بەرپرسی بەشی ئاماری نەخۆشخانەی ھیوا: دروستکردنی کارگەی ڕیسایکلین جێگەی دڵخۆشیە

هەواڵ / کوردستان :: 11/05/2019‌ :: 565‌ جار بینراوە
وێنه‌ى كارگه‌یه‌كى ریسایكلین

تاگ :: سلێمانی

دواڕۆژ، زریان محەمەد

دوای ئەوەی بۆ ماوەیەک کارکردن لە دامەزراندنی کارگەی ریسایکلینی شاری سلێمانی لەتانجەرۆ وەستا لەئێستادا دروستکردنی کارگەکە دەستیپێکردووه‌تەوە که‌ له‌لایه‌ن گروپی کۆمپانیاکانی فاروق-ه‌وه‌ جێبەجێی دەکرێت.

د. محەمەد عبدلوەھاب، بەرپرسی بەشی ئاماری نەخۆشخانەی ھیوا بە دواڕۆژ-ی وت: "دەستکردن بەکارکردن لەپڕۆژەی ڕیسایکلینی سلێمانی جێگەی دڵخۆشیە بۆ ئێمە، چونکە ھەموو ماددەکانی عەلاگە و پلاستیک و دەبەی نایلۆن کە فڕێدەدرێت دەچێتە ناو خاک کە ئەمەش بەچەندین ساڵ لەناوناچێت و کاتی زۆری دەوێت".

وتیشی: "ئەگەر ئەو ماددانە دووبارە لەکارگەی ڕیسایکلین بەکاربێتەوە ئەوا ژینگەمان بەرەو پاکی دەڕوات، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە رێژەی سەوزایی زیادبکەین و کارگەکان ژینگە بپارێزين ئەوا دەتوانین ژینگەیەکی پاک فەراھەم بکەین".

بەپێی ئامارێکی حکومەتی ھەرێم بۆ ساڵی 2018 لەھەر 100 ھەزار کەسێک لە ھەرێم 99 کەس توشی شێرپەنجەبوون، لەناوچەکانی بازیان و دەڤەری ڕاپەڕین بەپێی ئاماری نەخۆشخانەی ھیوا بۆ ھەر 100 ھەزار ھاووڵاتیەک 70  حاڵەتی توشبوون بە شێرپەنجە تۆمار کراوە. 

بەھۆی قەیرانی دارایی-یه‌وه‌ حکومەتی ھەرێم خەرجی بەشێکی زۆری پڕۆژەکانی راگرت لەنێویشیاندا پڕۆژەی ڕیسایکلین ناوچەی تانجەڕۆ لەشاری سلێمانی لەئێستاشدا بەوتەی پارێزگاری سلێمانی پارە بۆ ئەو پڕۆژەیە خەرجکراوە و گروپی کۆمپانیاکانی فاروق کاری تێدا دەکه‌ن.

لەو بارەیەوە ھەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بە دواڕۆژ-ی راگەیاند: "بەھۆی قەیرانی داراییەوە ئەو پڕۆژەیە راگیرابوو ، لەئێستدا حکومەت رێگاوبان و کارەبا و ئاوی بۆ ئەو پڕۆژەیە دابینکردووە و گروپی کۆمپانیاکانی فاروق دەستیانکردووە بەکارکردن لە بونیادنانی کارگەکەکەدا".

پڕۆژەی ریسایکلینی خۆڵ و خاشاکی سلێمانی، لە24 ی نیسانی 2014 دا بەردی بناغەکەی دانرا، کە لەناوچەی تانجەرۆی نزیک لە سلێمانی دادەمەزرێت، لەلایەن کەرتی تایبەت و کەرتی گشتییەوە بەڕێوەدەچێت، کارگەکەش توانای دووبارە بەکارهێنانەوەی 400 تۆن خۆڵ و خاشاکی ھەیە لەساڵێکدا.

پ: ئا.ح
بڵاوكردنه‌وه‌:هـ.ق



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure