گۆڕان كێى كاندید كردووه‌ بۆ پۆستى جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێم؟

هەواڵ / کوردستانی :: 10/05/2019‌ :: 9195‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر كه‌مال


ئه‌گه‌رچى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌ ئێستادا له‌ رێگه‌ى لیژنه‌یه‌كى 13 كه‌سییه‌وه‌ به‌ سه‌رپه‌رشتى رێكخه‌رى گشتى سه‌رقاڵى هه‌ڵسه‌نگاندنى سیڤیه‌كان و دیاریكردنى كاندیده‌كانیه‌تى بۆ پۆسته‌كانى كابینه‌ى داهاتووى هه‌رێم، به‌ڵام كاندیدى بۆ پۆستى جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێم یه‌كلایى كردۆته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌كى باڵا له‌ناو بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان كه‌ نه‌یویست ناوى بهێنرێت، به‌ دواڕۆژ-ى وت: "خواستى زۆرینه‌ى ناو گۆڕان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یه‌ (مسته‌فاى سه‌ید قادر) بكرێته‌ جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێم و ئه‌وه‌ش یه‌كلایى بۆته‌وه‌ و تاكه‌ كاندیدمانه‌ بۆ ئه‌و پۆسته‌، چونكه‌ هیچ كه‌سێكى دیكه‌ داواى نه‌كردووه‌".

بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان جگه‌ له‌ پۆستى جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێم، پۆستى یاريده‌ده‌رى سه‌رۆكى حكومه‌ت بۆ چاكسازیى و چوار وه‌زاره‌ت و چه‌ند ده‌سته‌یه‌ك و چه‌ندین پۆستى دیكه‌ى له‌ناو كابینه‌ى داهاتووى هه‌رێم بۆ دانراوه‌ و له‌گه‌ڵ پارتى رێككه‌وتنیان له‌سه‌ر كردووه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ى دواڕۆژ، باسى له‌وه‌شكرد: "دواى ئه‌وه‌ى له‌م مانگه‌دا نێچیرڤان بارزانى له‌ناو په‌رله‌مانه‌وه‌ هه‌ڵده‌بژێردرێت بۆ پۆستى سه‌رۆكى هه‌رێم و سوێندى یاسایى ده‌خوات، مه‌سرور بارزانى وه‌ك كاندیدى پارتى بۆ پۆستى سه‌رۆك وه‌یزران راده‌سپێرێت بۆ ئه‌وه‌ى له‌ ماوه‌ى یه‌ك مانگدا كابینه‌ى نۆیه‌مى حكومه‌تى هه‌رێم پێكبهێنن، پاشان داوا له‌ یه‌كێتى و گۆڕان ده‌كات كاندیده‌كانیان بۆ پۆستى هه‌ردوو جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێم پێشكه‌شبكه‌ن و ئه‌ویش مه‌رسومیان بۆ ده‌ربكات و ده‌ستبه‌كاربن".

له‌ كابینه‌ى هه‌شته‌مى حكومه‌تى  هه‌رێم (مسته‌فاى سه‌ید قادر) له‌ پشكى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان كرا به‌ وه‌زیرى پێشمه‌رگه‌ و پارتى ره‌زامه‌ند بوو له‌سه‌رى.

پ: ئا.ح



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure