لەسەر توانست و ئەدای كابینەی نوێ رای جیاواز هەیە

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 13/05/2019‌ :: 182‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاراس عەزیز

زیاتر لە حەوت مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمان  تێپەڕیوە، تائیستا كابینەی نوێی حكومەت پێكنەهاتووە، لایەنە سەرەكییەكانی  پێكهێنەری حكومەتیش ڕای جیاوازیان هەیە و دڵنیا نین داهاتووی كابینەی نوێ خزمەتگوزاری بێت.

دوای ماوەیەكی زۆر لە دانووستان و كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكان لەسەر چۆنیەتی و شێوازی پێكهێنانی حكومەت، دواجار هەرسێ لایەنی پارتی یەكێتی و بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان ڕێككەوتن و لەیەكەم هەنگاویشدا یاسای سەرۆكایەتی هەرێمیان بەدەنگی 89 پەرلەمانتار كاراكردەوە.

هاوكات لە ڕۆژی ''یەكشەممە 12ی ئایاری 2019 '' پەرلەمانی كوردستان دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ كاندیدانی سەرۆكی هەرێم كردەوە و بڕیاریشە دوای چەند ڕۆژێكی تر سەرۆكی هەرێم لە پەرلەمان هەڵبژێردرێت و دوای ئەوەش سەرۆكی حكومەت بۆ پێكهێنانی كابینەی  نوێ ڕاسپێردرێت".

لەبارەی ئایندەی كابینەی نوێی حكومەتیش بەرپرسانی لایەنە سیاسییەكان ڕای جیاوازیان هەیە، ڕێبوار بابكەیی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەفڕاكسیۆنی پارتی بە دواڕۆژی ڕاگەیاند "بەهۆی كۆتاییی هاتنی شەڕی داعش و باشتر بوونی پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا و نەمانی سیستەمی پاشەكەوت گەشبینن بە حكومەتی ئایندە كەبتوانێت خزمەت بكات، لەهەمانكاتیشدا ڕایگەیاند "مەرج نییە حوكمەتی نوێ داری عەسای موسای پێبیت و گرفتی نەبێت".

دكتۆر ڕێبوار ئیسماعیل، لێپرسراوی مەڵبەندی 3ی هەولێری یەكێتی بە دواڕۆژی ڕاگەیاند "باشبوونی بەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا و ئاڵۆزبوونی پەیوەندی نێوان ئەمریكا و ئێرانیش بەدەرفەت دەزانن تا حكومەتی هەرێم سوود لەو ناكۆكییانە ببینێت و ڕۆڵێكی گرنگ لە پڕۆسەی سیاسیدا ببینێت. 

ئەو بەرپرسەی یەكێتی دەشڵێت: "ئەگەر دەرفەتی گونجاو بۆ تیمی حوكمەت بڕەخسێت، ئەوا دەتوانن پڕۆسەی چاكسازی و خزمەتگوزاریش پێكەوە ئەنجامبدەن".

بزوتنەوەی گۆڕانیش پێیوایە ''ئەوان بەمەرج چوونەتە ناو حكومەت و ئەگەر داواكارییەكانیان جێبەجێنەكرێت، هەڵوێستیان دەبێت".

چالاكی موهەندس، ئەندامی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بە دواڕۆژی ڕاگەیاند ''بۆ چوونە ناو حوكمەت چەند مەرجێكیان هەبووە و ئەگەر لەو ماوەیەی بۆیان دیاریكردووە بەرنامە سیاسییەكەیان جێبەجێنەكرێت هەلوێستیان دەبێت، ئەو بەرپرسەی گۆڕان ئاماژەی بەوەشكرد "لەسیاسەتدا هیچ گرەنتییەك بوونی نییە، بۆیە لەهەركات و ساتێكدا بەرنامە سیاسییەكەیان قەبوڵنەكرا، هەڵوێستیان لەكاتی خۆی ڕادەگەیەنن".

هەر لەم بارەیەوە مەسعود عەبدولخالق، چاودێری سیاسی لەلێدوانێكیدا بۆ دواڕۆژ ڕایگەیاند ''بەهۆی لاوازیی پێگەی هەرێم و بێبەهاكردنی پەرلەمان، پێناچێت حكومەتی داهاتوو لەئاست چاوەڕوانی ئەو هێزە سیاسییانە بێت كە بانگەشەی بۆ دەكەن، هاوكات ئەو چاودێرە سیاسییە ئاماژەی بەوەشكرد، لەڕابوردوودا كۆمەڵێك هەڵەی گەورە لە گرێبەستە نەوتییەكان ئەنجامدراوە، بەوهۆیەوە هەرێم ناتوانێت هاوسەنگی لەنێوان توركیا و بەغدا ڕابگرێت بۆ ساغكردنەوەی نەوت كە ئەمەش بەكێشەیەكی ئابووری دادەنرێت لەداهاتووی حوكمەتی هەرێمدا.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور

بڵاوكردنه‌وه‌:هـ.ق



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure