست-دا دایهێنا و هه‌موو هاووڵاتیانى ئه‌ڵمانیاى پێوه‌پابه‌ند كرد، واتا ده‌بوو هه‌موو كه‌سێك له‌ كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌ فراوان و جه‌ماوه‌رییه‌كانى هیتله‌ر-دا ئه‌و سڵاوه‌ بكات وه‌ك گوزارشتێك له‌ دڵسۆزى و خۆشه‌ویستى و لایه‌نگریى بۆ ئه‌دۆڵف هیتله‌ر و حزبى نازى و نه‌ته‌وه‌كه‌ى.


ته‌نیا كه‌سێك كه‌ وه‌ك سه‌رچاوه‌ مێژووییه‌كان باسى ده‌كه‌ن و له‌ ئاماده‌بوونى خودى هیتله‌ر-یشدا ئه‌و سڵاوه‌ى نه‌كردووه‌، هاووڵاتییه‌كى ئه‌ڵمانى بووه‌ به‌ ناوى (ئۆگێست لاندمیسێر) كه‌ لاوێكى دڵسۆز به‌ حزبى نازى بووه‌ و له‌ ساڵى 1931 دا په‌یوه‌ندیى پێوه‌كردووه‌. ئه‌ویش بۆ تاقه‌ جارێك بووه‌ و به‌شێوه‌ سڵاوه‌كه‌ى هیتله‌ر ده‌ستى راستى رانه‌كێشاوه‌.

دوو ساڵێك دواى ئه‌و سڵاونه‌كردنه‌، ئۆگێست لاندمیسێر ده‌كه‌وێته‌ خۆشه‌ویستیى كچێكى جووله‌كه‌وه‌ به‌ناوى (ئیریكا ئیكلێر) و ساڵى 1935 ده‌یخوازێت، به‌ڵام به‌هۆى ئه‌م حاڵه‌ته‌وه‌ له‌ ریزه‌كانى حزبى نازى دوورده‌خرێته‌وه‌ و كاتێكیش پێكه‌وه‌ ده‌چنه‌ هامبۆرگ بۆ به‌ڕه‌سمیكردنى هاوسه‌رگیرییه‌كه‌یان، به‌پێى یاساكانى نۆرمبێرگ هاوسه‌رگیرییه‌كه‌یان ره‌تده‌كرێته‌وه‌. له‌و ساڵه‌دا منداڵى یه‌كه‌میان ده‌بێت. ساڵى دواتر لاندمیسێر به‌ تاوانى ئه‌و سڵاونه‌كردنه‌ ده‌ستگیرده‌كرێت.

له‌ ساڵى 1937دا  ئۆگێست لاندمیسێر و خێزانه‌كه‌ى هه‌وڵێك ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌ڵمانیاى نازى جێبهێڵن و رووبكه‌نه‌ دانیمارك، به‌ڵام له‌ سنوور ده‌ستگیركرا و ئه‌مجاره‌یان تۆمه‌تى سووكایه‌تیكردن به‌ ره‌چه‌ڵه‌ك-ى خرایه‌ پاڵ، له‌به‌رئه‌وه‌ش كه‌ نه‌توانرا به‌سه‌ریدا بسه‌لمێنرێت دواى ساڵێك ئازادكرا و به‌توندیى ئاگاداریى ئه‌وه‌ى درایه‌ كه‌ به‌هیچ جۆرێك له‌ ئیكلێر-ى جووله‌كه‌ (واتا هاوسه‌ره‌كه‌ى) نزیك نه‌كه‌وێته‌وه‌ و دوورونزیك په‌یوه‌ندیى پێوه‌ نه‌مێنێت. 

به‌ڵام ئه‌و پێچه‌وانه‌ى هۆشداریدانه‌كه‌ى نازییه‌كان هه‌ر به‌رده‌وام بوو له‌ هاوسه‌رى و خۆشه‌ویستیى له‌گه‌ڵ ژنه‌ جووه‌كه‌یدا. به‌هۆى ئه‌م (سه‌رپێچى)یه‌یشیه‌وه‌ جارێكى تر ده‌ستگیركرایه‌وه‌ و سێ ساڵ له‌ به‌ندیخانه‌دا مایه‌وه‌. ئیتر ئۆگێست لاندمیسێر هاوسه‌ره‌كه‌ى و منداڵه‌كه‌یى نه‌بینیه‌وه‌.

هه‌ر له‌ ماوانه‌یشدا نازییه‌كان ئیریكا ئیكلێر، به‌ دووگیانى ده‌ستگیرده‌كه‌ن و منداڵى دووه‌مى له‌ به‌ندیخانه‌دا ده‌بێت، به‌و حاڵه‌یشه‌وه‌ ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ سه‌ربازگه‌ى ژنه‌ ده‌ستگیركراوه‌كان كه‌ ناوه‌ندێكى سه‌ربازیى نازیه‌كان بوو بۆ كوشتنى ژنانى جووله‌كه‌. له‌و سه‌ربازگه‌یه‌دا 14 هه‌زار ژنى جووله‌كه‌ به‌ (كوشتنى به‌به‌زه‌یى!!) له‌ناوبران.

ئۆگێست لاندمیسێر-یش دواى به‌ربوونى له‌ زیندان، له‌ساڵى 1944دا به‌سه‌رباز ده‌گیرێت و دواى چه‌ند مانگێك هه‌واڵى بێسه‌روشوێنبوونى بڵاوده‌كرێته‌وه‌.


ئاماده‌كردن: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید

بڵاوکردنەوە: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure