تیژكردنه‌وه‌ى چه‌قۆ.. فیلمێكى سه‌رنجڕاكێش!!

هەواڵ / که‌لتور :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 136‌ جار بینراوە

دواڕۆژ


فیلمێكى كه‌نه‌دى به‌ناونیشانى (ساگاوا كونا-تیژكردنه‌وه‌ یاخود ده‌مه‌زه‌ردكردنه‌وه‌ى چه‌قۆ)، فیلمێكى ئاسایى نییه‌! راسته‌ ناوه‌رۆكه‌كه‌ى وه‌ك هه‌ندێك له‌ فیلمه‌كانى تر باس له‌ خێزان و خۆشه‌ویستى و ونبوون و ناپاكى ده‌كات، به‌ڵام ئه‌وه‌ى ئه‌م فیلمه‌ له‌ هه‌موو فیلمێكى تر جیاده‌كاته‌وه‌، زمانه‌كه‌یه‌تى.

 
زمانى گفتوگۆ و ئاخاوتنى ئه‌كته‌ره‌كانى فیلمى ده‌مه‌زه‌ردكردنه‌وه‌ى چه‌قۆ، زمانى (هایدا)یه‌، هایدا-یش ئه‌و زمانه‌یه‌ كه‌ به‌گوێره‌ى (سه‌نته‌رى كلتورى دانیشتوانه‌ دێرینه‌كان) ته‌نیا 20 كه‌س له‌ سه‌رتاسه‌رى جیهاندا قسه‌ى پێده‌كه‌ن!


ئه‌و گروپه‌ى كه‌ زمانه‌كه‌یان هایدا بووه‌، له‌ پێكهاته‌ ره‌سه‌نه‌كانى كه‌نه‌دا بوون و له‌دێرزه‌مانه‌وه‌ دانیشتووى دوورگه‌كانى هایدا گواى بوون، به‌ڵام ئێستا زمانه‌كه‌یان رووبه‌ڕووى له‌ناوچوون تا ئاستى فه‌وتان بووه‌ته‌وه‌ و ته‌نیا ئه‌و چه‌ند كه‌سه‌ كه‌مه‌ پێى ده‌دوێن كه‌ سه‌نته‌ره‌كه‌ باسى ده‌كات.


هه‌ریه‌ك له‌ هێلین هایگ و گواى ئیدنشۆ كارى ده‌رهێنانیان بۆ فیلمه‌كه‌ كردووه‌. ئیدنشۆ كه‌ بۆخۆى یه‌كێكه‌ له‌و 20 كه‌سه‌ى به‌و زمانه‌ ده‌دوێن، ده‌ڵێت"هه‌ر ده‌بێت به‌ زمانى هایدا بدوێین چونكه‌ فیلمه‌كه‌ له‌سه‌ر ئه‌وانه‌، له‌هه‌مانكاتدا ده‌مانه‌وێت فیلمه‌كه‌ سه‌رچاوه‌یه‌ك بێت بۆ فێربوونى زمانه‌كه‌ له‌لایه‌ن منداڵ و نه‌وه‌ى نوێى ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ خه‌ڵكه‌ ره‌سه‌نه‌ى كه‌نه‌داوه‌".


یه‌كێك له‌ به‌شداربوانى فیلمه‌كه‌، نه‌نكى ئیدنشۆ-ى ده‌رهێنه‌ره‌ و ده‌ڵێت"ئه‌وه‌ خه‌ونى ئێمه‌یه‌ كه‌ منداڵه‌كانمان بخه‌ینه‌وه‌ سه‌ر رێچكه‌ى فێربوونى زمانه‌ فه‌وتاوه‌كه‌مان".
نه‌نكى ده‌رهێنه‌ره‌كه‌ ده‌ڵێت:"كاتى خۆى به‌ منداڵه‌كانیان ده‌گوتین ئه‌وه‌ى به‌ زمانى هایدا قسه‌ بكات ده‌چێته‌ دۆزه‌خ و ته‌نانه‌ت منداڵ له‌سه‌ر قسه‌كردن به‌ زمانى دایكى داركاریى كراوه‌.. كۆتوبه‌ندكردنى زمانه‌كه‌مان هۆكارى ژێرده‌سته‌ییمان بوو، كارێكیان پێكردین ئێستا 100% زمانه‌كه‌مان فه‌وتاوه‌ و كه‌سێك نابینیت زمانه‌كه‌ى خۆى بزانێت. خۆیشمان په‌رتوبڵاوه‌ بووین".


یه‌كێك له‌ ئه‌كته‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كانى فیلمه‌كه‌ ژنێكه‌ به‌ناوى (ئیریكا ریان-گاگنى) كه‌ راهێنه‌ر و فێركارى باقى ئه‌كته‌ره‌كانى تر بووه‌ له‌ سه‌ر زمانه‌كه‌ و ده‌ڵێت:"من خۆم هایدازمانم به‌ڵام له‌بیرمچووبووه‌وه‌، پاشان له‌پێناو ئه‌م پرۆژه‌یه‌دا خۆم فێركرده‌وه‌ و گروپى فیلمه‌كه‌یشم فێرى زمانه‌كه‌ كرد. وه‌ك خۆم قورساییه‌كى ئه‌وتۆم له‌ فێربوونى زمانه‌كه‌دا نه‌بینى چونكه‌ له‌ناخمدا هه‌بوو".

گاگنى ئه‌وه‌نده‌ په‌رۆشى زمانى دایكى بووه‌ كه‌ وه‌ك خۆى ده‌ڵێت"له‌ماوه‌ى دوو هه‌فته‌دا هه‌ر 22 ئه‌كته‌ره‌كه‌م فێرى زمانه‌كه‌ كردووه‌ و ئاماده‌ بوون بۆ به‌رهه‌مهێنانى فیلمه‌كه‌".

ئاماده‌كردن: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید
 پێداچوونه‌وه‌ :هـ.ق
بڵاوکردنەوە: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە