ئایا هەرێمی کوردستان پشت له‌ ئێران ده‌كات؟

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 14/05/2019‌ :: 6369‌ جار بینراوە

دواڕۆژ


ئه‌و خاڵه‌ گرنگه‌ی كه‌ بووه‌ته‌ هۆی گه‌شتی رانه‌گه‌یندرا و كتوپڕی مایك پۆمپیۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا بۆ به‌غدا و نامه‌ و په‌یامه‌كان شایه‌تحاڵی ئه‌وه‌ن كه‌ كۆشكی سپی به‌ روونی و ئاشكرا هۆشداری داوه‌ته‌ مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی كوردستان و  سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌گه‌ر بێت و درێژه‌ به‌هاوكاریكردنیان له‌گه‌ڵ ئێران بده‌ن و پشت بكه‌نه‌ ئه‌مریكا، ده‌كه‌ونه‌ به‌ تیری توڕه‌یی، كۆشكی سپی.ئه‌مه‌ به‌شێكی راپۆرتێكه‌ كه‌ له‌ سایتی موسه‌له‌س ئۆنلاینی فارسی بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.

 

له‌ درێژه‌ی ئه‌و راپۆرته‌دا هاتووه‌:" له‌ كاتێكدا كه‌ له‌ ماوه‌ی یه‌ك هه‌فته‌ی رابردوودا، زۆربه‌ی میدیا جیهانییه‌كان ته‌نانه‌ت پێش ئه‌وی هیچ كرده‌وه‌یه‌ك له‌ ئێران و ئه‌مریكا ببینن، زه‌نگی شه‌ڕی گه‌وره‌ی كه‌نداویان له‌ نێوان تاران و واشنتۆن لێدا، جۆڵه‌ دیپلۆماسیه‌كانى وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا به‌ مه‌به‌ستی زۆركردنی فشاره‌كان له‌سه‌ر دراوسێكانی ئێران، بۆ به‌ڕه‌نگاربوونه‌وه‌ به‌رامبه‌ر تاران، زیادیكردووه‌.

له‌و نێوه‌نده‌دا كه‌ هه‌موو چاوه‌كان له‌سه‌ر ناردنی فڕۆكه‌هه‌ڵگری ئه‌براهام لینكۆڵن و یو ئێس ئێس ئه‌رلینگتۆن بوون (كه‌ ئۆتۆمبێلی سه‌ربازی و فڕۆكه‌ی شه‌ڕكه‌ر و سیسته‌می موشه‌كی جۆری پاتریۆتی بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئاوه‌كانی كه‌نداو ده‌گواسته‌وه‌)، مایك پۆمپیۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، له‌ كاتێكدا كه‌ ئاماده‌ی گه‌شت بۆ ئه‌ڵمانیا و دیدار له‌گه‌ڵ ئانگێلا مێركڵ بوو، گه‌شته‌كه‌ی  راگرت و له‌ گه‌شتێكی چاوه‌ڕواننه‌كراودا رووى له‌ به‌غدا كرد و چاوی به‌ چه‌ند به‌رپرسی باڵای ئه‌و وڵاته‌ كه‌وت.

له‌م بارودۆخه‌دا ئه‌م پرسیاره‌ دێته‌ ئاراوه‌ كه‌ كورد له‌كاتێكدا كه‌ ناكۆكی نێوان ئه‌مریكا و ئێران گه‌یشتووه‌ته‌ لوتكه‌ چی ده‌كه‌ن و روو له‌ كێ ده‌كه‌ن؟
ئایا كورد ئاماده‌یە بێ هیچ مه‌رجێك خواسته‌كانی واشنتۆن له‌سه‌ر كۆتاییهێنان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ ئێران، به‌ تایبه‌ت په‌یوه‌ندییه‌ ئابووری و بازرگانییه‌كان بهێنن؟
یان له‌ روانگه‌یه‌كی دیكه‌وه‌، تا چ ئه‌ندازه‌یه‌ك ئه‌گه‌ری خۆراگڕی كورد به‌رامبه‌ر ویسته‌كانی ئه‌مریكا و هه‌وڵی هاوكاریكردنی ئێرانیان، له‌ بارودۆخی ئێستادا هه‌یه‌؟

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی ئه‌و راپۆرته‌دا هاتووە: بۆ وەڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و پرسیارانه‌ پێویسته‌ خاڵێكی گرنگ ره‌چاو بكرێت، ئه‌ویش ئه‌وەیه‌ كه‌ ژێرخانى هه‌رێمی كوردستان پێكهاتووه‌ له‌ دوو هێز و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی، كه‌ له‌م بابه‌ته‌دا یه‌ك هه‌ڵویستیان نابێت، بۆ ئه‌‌وه‌ی كه‌ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، به‌ شێوه‌یه‌كی نافه‌رمی و نه‌نوسراو، خۆیان وه‌كو دوو ده‌سه‌ڵاتی جیاواز ئه‌ژمار دەكه‌ن، بۆیه‌ ده‌بێت به‌ جیا كاردانه‌وه‌ و هه‌ڵوێسته‌ پێشبینی كراوه‌كانیان بخرێته‌ ژێر باس و لێكۆڵینه‌وه‌.

پارتی دوودڵە له‌ئه‌مریكا
به‌له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی كه‌ پارتی، خاوه‌نى 45 كورسیه‌ له‌ كۆى 111 كورسی په‌رله‌مان، كاریگه‌رترین حیزبه‌ له‌ گۆڕه‌پانی سیاسی هه‌رێم،به‌ڵام هه‌ڵویستی پابه‌نده‌ به‌ چه‌ند فاكته‌رێكه‌وه‌ له‌وانه‌ هه‌ڵویستی ئه‌مریكا به‌رامبه‌ر به‌ پرسی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی كوردستان، له‌ 25 ی ئایلولی ساڵی 2017 دا كه‌ ره‌زامه‌ند نه‌بوو ریفراندۆمى سه‌ربه‌خۆیی ئه‌نجامبدرێت و بێ ده‌نگیش بوو به‌رامبه‌ر كونتڕۆڵكردنى كه‌ركوك له‌ لایه‌ن حكومه‌تی ناوه‌ندی عێراقه‌وه‌، كه‌ پارتی توش بێ متمانه‌یی به‌ واشنتۆن كرد.

 هۆكارێكى ترى ئه‌وه‌یه‌ پارتی، ئێران به‌ كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی شكستی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ده‌زانێت و له‌ روانگه‌ی ئه‌وانیشه‌وه‌ ئێران به‌ پاڵپشتی له‌ حكومه‌تی ناوه‌ندی و  بوونی رۆڵی له‌ كۆنتڕۆڵكردنى كه‌ركوك له‌قه‌ڵه‌م ده‌دات كه‌ دیارترین هۆكار بوو بۆ لاوازكردنی پارتى له‌ گۆڕه‌پانی سیاسی عێراق و ناوچه‌كه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ری تۆڵه‌ سه‌ندنه‌وه‌ی له‌ ئێران لێ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت.

خاڵێكى تر ئه‌وه‌یه‌ پارتى له‌ ئه‌گه‌ری هه‌ڵبژاردنی واشنتۆن یان ئێران، رێژه‌یه‌ك هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسی له‌سه‌ر ده‌بێت، كه‌ له‌ داهاتوودا زیان به‌ هه‌رێم و ناوچه‌ ده‌گه‌یه‌نێت.

هه‌ڵبژاردنی پاڵپشتی له‌ تاران و ره‌تكردنه‌وه‌ى ویستی ئه‌مریكا، له‌ لایه‌ن حزبه‌كانى هه‌رێمى كوردستان رووبه‌ڕووى مه‌ترسی پشتێكردنیان ده‌كاته‌وه‌ له‌لایه‌ن واشنتنه‌وه‌ كه‌ كه‌مترین سزای، پچڕان و وه‌ستانی پاڵپشتی داراییه‌ له‌ هه‌رێم و هێزی پێشمه‌رگه‌یه‌.

له‌ لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ پشتكردن له‌ ئێران و هه‌ڵبژاردنی ئه‌مریكا، له‌وانه‌یه‌ توڕه‌یی تارانی به‌داوه‌ بێت.

له‌ ئه‌نجامدا كورد له‌ ئه‌گه‌ری هه‌ڵبژاردنی هه‌ر یه‌ك له‌ لایه‌نه‌كان، ده‌كه‌ونه‌به‌ر گولله‌ی غه‌زه‌بی لایه‌نی دووه‌م و سزا و هه‌ڕه‌شه‌ چاوه‌ڕێیان ده‌كات.

سەرچاوە: شەهری خەبەر

وە: ئارەزوو محەمەد

 پێداچوونه‌وه‌:هـ.ق



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure