ئابوریی ڕەمەزان

هەواڵ / چاوی تۆ :: 12/05/2019‌ :: 106‌ جار بینراوە

سەركۆ یونس*


لەمانگی ڕەمەزاندا زیاتر لەیەك ملیار موسڵمان بە كاتژمێری جیاواز لە نزیكەی(57) وڵاتی موسڵماناندا و جگە لە موسڵمانانی وڵاتانی تر، بەڕۆژوو دەبن، ئەمەش ڕەنگدانەوەی باش و خراپی دەبێت لەسەر ئابوری ئەم وڵاتانە.


بێگومان ئەم ڕەنگدانەوەیە بۆ ئەو هەڵسوكەوت و ڕەفتارانە دەگەڕێتەوە كە بەكاربەر و كڕیارانی بەڕۆژوو لەم مانگەدا پێی هەڵدەستن و ئەنجامی دەدەن. لە هەندێ‌ وڵات بەهۆی گۆڕانكاریی كەشوهەوا و داب و نەریتی كۆمەڵایەتی و ئایینییەوە سەرهەڵدەدات، لەوانە كەمكردنەوەی كاتژمێرەكانی كاركردن لەكەرتی گشت و تایبەت و دواخستنی كردنەوەی دوكان و ماركێت و شوێنە بازرگانی و پیشەسازییەكان و لەهەمانكاتدا زووداخستنیان، ئەمەش ڕەنگدانەوەی نێگەتیڤی دەبێت بەسەر گەشەی ئابوری ناوخۆیی و چالاكیی بازرگانی و سەرئەنجام بەشێوەیەكی گشتی ئابوری.


لەڕاستیدا كاریگەرییەكانی مانگی ڕەمەزان لەسەر ئابوریی جیهانی بە گشتی و ئابوری وڵاتانی ئیسلامی 
زۆر و جۆراوجۆرن و بووەتە جێگای سەرنج و تێڕامانی ئابوریناسان. ئەوەتا بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی كە لە ساڵی (2015) دەرچوون، دەركەوتووە ساڵانە موسڵمانان نزیكەی (1.8) ترلیۆن دۆلار خەرج دەكەن. لەچەند ساڵی ڕابوردوودا هەندێ‌ توێژینەوەی زانستی لە وڵاتانی ئیسلامی ئەنجامدراوە و دەركەوتوە ئەگەر بێتوو كاتژمێرەكانی بەڕۆژووبوون درێژە بكێشێت ئەوا كاریگەریی نێگەتیڤی دەبێت لەسەر ئابوری ئەو وڵاتانە بەگشتی و وڵاتانی ئیسلامی بە تایبەت و ئەگەر هاتوو تێكڕای كاتژمێرەكانی بەڕۆژوبوون لە (12) كاتژمێرەوە بەرزببێتەوە بۆ (13) كاتژمێر ئەوا ڕێژەی گەشەی ئابوری لەو وڵاتانەدا كەمدەبێتەوە بۆ (%7)!
كەمبوونەوەی بەرهەمداری:
بەهۆی ئەو هەڵە تێگەشتنەوە لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزان بەوەی كە موسڵمانان كردوویانە بە مانگی پشوو و پاڵدانەوە و نووستن بە ڕۆژ و خواردن و خواردنەوە و بەسەربردنی كات بە پیاسەكردن و سەردانەكان بە شەو، وادەكات بەرهەمداریی یەكەكانی بەرهەمهێنان لە سەرجەم كەرتە ئابورییەكان كەمببێتەوە و ڕێژەی كار و چالاكییە ئابوری و بازرگانییەكان كەم دەبنەوە. بەپێی هەندێ‌ ئاماری زانستی پێوەرەكانی بەرهەمهێنان لە ماوەی مانگی ڕەمەزاندا لە زۆربەی وڵاتانی ئیسلامی دادەبەزێت. ئەوەتا بەپێی توێژینەوەیەك دەركەوتووە ئاستی بەرهەم و بەرهەمداری بەڕێژەی (%20 بۆ %40) دابەزیوە لەو كێڵگانەی كە كرێكارانی هیندی بەڕۆژوو دەبن. لە بەشێكی تری وڵاتانی ئیسلامیدا كار و چالاكییەكان دەخرێنە كاتەكانی شەوەوە ئەمەش پێچەوانەی سیستمی كاركردنی ئابوری ئەم وڵاتانەیە.
ڕۆشنبیریی بەكاربردن:
بەهۆی ئەو هەڵە تێگەشتنەوە، زۆربەی خێزانەكان لە پێش هاتنی مانگی ڕەمەزان بۆ دابینكردنی پێداویستییەكانی ئەو مانگە لە خۆراك و خواردەمەنی و تەنانەت جلوبەرگیش ڕوو دەكەنە بازاڕەكان، ئەمە وا دەكاتە جموجووڵ بخاتە بازاڕەكانەوە و خەرجی خێزانەكان بە هۆی خواستی بەكاربردنەوە زیاد دەكات و وا لە فرۆشیاران دەكات وردەوردە نرخەكانیان بەرزبكەنەوە و بە دەرفەتێكی لەباری دەزانن بۆ خۆدەوڵەمەندكردن!.. كە دەچینە ناو ڕەمەزانەوە دیاردەكە گەورەتر و فراوانتر دەبێت بەتایبەت لە ئابوریی ئەو وڵاتانەی كە دەزگای بەرهەمهێنانیان توانای وەڵامدانەوەی ئەو خواستەیان نییە، وەك ئابوریی هەرێمی كوردستان و عێراق كە بۆ وەڵامدانەوە ناچار پەنا دەبرێتە بەر هاوردەكردنی بڕێكی زیاتر لە بابەتی خۆراك و خواردەمەنی و میوە بە هەموو جۆرەكانیەوە. ئەم ناڕۆشنبیرییەی بەكاربردن لەلایەن زۆربەی ڕۆژووەوانانەوە كاریگەری نێگەتیڤی دەبێت لەسەر ئابوری بەگشتی و كەرتی بازرگانی بەتایبەتی، ئەمە وادەكات جارێكی تر تەرازووی بازرگانی لە بەرژەوەندیی هاوردەكردن بێت و سەروەت و سامانی ناوخۆیی لەپێناو پڕكردنەوەی پێداویستییەكان زیاتر بڕواتە دەرەوەی هەرێم، ئەمەش كاریگەریی خراپ دەخاتە سەر بودجەی خێزان و زۆربەی داهاتەكانیان بۆ لایەنی خەرجی بەكاربردن تەرخان دەكرێت و هەندێ‌ جار ڕێژەیەك لە خێزانەكان لە پێناو دابینكردنی پێداویستییەكانیان پەنا بۆ قەرز دەبەن كە ئەمەش بارگرانیەكی ترە بەسەر شانی كۆمەڵگەوە.

زیادەڕۆیی لە بەكاربردندا:
لەڕاستیدا مانگی ڕەمەزان دەرفەتێكە بۆ ئەوەی تاك و خێزانی موسڵمانان بەسیستەم و شێوازی بەكاربردنیاندا بچنەوە و دووربكەونەوە لە دیاردەی بەفیرۆدان و زیادەخەرجی، بەڵام بەداخەوە بەهۆی نارۆشنبیریی بەكاربردنەوە زۆربەی كۆمەڵگە ئیسلامیەكان تووشی دیاردەی زیادەبەكاربردن و زیادەخەرجی دەبنەوە و زیاد لە پێویستی ڕۆژانە پێداویستی دەكڕن و بۆ هەردوو ژەمی ئێواران و پارشێو دادەنرێت كە بەداخەوە بەشێكی زۆری زیادەیە و سەرئەنجام بەفیڕۆدەچێت و دەخرێتە ناو زبڵدانەوە. ئەوەتا بەپێی ئامارێكی ناڕەسمی شارەوانی سلێمانی لە ساڵانی ڕابوردوودا نزیكەی لە (%60 بۆ%70) ی زبڵ و خاشاكی شاری سلێمانی بریتی بووە لە ماددەخۆراكییەكان و سەوزە و میوە!. هەرچەندە لە ئاینی پیرۆزی ئیسلامدا زیادەبەكاربردن و زیادەڕۆیی ڕێگەپێنەدراوە و دەچێتە بواری حەرامكراوەكانەوە.
لەڕاستیدا بەرۆِژووبوون بۆخۆی هەندێ‌ ڕەهەندی ئابوریی گرنگی هەیە بۆ موسڵمانان، یەكێك لەوانە پاراستنی تەندروستی خودی مروڤە كە ئامانجی سەرەتا و كۆتایی گەشەپێدانی ئابورییە و بۆ مرۆڤ خۆیەتی، بەداخەوە لەم لایەنەیشەوە تاكی موسڵمان هەست بەوە ناكات و پشتگوێی خستووە، بە سەردانێكی شەوانەی نەخۆشخانە فریاگوزارییەكان تێبینی ئەوە دەكەین كە زۆربەی زۆری تووشبوان كەسانی ڕۆژوووانن!. 
هۆكارەكانی بەرزبوونەوەی نرخەكان لە ڕەمەزاندا:
لێرەدا بەكورتی باس لەو هۆكارە ئابوری و كۆمەڵایەتییانە دەكەین كە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی شمەك وكاڵاكان، گرنگترین هۆكار خودی ڕەفتاری بەكاربەری ڕۆژووەوان خۆیەتی بەهۆی ئەوەی كە بەڕۆژوودەبێت برسی و تینیوو دەبێت و حەزی بۆ زۆرێك لە خواردن و خواردەمەنییەكان دەجوڵێت، ئەمە وا دەكات ببێتە هۆی زیادبوونی خواست و سەرئەنجام بەرزبوونەوەی نرخەكان. هەروەها زێدەبەكاربردنی ڕۆژووانان یەكێكی ترە لە هۆكاران، گەڕانەوەی سیستمی پێدانی مووچە و نەمانی پاشەكەوت بەشێوەیەك بووە هۆی زیادبوونی داهاتی نەختینەیی تاك و خێزانەكان ئەمەیش  بوو بەهۆی  زیادبوونی خواست و خەرجی بەكاربردن. هەروەها ئەو پێشبینییە نادروستەی كە بەكاربەران هەیانە كاریگەریی ناڕاستەوخۆی هەیە لەسەر بەرزبوونەوەی نرخەكان و ئەوەشمان لەبیرنەچێت هۆكارە ئاینییەكان لە خێر و سەدەقە و سەرفیترەی ڕەمەزان و پێدانی زەكاتی دەوڵەمەندان لەم مانگەدا دەبنە هۆی زیادبوونی داهاتی چینی هەژاران و ڕاستەوخۆ خەرجكردنی لە بازاڕەكاندا و سەرەئەنجام دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەكان. هەروەها زۆر بەداخەوە فرۆشیاران و بازرگانانی هەرێم بە چاوێكی تەماحاوی لە بارودۆخەكە دەڕوانن و هەموو هەوڵێكیان بۆ بەدەستهێنانی قازانجە!.
باشترین چارەسەر بۆ دەربازبوون لەم قەیران و دیاردانە، بونیادنانی ئابورییەكی سەربەخۆ و پتەو و پشتبەستوو بە سامانی نیشتمانی كەرتەكانی نەوت وكانزاكان و كشتوكاڵ و گەشتوگوزار هەرێم دەتوانێت بەسەر ئەم بارودۆخانەدا زاڵ ببێت. 

*ئابوریناس



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure