ئەو مامۆستایەی بۆ دابینكردنى مووچه‌ى هاوپیشه‌كانى ئۆتۆمبێله‌كه‌ى فرۆشت گیانی لەدەستدا

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 13/05/2019‌ :: 21640‌ جار بینراوە
مامۆستا (سۆران محه‌مه‌د)

دواڕۆژ، محەمەد مستەفا

درەنگانێکی شەوی پێنجشەممەی رابوردوو 10ی ئایاری 2019، مامۆستایەک لە سەربانی ماڵەکەی لە گوندی بۆسکێنی قەزای ڕانیە، لەو کاتەی سەرقاڵی چاککردنی سەتەلایتی ماڵەکەی دەبێت، بەهۆی شۆرتی کارەباوە گیان لەدەستدەدات .

(سۆران محەمەد) ئەو مامۆستا تەمەن 34 ساڵەی گوندی بۆسکێنی سەر بەقەزای ڕانیە بوو بەهۆی هەڵوێستەکانیەوە لەکاتی قەیرانی داراییدا هاووڵاتیان لە دوای کۆچەکەی وەک هاوخەمییەک بۆ گیان لەدەستدانی، وێنەکەیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاوکردەوە.

"ئۆتۆمبێلە تایبەتییەکەی خۆی فرۆشت و مووچەی مامۆستایانی خوێندنگەکەی پێ دابینکرد"

ئومێد عەلی، هاوپیشەی (مامۆستا سۆران)ەو لە باسی هەڵوێستەکانی ئەو مامۆستایە بۆ دواڕۆژ رایگەیاند: لەکاتی قەیرانی داراییدا ئەو مامۆستایە بەڕێوبەری خوێندنگەی ئامادەیی بۆسکێن بوو، لەو کاتەدا قەیرانی دارایی تەنگی بە هەموو فەرمانبەران هەڵچنیبوو، زۆرێک لە مامۆستایان دۆخی داراییان خراپ بوو، هەر بۆیە بڕیاریدا ئۆتۆمبێلە تایبەتییەکەی خۆی بفرۆشێت و مووچەی مامۆستایانی خوێندنگەکەی پێ دابینبکات. 

وتیشی: "ئەمەش شتێکی چاوەڕوانکراو بوو لەو، چونکە (مامۆستا سۆران) خەمی هەموو کەسێکی بوو جگە لە خەمی باخەڵی خۆی".

"ئۆتۆمبێلەکەی بە نزیکەی 20 هەزار دۆلاری ئەمریکی فرۆشت و مووچەی 17 مامۆستا و دوو پاسەوان و کارگوزارێکی پێ دابینکرد"

مامۆستا ئومێد باسی لەوەشکرد: دوای فرۆشتنی ئۆتۆمبێلەکەی (مامۆستا سۆران) مووچەی مانگێکی بۆ سەرجەم مامۆستایانی خوێندنگەکەی دابینکردوە، بەڵکو بەشێکی لەو پارەیەش وەک مووچە داوەتە چەند مامۆستایەکی دەرەوەی خوێندنگەکەی لەکاتێکدا کە زانیویەتی ئەو مامۆستایانەی ئەوێ پێویستیان بە پارە هەیە. 

ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە هەر لەسەر گیرفانی خۆی پێداویستی خوێندنگەکەی دابین دەکرد و لە جیاتی حکومەت و پەروەرودەی رانیەش لە هەوڵی چارەسەرکردنی گرفتە پەروەردەییەکانی سنورەکەیدا بووە.

"هەرچەندە خاوەنی خانوی خۆی نەبوو، بەڵام زۆربەی پارەی تایبەتی خۆی بۆ هاوکاری خوێندکارانی کەمدەرامەت و خەڵکی هەژار بەکاردەهێنا"

دانا ڕەزگەیی، هاوپیشە و هاوڕێی نزیکی مامۆستا سۆرانە، لە باسی چیرۆکی ژیانی ئەو مامۆستایە بۆ دواڕۆژ وتی: "سۆران ماوەی 10 ساڵە مامۆستایە و ماوەی 9 ساڵە هاوسەرگیری کرووە، لە دوای خۆی دوو کچی بە ناوەکانی (لیسا و لیا) بە جێهێشتووە، ئەو جگە لەوەی کە مامۆستای میلاک بوو لە خوێندنگەی ئامادەیی بۆسکێن، بەڵام بەهۆی پەرۆشی بۆ پڕۆسەی پەروەردە (مامۆستا سۆران) لە سێ خوێندنگەی شاری رانیە وەک خۆبەخش وانەی دەوتەوە و ئەو کاتەی مامۆستایان لەسەر شەقام بوون بۆ داواکردنی مافەکانیان (مامۆستا سۆران) لەڕیزی پێشەوەی مامۆستایانی ناڕازیی داوای مافەكانیانی دەكرد.

وتیشی: "هەرچەندە خانووی تایبەتی خۆشی نەبوو لەڕووی مادیشەوە خاوەن پارەیەکی ئەوتۆ نەبوو، بەڵام هەموو کات بە پارەی خۆی هاوکاری خوێندکارە هەژارەکانی دەکرد و پێدایستی خوێندنگەی بۆ دەکڕین و هاوکاری خەڵکی هەژاری دەکرد ، ئەمە جگە لەوەی هەر مامۆستایەک پێوستی بە هاوکاری ماددی بوایە (مامۆستا سۆران) گەر خۆشی پارەی لەبەر دەست نەبوایە ئەوا پارەی بۆ قەرز دەکرد و ئیشەکەی بۆ جێبەجێ دەکرد، هەروەها زۆربەی کات وەک کەسێکی کۆمەڵایەتی بەشداری کێشە کۆمەڵایەتییەکانی دەکرد و چەندینجار کێشەی خێزانی گەورەی چارەسەر کردووە کە گەیشتۆتە نزیک ئاستی جیابوونەوەی ئەو خێزانانە".

 
بارزان محەمەد برای (سۆران)ەو لە باسی چیرۆکی ژیان و ساتی رووداوەکە بۆ دواڕۆژ رایگەیاند: خێزانەکەی ئەوان پێکهاتوون لە دوو برا و حەوت خوشک، ئەو جگە لە برا هاوکات هاوڕێیەکی گیانی بە گیانیشی بووە زۆربەی کاتەکان بەیەکەوە بوون. 

بارزان باس لە ساتی رووداوەکە دەکات و دەڵێت: "درەنگانێکی شەوی پێنجشەممە براکەم بە هاوسەرەکەی دەڵێت کە دەچێتە سەربان بۆ چاککردنی سەتەلایتی ماڵەکەیان، بەڵام کاتێک دەچێتە سەربانی خانوەکەی، دەبینێت بەهۆی تەڕبوونی سەربانەکە شۆرتی کارەبا کەوتۆتە سەر ئەو سەربانە، هەر بۆیە بە خێزانەکەی دەڵێت کە کارەبای ماڵەوە بکوژێنێتەوە بۆ ئەوەی چارەسەری ئەو شۆرتی کارەبایە بکات و دواتر سەتەلایتەکە چاکبکات، بەڵام لەو کاتەدا بەهۆی ئەوەی مامۆستا سۆران پێخاوس بووە و پێڵاوی لە پێ نەبووە، کارەبا دەیگرێت و دەستبەجێ گیان لەدەستدەدات.

"ئیتر دەڕۆم و نایەمەوە و تەلەفۆنیشتان بۆ ناکەم"

ئاوات ئیبراهیم، دانیشتوی گوندی بۆسکێنە و هاوڕێی مامۆستا سۆرانە و لە هەمانکاتدا دایکی ئاوات کارگوزاری خوێندنگەکەیە ، بۆ دواڕۆژ وتی: "چەند کاتژمێرێک بەر لە ڕووداوەکە مامۆستا سۆران وەک بڵێی دڵی خەبەری مەرگی پێدا بێت، بە پێکەنین و خۆشیەوە بە دایکی ئەوی وتووە "ئیتر دەڕۆم و نایەمەوە و تەلەفۆنیشتان بۆ ناکەم".

پێداچوونەوە: ئارام غەفور

بڵاوکردنەوە: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure