سەرما هەنگوینی كوردستانی خواردووە

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 14/05/2019‌ :: 160‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سەنگین خۆشناو

بەمەبەستی ناساندن و بەبازاڕکردنی هەنگوینی خۆماڵی، هەنگەوانانی هەرێمی کوردستان ساڵانە بە بەرهەمی هەنگوینەکەیان لە چەندین فێستیڤاڵ و کێبڕکێی وڵاتان بەشداریدەکەن، تاوەکو ئێستاش هەنگوینی کوردستان یەکەمی وڵاتانی عەرەبییە.

عارف شێروانی، سەرۆکی تۆڕی كۆمه‌ڵه‌كانی هه‌نگه‌وانانی هه‌رێمی كوردستان بۆ دواڕۆژ دەڵێت: "لە هەرێمی کوردستان 15هه‌زار هه‌نگه‌وان هه‌ن کە تاوەکو ئێستا 10 هه‌زار و 600 هەنگەوان بەشێوەیەکی فەرمی ئه‌ندامن له‌ كۆمه‌ڵه‌کانی هەنگەوانان، ئەو هەنگەوانانە تاوەکو ساڵی 2017 بڕی 950 تۆن هەنگوینیان بەرهەمهێناوە.

کەش و هەوا هۆکاری کەمبوونی ڕێژەی هەنگوینە

سەبارەت بە بڕی بەرهەمی هەنگوین عارف ڕایگەیاند "ساڵی 2018 بەرهەمی هەنگوین 90% كه‌میكردووه،‌ به‌هۆی زۆریی بای كوێستانه‌كان و ساردی کەشوهەوا لە وەرزی شیله‌ كۆکردنەوە".

هەنگوینی کوردستان چەندین خەڵاتی بردووەتەوە

لەبارەی بەشداریکردنی هەنگەوانانی کوردستان لە پێشبڕکێی هەنگەوانانی جیهان و وڵاتانی عەرەبی، عارف شێروانی ئاماژەی بەوەدا "ئه‌مساڵ له‌ لوبنان خه‌ڵاتی یه‌كه‌م و دووه‌ممان له‌سه‌ر ئاستی وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئه‌فریقا و ده‌ریای سپی ناوەڕاست بەدەستهێناوە، ساڵی ڕابردووش له‌ میسر یه‌كه‌م و دووه‌ممان له‌سه‌ر ئاستی وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئه‌فریقی بەدەستهێناوە، ساڵی 2015ش له‌ نه‌جه‌ف هەنگوینی کوردستان پله‌ی یه‌كه‌می بەدەستهێنا.

هەنگوینی هاوردە بەناوی هەنگوینی کوردستان دەفرۆشرێن

سەرۆکی تۆڕی كۆمه‌ڵه‌كانی هه‌نگه‌وانانی هه‌رێمی كوردستان ڕاشیگەیاند "3 جۆر هه‌نگوین هه‌ن، هەنگوینی شاخاوی کە زۆرترین خواستی لەسەرە لە بازاڕەکان و هه‌نگوینی به‌ مێو به‌ شانه‌ و هه‌نگوینی ده‌شتی شوێنه‌ گه‌رمەکان". 

دەشڵێت:" زۆرن ئەوانەی هەنگوینی جۆراوجۆری خراپ کیلۆی بە نرخی 100 دۆلار دەفرۆشن، بەڵام باشترین هەنگوین کە هی کوێستانەکانە بەبێ شانە کیلۆی بە 40 هەزار دینارە و بەشانەش بە 50 هەزار دینارە". 

هەنگوینی تورکی و ئێرانی و وڵاتانی دیکە هاوردە دەکرێن کە کوالێتی زۆر خراپە و شەکراوە ئەوە کیلۆی لە 3000 دینار دەستپێدەکات تاوەکو 6000 دینار.

هەنگوینی کوردستان هەناردەی وڵاتان دەکرێت

تەیب محەمەد، هەنگەوانە و خەڵکی گوندی ئارمەوانە ماوەی 19 ساڵە هەنگەوانە بۆ دواڕۆژ دەڵێت: "هەرچەندە ساڵانە بڕی بەرهەممان جیاوازی هەیە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی ساڵانە 10 کیلۆ هەنگوین بەرهەممان هەیە كە بەرهەمێکی نایابە و هەنگوینێکی باشە، ئەمەش وایکردووە جگە لە کڕیارانی ناوخۆ لە دەرەوەی وڵاتیش کڕیارمان هەبێت" تەیب دەشڵێت: "ڕاستە بەهۆی قەیرانی دارایی لە ساڵانی ڕابردوو حکومەت نەیتوانیوە هاوکاریمان بکات، بەڵام ئەگەر بێت و ڕێگری لە هاوردەکردنی هەنگوینی ئێران و تورکیا بکات، ئەوا ئێمە توانای زۆرمان هەیە دەتوانین زۆرترین ڕێژەی هەنگوین بەرهەم بهێنین، بەڵام بەڕاستی هەنگوینی خراپی ئێرانی و تورکی بازاڕیان تەنیووە.

سەبارەت بە کاتی پێگەیشتنی بەرهەمی هەنگوین تەیب ڕایگەیاند "کاتی پێگەیشتنی هەنگوینی کوردستان ساڵانه‌ له‌ ناوچە گه‌رمەکان له‌ مانگی 5 و 6 هەنگ ده‌ست به‌ كۆكردنه‌وه‌ی شیله‌ ده‌كات و له‌ كوێستانەکانیش مانگه‌كانی 7 و 8 ده‌ست به‌ كۆكردنه‌وه‌ی شیلە ده‌كات. 

له‌ ناوەڕاستی مانگی 8 ده‌ست به‌ بڕینه‌وه‌ی هەنگوین ده‌كرێت، ئه‌مساڵ به‌هۆی ساردی و بارانی زۆر 40% هه‌نگی هه‌نگه‌وانان له‌ناوچووه‌.

ئیماڕات باشترین کڕیاری هەنگوینی کوردستانە بەپێی ئامارەکانی تۆڕی كۆمه‌ڵه‌كانی هه‌نگه‌وانانی هه‌رێمی كوردستان كە ساڵانه‌ نزیكه‌ی 1000 تاوه‌كو 2000 تۆن هەنگوین له‌ وڵاتانی ئێران و توركیا و سعودیه‌ هاوردە دەكات. 

هاوکات زۆرترین ڕێژەی هەنگوین بۆ وڵاتی دوبه‌ی ده‌ڕوات بەجۆرێک، سالی 2012 42 تۆن و 500 كیلۆ هه‌نارده‌ی دوبه‌ی كراوه‌.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 

بڵاوکردنەوە: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure