بڕیارێك هه‌ڵسوكه‌وتێكى ئینزباته‌كانى سه‌دام بۆ كه‌ركوك ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 345‌ جار بینراوە
ده‌ستگیركردنى چه‌ند گه‌نجێك له‌ كه‌ركوك پاش جێبه‌جێكردنى بڕیاره‌كه‌

دواڕۆژ، عیماد جه‌باری

بڕیاره‌كه‌ى هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بۆ قه‌ده‌غه‌كردنی له‌پێكردنی شۆرتی سێچاره‌ك و بوونی كه‌سانی دوو ره‌گه‌ز له‌سه‌ر شه‌قامه‌كانی كه‌ركوك بۆ (سه‌میر) پێشبینى نه‌كراوبوو و ده‌ڵێت: چیتر ناتوانێت بێ ترس بچێته‌ ده‌ره‌وه‌.


سه‌میر ئه‌كبه‌ر (ته‌مه‌ن 34 ساڵ) كه‌ زۆرجار به‌جلوبه‌رگێكی ته‌سك و قژێكى درێژه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌گه‌ر لێی وردنه‌بیته‌وه‌ نازانیت كچه‌ یاخود كوڕ، ئه‌و ستایله‌ی ئه‌و به‌رجه‌سته‌ی ده‌كات له‌ كۆمه‌ڵگای كه‌ركوكدا نامۆیه‌ ئه‌وه‌ش وایكردوه‌ به‌رده‌وام به‌ر تانه‌ و لۆمه‌ی خه‌ڵك بكه‌وێت، به‌ڵام وه‌كو خۆی ده‌ڵێت: "بۆ خۆم ده‌ژیم و گوێ به‌تانه‌ی كه‌س ناده‌م هه‌رچه‌نده‌ نیگه‌ران ده‌بم، به‌ڵام له‌گه‌ڵیدا راهاتووم".

سه‌میر (ناوه‌كه‌ى خوازراوه‌) كه‌ به‌وته‌ی خۆی پێشتریش له‌ بازگه‌ و كافتریاكاندا رووبه‌ڕووی گێچه‌ڵ بوه‌ته‌وه‌، خه‌مى ئێستاى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێناچێت جارێكیتر بتوانێت هاوشێوه‌ی رابردوو له‌ماڵ بچێته‌ ده‌ره‌وه‌، چونكه‌ هێزه‌ ئه‌منیه‌كان بونی هاوشێوه‌كانی ئه‌ویان له‌سه‌ر شه‌قام و شوێنه‌ گشتیه‌كان قه‌ده‌غه‌كردوه‌.

به‌پێی چه‌ند بڕیارێك كه‌ به‌مدواییه‌ له‌لایه‌ن فه‌رمانده‌یی ئۆپراسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانی كه‌ركوكه‌وه‌ ده‌رچووه‌، بونی كه‌سانی دوو ره‌گه‌ز له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان و له‌به‌ركردنی شۆرتی سێچاره‌ك (به‌رمودا) له‌لایه‌ن گه‌نجانه‌وه‌ قه‌ده‌غه‌كراوه‌. 

ئۆپراسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كان، كه‌ مه‌له‌فی ئه‌منی شاره‌كه‌ به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن، بیانوى قه‌ده‌غه‌كردنى له‌به‌ركردنى ئه‌و به‌رگه‌ى بۆ "ناشایسته‌بوون" گه‌ڕاندوه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ك داوایكردووه‌ چاودێری ئه‌و گه‌نجانه‌ بكرێت كه‌ دوو ره‌گه‌زن یاخود خۆیان به‌ كچان ده‌شوبهێنن ئه‌میشیان به‌مه‌به‌ستی "پاراستنی كلتوری ره‌سه‌نی عێراق" وه‌ك ئه‌وه‌ى ناویان ناوه‌.

عه‌مید ئه‌فراسیاو كامیل، وته‌بێژی پۆلیسی كه‌ركوك بۆ دواڕۆژ وتى: بڕیاره‌كان چونه‌ته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌ك هه‌ر كه‌سێك پابه‌ندنه‌بێت لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی دوباره‌ی نه‌كاته‌وه‌.

ده‌ستبردن بۆ ئه‌و پرسه‌ بووه‌ته‌ مایه‌ى نیگه‌رانى به‌شێك له‌ هاوڵاتیانى كه‌ركوك و به‌ده‌ستێوه‌ردان بۆ سه‌ر مافی تاكى ده‌زانن. 

شاهۆ ئیبراهیم، یه‌كێكه‌ له‌و گه‌نجانه‌ی به‌ به‌رچاویه‌وه‌ هێزه‌ ئه‌منیه‌كان له‌ یه‌كێك له‌ شه‌قامه‌كانی كه‌ركوك سه‌ری گه‌نجیان تاشیوه‌، وتى: هێزه‌ سه‌ربازییه‌كان له‌ شه‌قامی قودس بڵاوببونه‌وه‌، له‌لایه‌ن كه‌سانێك به‌جلوبه‌رگی مه‌ده‌نیه‌وه‌ پشكنین بۆ كافتریاكانی گه‌ڕه‌كه‌كه‌ ده‌كرا و مه‌كینه‌ی سه‌رتاشینیان به‌ده‌سته‌وه‌بوو كه‌ هه‌ر گه‌نجێك ستایلی قژیان به‌دڵ نه‌بوایه‌ ئه‌وه‌ مه‌كینه‌یان لێده‌دا.

وتیشی: "كاتێك بینیم سه‌ری گه‌نجه‌كانیان ده‌تاشی هه‌مان هه‌ڵسوكه‌وتی ئینزباته‌كانی سه‌رده‌می سه‌دامم بیركه‌وته‌وه‌ كه‌ هێشتنه‌وه‌ی ریش و پرچ درێژكردنیان قه‌ده‌غه‌كردبو و به‌ مه‌كینه‌ سه‌ری گه‌نجیان ده‌تاشی".
 
پێشتریش له‌ سه‌رده‌می نه‌جمه‌دین كه‌ریم، پارێزگاری پێشووى كه‌ركوك هێزه‌ ئه‌منیه‌كان به‌هۆی ته‌قه‌كردن و مه‌ی خواردنه‌وه‌ له‌ مانگی ره‌مه‌زاندا سه‌ری پێنج گه‌نجیان تاشی و وێنه‌ی ساتی سه‌رتاشینه‌كانیان له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌وكاتیش نیگه‌رانی زۆری به‌دوای خۆیدا هێنا تاوه‌كو ده‌ستبه‌رداری ئه‌و هه‌ڵسوكه‌وته‌ بوون.

رێبین ئه‌سعه‌د، هاوڵاتیه‌كی شاری كه‌ركوكه‌، پێیوایه‌ ئه‌گه‌ر خه‌ڵك له‌ بڕیاره‌كانی ئه‌مجاره‌ بێده‌نگ بن ئه‌وه‌ له‌ ئاینده‌دا بڕیاری قورستر ده‌رده‌كرێت و به‌ ته‌نزه‌وه‌ ده‌ڵێت: "به‌دوری نازانم ته‌سبیح و شه‌ڕواڵی كوردیش بگرێته‌وه‌".

وتیشى: "ناكرێت مه‌زاجی كه‌سه‌كان كاریگه‌ری له‌سه‌ر تایبه‌تمه‌ندی و مافی تاك دروستبكات به‌تایبه‌ت قه‌ده‌غه‌كردنی ئه‌و دیارده‌یه‌" ئه‌وه‌شى وت: "ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ كه‌ركوك روده‌دات به‌ڵگه‌یه‌كی حه‌شاهه‌ڵنه‌گه‌ره‌ بۆ ده‌سه‌ڵاتی عه‌سكه‌رتاریه‌ت و به‌عه‌سكه‌ریكردنی دۆخه‌كه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م بڕیارانه‌ سه‌ربگرێت ئه‌وه‌ له‌ ئاینده‌دا بابه‌تی دیكه‌ش ره‌نگه‌ قه‌ده‌غه‌بكرێت".

بڕیاری قه‌ده‌غه‌كردنی شۆرت بۆ یه‌كه‌مجار ساڵی 2017 له‌لایه‌ن هاتوچۆی كه‌ربه‌لاوه‌ ده‌ركرا و ئه‌و شۆفێرانه‌ی به‌و جلوبه‌رگه‌وه‌ ئۆتۆمبێلیان لێبخوڕیایه‌ سزاده‌دران، له‌ ساڵی 2018ش پۆلیسی خانه‌قین هه‌مان بڕیاریدا، به‌ڵام هه‌ر زوو رووبه‌ڕووی ره‌خنه‌ی چالاكوانان بوه‌وه‌ و هه‌ڵوه‌شێندرایه‌وه‌.

هه‌رچه‌نده‌ پیاوانی ئاینی جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ له‌ رووی شه‌رعه‌وه‌ ئه‌گه‌ر تاوه‌كو خوا ئه‌ژنۆ بێت ئه‌وه‌ ده‌توانرێت نوێژی پێوه‌بكرێت، به‌ڵام موقته‌دا سه‌در یه‌كێك له‌ سه‌ركرده‌كانى شیعه‌ی عێراق له‌ وه‌ڵامی یه‌كێك له‌ لایه‌نگرانی ده‌ڵێت:  "ئه‌و جلوبه‌رگانه‌ له‌گه‌ڵ دابونه‌ریت و ئه‌خلاقدا ناگونجێت و سه‌رپێچی شه‌رعی ئیسلامیشه‌ و بۆ لاساییكردنه‌وه‌ی غه‌ربه‌".

سه‌میر ده‌ڵێت: "له‌كاتێكدا ئێمه‌ چاوه‌ڕێین هێزه‌ ئه‌منیه‌كان بمانپارێزن له‌ كه‌سانی نه‌فس نزم، كه‌چی خۆیان به‌ یاسا بونمان قه‌ده‌غه‌ده‌كه‌ن وه‌كو ئه‌وه‌ى پێمان بڵێن چیتر تێكه‌ڵ به‌كۆمه‌ڵگا مه‌بن".

داڕشتنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف

بڵاوکردنەوە: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure