دەرمانی کشتوکاڵی قەدەغە دەکرێت

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 6 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 493‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، بورهان یه‌حیا

به‌ڕێوەبه‌رى گشتى كشتوكاڵى دهۆك ده‌ڵێت: "ده‌رمانى كشتوكاڵى بۆ دروستبوونى به‌رهه‌م گرنگە، به‌ڵام لە رابوردوودا قه‌ده‌غه‌كراوە و بە بەسەرچوویی به‌كارهێنراون، ئه‌ندازیارێكیش باس لەوە دەکات: پێویسته‌ پێش نزیكه‌ى 20 رۆژ له‌به‌كارهێنانى ده‌رمان ئه‌و به‌رهه‌مه‌ نه‌خورێت.


نابێت یه‌كسه‌ر دواى به‌كارهێنانى ده‌رمان به‌رهه‌م بۆ خواردن به‌كاربێت
ده‌رمان كاریگه‌رى له‌سه‌ر شێوازى به‌كارهێنانى به‌رهه‌م هه‌یه‌، ئه‌ندازیار ئازاد ئه‌حمه‌د ساڵح، خاوەن نوسینگه‌یەکی فرۆشتنى پێداویستى كشتوكاڵییه‌، دەڵێت: "سێ جۆر ده‌رمانى كشتوكاڵى هه‌یه‌ (فترى، مێشووله‌ و عه‌ناكێب) كه‌ هه‌ر یه‌كێكیان بۆ له‌ناوبردنى جۆره‌ زینده‌وه‌رێكى زیانبەخش بۆ كشتوكاڵ به‌كاردێت كه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاى چاندن هه‌تا به‌رهه‌مهێنان کاری پێده‌كرێت، ده‌بێت بزانین به‌بێ ده‌رمان هیچ جۆره‌ به‌رهه‌مێك ناگاته‌ ئاستى سود وه‌رگرتن، چونكە نه‌خۆشییه‌كان رێگرى له‌وه‌ ده‌كه‌ن و کەشوهەوا زۆر كاریگه‌رى له‌سه‌ر كه‌م و زۆری نه‌خۆشییه‌كان هه‌یه‌".

دەشڵێت: "كاتێك جۆره‌ ده‌رمانێك له‌ كاتى به‌رهه‌م سوودى لێ وه‌رده‌گیرێت ده‌بێت لەنێوان دوو بۆ 20 رۆژ ئه‌و به‌رهه‌مه‌ بۆ خواردن به‌كارنه‌هێنرێت، چونكە مه‌ترسى بۆ ته‌ندروستى دروستدەکات و ئێمه‌ رێنمایى دروست به‌كارهێنان به‌ جوتیاره‌كان ده‌ده‌ین و ئیتر خۆیان ده‌زانن پەیوەست دەبن پێوەی یان نا".

"هیچ كاتێك به‌ڕێوەبه‌راتى كشتوكاڵ رێنمایى كاركردن به‌ ئێمه‌ نادات"
له‌به‌ر هه‌بوونى ده‌رمانى قه‌ده‌غه‌كراو چه‌ند نوسینگه‌یه‌ك لە شاری دهۆک داخراون، لەوبارەیەوە ئازاد ئه‌حمه‌د باس لەوە دەکات: پێش چه‌ند رۆژێك هه‌موو نوسینگه‌كانى فرۆشتنى پێداویستى و ده‌رمانى كشتوكاڵى له‌ سه‌نته‌رى شارى دهۆك داخران به‌ بیانوی ئه‌وه‌ی پابەندنەبوون بە بڕیارەکانەوە، بەڵام چه‌ندین ساڵه‌ ئه‌م کارەدەکەین و تائێستا هیچ كاتێك رێنمایى کارکردنمان له‌لایه‌ن به‌ڕێوەبه‌راتى گشتى كشتوكاڵى دهۆكەوە پێ نەدراوە.

ئەوەش دەخاتەڕوو: گرنگترین رێنمای ئه‌وه‌یە ده‌بێت ئه‌و ده‌رمانه‌ى ده‌یفرۆشین له‌ وه‌زاره‌تى كشتوكاڵى عێراق تۆماركرابێت، به‌ڵام ئێمه‌ به‌ شێوه‌یه‌كى راستەوخۆ ئه‌و ده‌رمانانه‌ ناكڕین، به‌ڵكو لە كۆمپانیا ناوخۆییەکانی کەرتی تایبەتی دەکڕین، بۆیە پێویستە ئەوان دەرمانی تۆمارکراو بێنن بۆ هەرێم و ئێمە توشی کێشە نەکەن.

به‌ گوێره‌ى زانستى كشتوكاڵ، ئه‌گه‌ر زه‌وى دێم به‌ شێوه‌یه‌كی باش به‌ تۆوێكى نمونه‌ى بچێنرێت و کەشوهەوا لەباربێت و بارانى باشى هه‌بێت، بۆ هه‌ر 10 هەزار مه‌ترى چوار گۆشه‌ ده‌توانرێت له‌ نێوان 1200 تا 3500 كیلۆ به‌رهه‌م به‌ده‌ست بكه‌وێت، به‌ڵام ده‌بێت رێگرى له‌ نه‌خۆشییه‌كان بكرێت.

له‌ 5 قه‌زاى دهۆك زیاتر له‌ 11 هەزار دۆنم برنج چێنراوه‌
به‌ڕێوبه‌راتى گشتى كشتوكاڵى دهۆك له‌ ئامارێکدا راگه‌یاندووه‌: له‌ ساڵى 2018 له‌ پێنج قەزای دهۆک، 11728 دۆنم برنج چێنراوه‌، لەو رێژه‌یە بەشێکی زۆری دەکەوێتە قه‌زاى ئاكرێ-وە كه‌ 3500 دۆنمه‌، به‌شێوه‌یه‌كى گشتى له‌م رووبه‌ره‌ ده‌توانرێت 9300 تۆن برنج به‌رهه‌م بهێنرێت.

ئه‌حمه‌د سامى، به‌ڕێوەبه‌رى كشتوكاڵى قه‌زاى زاخۆ باس له‌ زیادبوونى ژماره‌ى جوتیار و زه‌وى كشتوكاڵى ده‌كات و بۆ دواڕۆژی روونکردەوە: دواى هاتنى قه‌یران خەڵکێکی زۆر روویان لە کشتوكاڵ کرد و ئەو کەرتە بەڕێژەی لەسەدا 20 زیادیکرد، بۆ نمونه‌ ساڵى رابوردوو 90 هەزار دۆنم زه‌وى له‌ زاخۆ گه‌نم چێنراوه‌ و 1300 تۆن شوتیش به‌رهه‌م دێت، له‌ سایلۆى زاخۆ ده‌توانرێت 23 تۆن گه‌نم وه‌ربگیرێت.

دەشڵێت: "به‌شێوه‌یه‌كى گشتى له‌ سنورى قه‌زاى زاخۆ 120 دۆنم زه‌وى كشتوكاڵى کاری تێدا ده‌كرێت، گه‌نم له‌ ریزى پێشەوه‌یه‌ به‌ 90 هەزار دۆنم كه‌ ده‌کاته‌ لەسەدا 75ی كۆى گشتى بەرهەم و شوتیش بە پلەی دووه‌م دێت‌".

داهاتی چاندنى برنج له‌ دێره‌لۆك 600 ملیۆن دیناره‌
عسمه‌ت ئیبراهیم، به‌ڕێوەبه‌رى هۆبه‌ى كشتوكاڵى ناحیه‌ى دێره‌لۆك سەربە قەزای ئامێدى بەدواڕۆژی وت: "ساڵانه‌ له‌ سنورى ناحیه‌ى دێره‌لۆك نزیكه‌ى 450 دۆنم برنج دەچێنرێت، له‌ هه‌ر دۆنمێك 950 كیلۆ برنج به‌رهه‌مدێت و یه‌ك كیلۆ له‌ناو بازاڕ به‌ 1500 تا 1750 دینار ده‌فرۆشێت كه‌ دەکاتە 600 ملیۆن دینار داهاتی ساڵانە".

وتیشی: "داوامان له‌ به‌ڕێوەبه‌رایەتى كشتوكاڵى دهۆك كرد مۆڵه‌تمان پێ بده‌ن تاكو به‌رهه‌م دروست ده‌بێت تا مانگى تشرینی دووەمی 2019 ده‌رمانه‌كانمان بفرۆشین، تا ئەو کاتەی دەرمانی تۆمارکراو دێت، به‌ڵام رازى نه‌بوون و كۆتا مۆڵه‌تمان مانگى نیسان بوو و به‌شێكى زۆرى ده‌رمانیشمان دەستی بەسەرداگیراوە".

هه‌موو جۆره‌ ده‌رمانێکی كشتوكاڵى زیانى درێژخایه‌نى هه‌یه‌
ده‌رمانى كشتوكاڵى هه‌م سود و هه‌م زیانى هه‌یه‌، ره‌مه‌زان حه‌مزه‌ پسپۆڕى زانستى ئەوەی بۆ دواڕۆژ روونکردەوە: تائێستا كه‌رتى كشتوكاڵ له‌ هه‌رێم نه‌چووەتەوە چوارچێوه‌ى زانسته‌وه‌‌، به‌ڵام ده‌بێت بزانین ئه‌و ده‌رمانه‌ كیمیاییانه‌ى له‌ بوارى كشتوكاڵ به‌كاردێن هه‌موویان به‌ گوێره‌ى كوالێتى و هێزییان زیانى درێژخایه‌نیان له‌سه‌ر ئاو و هەواو خاک هەیە، پێویسته‌ ئه‌گه‌ر زۆر گرنگ نه‌بێت به‌كارى نەهێنن، چونكه‌ له‌ناو ئاو و هه‌وا و رووباره‌كان و هه‌تا بیره‌كانى ئاو تێكه‌ڵ ده‌بن و وورده‌ وورده‌ كاریگه‌رى نه‌رێنى په‌یدا ده‌كه‌ن كه‌ زیانیان بۆ ته‌ندروستى هاووڵاتیان هەیە، بۆیە پێویسته‌ به‌ پێوه‌رى زانستى مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو جۆره‌ ده‌رمانێك بكرێت".

نووسینگه‌كان ده‌رمانى قه‌ده‌غه‌كراو و بەسەرچوو ده‌فرۆشن
د. له‌زگین چالى، به‌ڕێوەبه‌رى گشتی كشتوكاڵ له‌ پارێزگاى دهۆك به‌دواڕۆژی راگەیاند: وه‌زاره‌تى كشتوكاڵى هه‌رێم و عێراق چه‌ندین جۆر ده‌رمانى خستووه‌تە ناو لیستى ره‌ش كه‌ نابێت به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك كڕین و فرۆشتنی پێ بكرێت، به‌ڵام به‌شێكى زۆر له‌ نووسینگه‌كانى فرۆشتنى پێداویستى كشتوكاڵى ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ به‌ رێگه‌ى قاچاغ دێننه‌ناو هه‌رێم و ده‌یفرۆشن كه‌ زیانێكى زۆری بۆ به‌رهه‌مى كشتوكاڵى هه‌یه‌، بۆیە هه‌موویان داخران و دواى ئه‌وه‌ى هه‌موو رێنماییه‌كان جێبه‌جێكران دووباره‌ كرانه‌وه‌ و بەڵێننامەیان لێ وه‌رگیراوه‌.

به‌ڕێوەبه‌رى گشتی كشتوكاڵی دهۆک باس لەوەش دەکات: به‌شێك له‌ ده‌رمان و پێداویستى كشتوكاڵى كه‌ له‌ناو ئه‌م نووسینگانە دەفرۆشران بەسەرچووبوون و له‌ناوبران، بڕیاریش دراوه‌ به‌ مه‌به‌ستى به‌رزكردنەوەى ئاستى پیشه‌یى خاوه‌ن نووسینگه‌كان خولى تایبه‌ت بۆ فێرکردن بکرێتەوە و هه‌موو جۆرە زانیارییەک سه‌باره‌ت به‌ ده‌رمانه‌كان و شێوازى به‌كارهێنانییان بۆ روونبکرێتەوە بۆ ئەوەی هەڵەکان دوبارە نەکەنەوە.

پ: ن.ر



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure