پەرلەمانتارانی كوردستان ناوی خۆیان بۆ وەرگرتنی ئۆتۆمبێل تۆمار دەكەن

هەواڵ / کوردستان :: 13/05/2019‌ :: 1516‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 


په‌رله‌مانتاریكی پارتی ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات: زۆربه‌ی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان ناوی خۆیان بۆ كڕینی ئۆتۆمبێل تۆمار كردووه‌ و سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانیش بڕی پێنج هه‌زار دۆلار ده‌داته‌ هه‌ر په‌رله‌مانتارێك گه‌ر بیه‌وێ ئۆتۆمبێل بكڕێت.

 

له‌ خوله‌كانی په‌رله‌مان و پێش سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یرانی دارایی په‌رله‌مانی كوردستان له‌سه‌ر حیسابی خۆی ئۆتۆمبێلی بۆ ئه‌ندامانی په‌رله‌مان ده‌كڕی، به‌ڵام له‌كاتی سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یرانی دارایی ئه‌م كاره‌ی په‌رله‌مان ناڕه‌زایی زۆری له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌ دوای خۆیدا هێنا ‌و چه‌ندین گردبوونه‌وه ‌و خۆپیشاندانیش له‌ دژی كڕینی ئۆتۆمبێل بۆ په‌رله‌مانتاران ئه‌نجامدران.

 

هه‌رچه‌نده‌ له‌ مانگی رابردوو سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه‌ له‌م خوله‌ی په‌رله‌مان له‌سه‌ر حیسابی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان ئۆتۆمبێل بۆ هیچ كه‌سێك ناكڕدرێت.

 

لەڕوونكردنوەەكەدا هاتبوو: هه‌ر ئه‌ندامێكی په‌رله‌مانی كوردستان گه‌ر بیه‌وێ ئۆتۆمبێل بكڕێت ئه‌وا سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان ته‌نها پاڵپشتییه‌كی ده‌كات بۆ ئه‌و كۆمپانیایه‌ی كه‌ په‌رله‌مانتاره‌كه‌ ئۆتۆمبێلی لێده‌كڕێت، به‌ڵام په‌رله‌مانتارێكی پارتی ده‌ڵێت: "سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان بڕی پێنج هه‌زار دۆلار بۆ هه‌موو ئه‌ندامێكی په‌رله‌مان دابینده‌كات گه‌ر ئۆتۆمبێل بكڕێت".

 

حاجی سه‌فین، ئه‌ندامی فراكسیۆنی زه‌رد له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: وه‌ك خۆی ماوه‌یه‌كه‌ ئۆتۆمبێلێكی هه‌شت پستۆنی كڕیوه‌ سه‌ره‌تا بڕی (دوو هه‌زارو 300 دۆلار)ی داوه‌ته‌ كۆمپانیاكه ‌و سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانیش بڕی (5000) دۆلاری بۆ داوه‌ و دوای تێپه‌ڕ بوونی سێ مانگیش پێویسته‌ بڕی (حه‌وت هه‌زارو 300 دۆلار) بده‌نه‌ كۆمپانیاكه.

 

وتیشی: "به‌پێی ئه‌و گرێبه‌سته‌ی كه‌ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ كۆمپاناییه‌كی ئۆتۆمبێل كردوویه‌تی ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی ئۆتۆمبێل ده‌كڕێت، ده‌بێت مانگانه له‌ مووچه‌ی په‌رله‌مانتارییه‌كه‌ی بڕی (دوو ملیۆن و 600 هه‌زار دینار) وه‌ك قیستی مانگه‌ بداته‌ كۆمپانیاكه‌".

 

سه‌باره‌ت به‌و ئه‌ندامانه‌ی تاوه‌كو ئێستا ناوی خۆیان تۆمار كردووه‌ بۆ كڕینی ئۆتۆمبێل حاجی سه‌فین ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد: پێش ماوه‌یه‌ك زۆربه‌ی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان ناوی خۆیان بۆ كڕینی ئۆتۆمبێل له‌ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان تۆمار كردووه‌و له‌ ئێستاشدا ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتار ئۆتۆمبێلیان كڕیوه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌موو ئه‌ندامانی په‌رله‌مان ناتوانن به‌ یه‌ك وه‌جبه‌ ئۆتۆمبێل بكڕن، چونكه‌ كۆمپانیاكه‌ ئۆتۆمبێله‌كان به‌ چه‌ند قۆناغێك ده‌هێنێت و ده‌یداته‌ په‌رله‌مانتاران.

 

گوڵستان سه‌عید، ئه‌ندامی فراكسیۆنی گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان بۆ دواڕۆژ ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو: هیچ ئه‌ندامێكی فراكسیۆنه‌كه‌ی ناوی خۆی تۆمار نه‌كردووه‌ بۆ كڕینی ئۆتۆمبێل. 

 

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی گۆڕان ئه‌وه‌شی وت: "گه‌رچی پێویسته‌ په‌رله‌مانتار ئۆتۆمبێلی باشی هه‌بێت، چونكه‌ رێگەوبانه‌كانی هه‌رێم زۆربه‌یان خراپن و پێویسته‌ ئۆتۆمبێله‌كان توندوتۆڵ بن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خۆم وه‌ك هه‌موو خه‌ڵك ئۆتۆمبێلێكی ئاساییم هه‌یه‌ و ئاماده‌ش نیم به‌پاره‌ی په‌رله‌مان ئۆتۆمبێل بكڕم و ده‌مه‌وێ وه‌ك خه‌ڵك بم".

فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامیش ره‌تیده‌كاته‌وه‌ ئۆتۆمبێل به‌ هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌كی په‌رله‌مان بكڕن.

 

روپاك ئه‌حمه‌د، ئه‌ندامی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵ به‌دواڕۆژی راگه‌یاند: سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵ ره‌تیانكردۆته‌وه‌ ئۆتۆمبێل به‌پاره‌ی په‌رله‌مان بكڕن گه‌ر بڕی پاره‌كه‌ كه‌میش بێت، به‌ڵكو ئه‌ندامانی فراكسیۆن سه‌رپشكن له‌وه‌ی ئۆتۆمبێل ده‌كڕن كه‌ ئه‌ویش به‌پاره‌ی خۆین ده‌ی كڕن.

 

وتیشی: "مه‌رج نییه‌ ئه‌و ئۆتۆمبێله‌ی ده‌ی كڕن نرخه‌كه‌ی گرانبه‌ها بێت، به‌ڵام گه‌ر ئۆتۆمبێلیش بكڕن له‌سه‌ر حیسابی خۆیانده‌بێت و پاره‌كه‌شیان مانگانه‌ كه‌ له‌ په‌رله‌مان وه‌ك مووچه‌ وه‌ری ده‌گرن به‌شێكی مووچه‌كه‌یان ده‌ده‌نه‌وه‌ حزب و به‌شه‌كه‌ی تریش بایی خه‌رجی كار و چالاكییه‌كانیانە و هه‌ندێكی تریشی ده‌ده‌نه‌ خه‌ڵكی هه‌ژار".

لای خۆشییه‌وه‌ هیوا نه‌سره‌دین، سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند: هه‌موو ئه‌ندامێكی په‌رله‌مان له‌سه‌ر حیسابی خۆی ئۆتۆمبێل ده‌كڕێت و سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانیش پشتگیرییان بۆ ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی ئۆتۆمبێله‌كه‌ له‌ كۆمپانیاكه‌ وه‌ربگرن.

 

ناوبراو روونیشیكرده‌وه‌: پێدانی بڕی (5000) دۆلار په‌یوه‌ندی به‌ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانەوە هه‌یه‌ كه‌ قسه‌ له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكه‌ ده‌كات ئه‌ندامانی په‌رله‌مان له‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ ببه‌خشرێن.

 

پێداچوونەوە: ئارام غەفور   

بڵاوکردنەوە: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure