داعش به‌رپرسیارییه‌تى ئه‌و ته‌قینه‌وه‌ و گرژیانه‌ى گرته‌ئه‌ستۆ كه‌ رووبه‌ڕووى هه‌سه‌ده‌ بوونه‌وه‌

هەواڵ / جیهان :: 10/05/2019‌ :: 279‌ جار بینراوە

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ

له‌ شه‌وى چوارشه‌ممه‌ى رابردوو 8ى ئایار، زنجیره‌یه‌ك ته‌قینه‌وه‌ و گرژى رووبه‌ڕووى ئه‌و ناوچانه‌ بووه‌ كه‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتى هێزه‌كانی سوریاى دیموكرات-دان له‌ سوریا، به‌ڵام ئه‌مڕۆ هه‌ینى 10ى ئایار، گروپى تیرۆریستى داعش به‌رپرسیارییه‌تى سه‌رجه‌میانى گرته‌ ئه‌ستۆ.


شەوى چوارشەممەى رابردوو لەڕێگاى ماتۆڕێکەوە تەقینەوەیەکى بەهێز بەرامبەر نەخۆشخانەى شارۆچکەى کەشکیە لە رۆژهەڵاتى دێرەزور روویدا، لەئەنجامدا هاوڵاتییەک کوژرا و 3 کەسى دیکەش بریندار بوون. هاوكات روانگەى سورى بۆ مافەکانى مرۆڤ بڵاویكرده‌وه‌ "لەگەڵ ئەو رووداوە، تەقینەوەیەکى دیکەش بەهەمان شێوە لە رێگاى ماتۆڕێکەوە نزیک سەنگەرەکانى هەسەدە لە گوندى شحێل لە رۆژهەڵاتى دێرەزور تەقیوه‌ته‌وه‌ و بووە هۆى کوژرانى سێ چەکدارى ئەو هێزە".

هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا چەند چەکدارێکى نەناسراو نزیک  فەرمانگەى پۆستەى ناوچه‌ى (تەیانە) هێرشیانکردووه‌ته‌ سەر پاسەوانەکانى ئەو فەرمانگەیە، لە ئەنجامدا هێزەکانى هەسەدە رووبەڕوویان بوونەوە بێئەوەى هیچ زیانێک لەو بارەیەوە ئاشکرا بکرێت.

هاوكات میدیاكانى ئه‌و وڵاته‌ بڵاویانكرده‌وه‌ "بومبێکى چێندراو لەسەر رێگاى کسرە شێخ لە رەققە بە ئۆتۆمبێلێکى هێزەکانى ئاسایشدا تەقیوه‌ته‌وه‌، لە ئەنجامدا  دوو ئاسایش بەسەختى بریندابوون و دەستبەجێ گواستراونەتەوە بۆ بنکەیەکى پزیشکى لەو ناوچەیە".

له‌دواى ئه‌م كرده‌وه‌ تیرۆریستیانه‌ ئه‌مڕۆ رێکخراوى تیرۆریستى داعش بەرپرسیارێتى خۆی لە روودانى ئەو هێرش و چەند تەقینەوانە راگەیاند. له‌ كاردانه‌وه‌ى ئه‌و روداوه‌شدا هێزه‌كانى سوریا دیموكرات هه‌ڵمه‌تێكى گه‌ڕان و پشكنینیان له‌ ناوچه‌كه‌ ده‌ستپێكرد.

و: ئاکۆ زەنگەنە
پ: ئا.ح



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure