لەبارەی بەشە بودجه‌ی هه‌رێم لە عێراق هۆشداری دەدرێت

هەواڵ / ئابوری :: 13/05/2019‌ :: 1321‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، به‌غدا

وه‌زاره‌تی دارایی عێراق له ئێستاوه‌ سه‌باره‌ت به‌ بودجه‌ی ساڵی 2020 تا 2022 سه‌رقاڵی كۆبوونه‌وه‌ و پلانی به‌رده‌وامه‌، بڕیارده‌ری لیژنه‌ی دارایی له‌ په‌رله‌مانی عێراق، له‌باره‌ی بودجه‌ی ساڵانی 2020 و دواتر هۆشداری ده‌دات، ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم دانوستان نه‌كات.


ئه‌حمه‌د سه‌فار، بڕیارده‌ری لیژنه‌ی دارایی له‌ په‌رله‌مانی عێراق، بەدواڕۆژی راگه‌یاند: کۆبوونەوەی نوێنه‌رایه‌تی لیژنه‌ی دارایی له‌گه‌ڵ حكومه‌ت بۆ ستراتیژیه‌تی بودجه‌ بۆ ساڵی داهاتوو ده‌ستیپێكردووه‌، چونكه‌ لیژنه‌ی دارایی له‌گه‌ڵ حكومه‌ت هاوڕایه‌ كه‌ سیستمی بودجه‌ بگۆڕدرێت، له‌ بودجه‌ی به‌ند و خشته‌كانه‌وه‌ بۆ بودجه‌ی به‌رنامه‌ و جێبه‌جێكردن، واته‌ بودجه‌ زیاتر له‌سه‌ر لایه‌نی وه‌به‌رهێنان جه‌ختبكاته‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌ مه‌ترسی بۆ سه‌ر بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان بۆ ساڵی 2020 و ساڵانی دواتر كه‌ به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێم له‌ ئێستا خراپتر بێت؟، بڕیارده‌ری لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق، وتی: "به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێم له‌سه‌ر په‌یوه‌ندی نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و ناوه‌ند به‌نده‌، بودجه‌ به‌شێكه‌ له‌ چه‌ندین كێشه‌ی تری نێوان هه‌رێم و به‌غدا، به‌تایبه‌تی كێشه‌ی نه‌وت و غاز، كێشه‌ی داهاتی گومرگی، ماده‌ی 140ی ده‌ستور، بودجه‌ به‌شێكه‌ له‌وانه‌ و ده‌كه‌وێته‌سه‌ر رێككه‌وتنی هه‌ردوو لایه‌ن".

جه‌ختیشیكرده‌وه‌: ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدراڵی رێكبكه‌ون، چاره‌سه‌رێك بۆ پرسی نه‌وت و داهاتی گومرگی بدۆزنەوە، له‌ جێگیركردنی بودجه‌ی ساڵی 2020ی هه‌رێم هیچ زه‌حمه‌تییەك نابێت، به‌ڵام گەر بارودۆخه‌كه‌ وه‌كو ئێستا بێ چاره‌سه‌ری بمێنێته‌وه‌، ئه‌وا بێگومان كێشه‌ی گه‌وره‌ بۆ ئێمه‌ دروستده‌بێت له‌ بودجه‌ی 2020ی عێراقدا.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور
بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure