وێنه‌: له‌ مه‌رزێكى هه‌رێم 24 تۆن شوتى خراپبوو ده‌ستى به‌سه‌ردا گیرا

هەواڵ / کوردستانی :: 12/05/2019‌ :: 423‌ جار بینراوە
وێنه‌یه‌كى شوتییه‌ ده‌ستبه‌سه‌ردا گیراوه‌كه‌

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید

به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ى بیاره‌-ى سه‌ر به‌ پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ ئاشكرایكرد: (ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 12ى ئایار)، له‌ مه‌رزى شۆشمێ-ته‌وێڵه‌ كه‌ره‌نتینه‌ى كشتوكاڵى مه‌رزه‌كه‌ ده‌ستیان به‌سه‌ر 24 تۆن شوتیدا گرتووه‌ كه‌ شیاوى خوارن نه‌بووه‌.


حه‌مید بارام، به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی بیاره‌، به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: "ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ له‌لایه‌ن هۆبه‌ی كه‌ره‌نتینه‌ی كشتوكاڵی مه‌رزی ته‌وێڵه‌-شوشمێ له‌ سنوری ناحیه‌ی بیاره‌، ده‌ست به‌سه‌ر 24 تۆن شوتی هاورده‌كراودا گیرا ئه‌وه‌ش دواى ئه‌وه‌ى له‌ پشكنین ده‌رنه‌چوو بوو، خاوه‌نه‌كه‌ى ویستبووى به‌ رێگه‌ی قاچاخ بیهێنێته‌ ناو خاكی هه‌رێم-ه‌وه‌، به‌ڵام سه‌رجه‌م شوتییه‌كان ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیرا".

وتیشى: "له‌ مه‌رزى شوشمێ-ته‌وێڵه‌ هه‌ر بابه‌تێكی خواردن و خواردنه‌وه‌ پشكنینی ته‌واوی بۆ ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر له‌ پشكنینه‌كان ده‌رنه‌چێت، رێگه‌ی پێناده‌ین بهێنرێته‌ ناو هه‌رێمه‌وه‌، هه‌ر بۆیه‌ له‌چه‌ند رۆژی رابردووشدا به‌هه‌مان شێوه‌ ده‌ستگیرا به‌سه‌ر زیاتر له‌ 13  تۆن شووتی خراپبوودا كه‌ له‌ پشكنین ده‌رنه‌چوو بوو".

ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنى ئه‌و 24 تۆن شوتییه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ هه‌ر له‌م مانگه‌دا زیاتر له‌ 60 تۆن شوتى دیكه‌ى خراپبوو، له‌هه‌مان ئه‌و مه‌رزه‌ ده‌ستى به‌سه‌ردا گیرا و سه‌رجه‌مى له‌ناوبرا.

پ: ئا.ح

بڵاوکردنەوە: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure