پارێزگارى نوێى موسڵ به‌خشینى پاره‌ له‌پێناو هه‌ڵبژاردنیدا ره‌تده‌كاته‌وه‌

هەواڵ / عێراق :: 14/05/2019‌ :: 189‌ جار بینراوە

تاگ :: عێراق

دواڕۆژ

له‌ یه‌كه‌م لێدوانى خۆیدا پارێزگارى نوێى موسڵ ره‌تیده‌كاته‌وه‌ پاره‌ى دابێته‌ ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى پارێزگا له‌پێناو هه‌ڵبژاردنیدا.


نیوه‌ڕۆى (دووشه‌ممه‌ 13ى ئایارى 2019) له‌ دانیشتنێكى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى موسڵدا مه‌نسور مه‌رعید وه‌ك پارێزگارى نوێى ئه‌و شاره‌ هه‌ڵبژێردرا له‌ برى نه‌وفه‌ل عاگوب پارێزگارى له‌سه‌ركارلادراو.

دوابه‌دواى هه‌ڵبژاردنیشى مه‌نسور مه‌رعید به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: دانیشتنه‌كه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگا به‌شێوه‌یه‌كى روون و ئاشكرا و له‌ژێر چاودێرى هه‌موواندا به‌ڕێوه‌چوو، میدیاكانیش ئاماده‌بوون و ته‌واوى ورده‌كارییه‌كانیان تۆماركرد.

وتیشى: "ئه‌و قسه‌یه‌ى له‌لایه‌ن به‌شێك له‌ سیاسیه‌كانه‌وه‌ ده‌وترێت ده‌رباره‌ى پاره‌دان له‌پێناو كڕینى پۆستى پارێزگارى موسڵ دووره‌ له‌ راستییه‌ و هیچ بنه‌مایه‌كى نییه‌ و ئامانج لێى هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنى راى گشتییه‌".

پارێزگارى هه‌ڵبژێردراو ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: ده‌زانین كه‌ ئه‌ركى پارێزگار قورسه‌ و ئه‌وه‌ى چاوه‌ڕوانیمان ده‌كات له‌ بوارى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و باشكردنى خزمه‌تگوزارییه‌كان و فه‌راهه‌مكردنى بۆ دانیشتوان و كه‌مكردنه‌وه‌ى ئێش و ئازاره‌كانیان ئه‌وپه‌ڕى دژواره‌.

رونیشیكرده‌وه‌: پلانێكى نوێ و خێرا له‌پێناو بوژاندنه‌وه‌ى پارێزگاكه‌ به‌ هه‌ماهه‌نگى فه‌رمانده‌ ئه‌منییه‌كان و ئه‌نجومه‌نى پارێزگا و فه‌رمانگه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان داده‌نێت.

هه‌ڵبژاردنى پارێزگارى نوێ له‌میانى كۆبوونه‌وه‌یه‌كى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى شاره‌كه‌دا بوو به‌ ده‌نگى 28 ئه‌ندام، تیاشیدا ئه‌و ئه‌ندامانه‌ى ده‌نگیان به‌ حیسامه‌دین عه‌ببار پاڵێوراوى ركابه‌رى پارێزگارى نوێ دابوو له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا كشانه‌وه‌.

هاوكات سیروان محه‌مه‌د وه‌ك جێگرى یه‌كه‌مى پارێزگارى نوێ هه‌ڵبژێردرا، به‌ڵام هێشتا جێگرى دووه‌مى پارێزگار یه‌كلایی نه‌بووه‌ته‌وه‌.

وه‌: شیروان شه‌ریف

بڵاوکردنەوە: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure