دواڕۆژ ناوى كاندیده‌كانى یه‌كێتى بۆ پۆسته‌ حكومیه‌كان بڵاوده‌كاته‌وه‌

هەواڵ / کوردستانی :: 10/05/2019‌ :: 6388‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر كه‌مال


یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان له‌ رێگه‌ى لیژنه‌یه‌كه‌وه‌ هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ سیڤى ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كات كه‌ ده‌یانه‌وێت له‌ كابینه‌ى داهاتووى هه‌رێم پۆست وه‌ربگرن، دواتریش له‌ مه‌كته‌بى سیاسى ناوه‌كان ده‌كرێنه‌وه‌، دواتر ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تی بڕیار له‌سه‌ر یه‌ك كه‌س ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ى ببێته‌ كاندیدى فه‌رمى حزبه‌كه‌یان بۆ وه‌رگرتنى پۆسته‌ حكومیه‌كان.


سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى كه‌ نه‌یویست ناوى ئاشكرا بكرێت به‌ دواڕۆژ-ى وت: "ئه‌و لیژنه‌یه‌ى به‌ سه‌رۆكایه‌تى (عومه‌ر فه‌تاح) دانراوه‌ چه‌ند كۆبوونه‌وه‌یه‌كیان كردووه‌ و زیاتر له‌ 700 سیڤیان بۆ وه‌رگرتنى پۆسته‌كان به‌ده‌ستگه‌یشتووه‌، هه‌ڵسه‌نگاندنیان بۆ ده‌كه‌ن، دواتریش مه‌كته‌بى سیاسى كورتكردنه‌وه‌ له‌ لیستى ناوه‌كان ده‌كه‌ن، پاشان ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى بڕیار له‌سه‌ر یه‌ك كه‌س ده‌دات بۆ وه‌رگرتنى هه‌ر پۆستێك".

وتیشى: "بۆ پۆستى جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌تى  هه‌رێم تا ئێستا ته‌نها (قوباد تاڵه‌بانى) كاندیده‌ و بۆ پۆستى جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێم بۆ كاروبارى سه‌ربازى (شێخ جه‌عفه‌ر) خوازیاره‌ ئه‌و پۆسته‌ وه‌ربگرێت و زۆرتر ناوى ئه‌و ده‌هێنرێت. هه‌روه‌ها بۆ پۆستى وه‌زیرى پێشمه‌رگه‌ هه‌ریه‌ك له‌ (مسته‌فا چاوڕه‌ش، شۆڕش ئیسماعیل، جه‌بار یاوه‌ر) ده‌یانه‌وێت ببنه‌ كاندیدى حزبه‌كه‌یان".

سه‌رچاوه‌كه‌ى دواڕۆژ باسى له‌وه‌شكرد: هه‌ریه‌ك له‌ (حه‌مه‌ى حه‌مه‌سه‌عید، ئارامى حه‌مه‌ى مینا) بۆ وه‌زاره‌تى رۆشنبیرى سیڤییان پێشكه‌شكردووه‌، زۆرتر ناویان ده‌هێنرێت، هه‌روه‌ها هه‌ریه‌ك له‌ (د.عیزه‌ت سابر، د.پۆڵا خانه‌قا، ئاسۆس عه‌لى) سیڤیان پێشكه‌ش كردووه‌ بۆ وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ و زیاتر ناویان ده‌هێنرێت، جگه‌له‌وه‌ش (ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سوڵ) داواى وه‌زاره‌تى پلاندانانى كردووه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش (ڕه‌وه‌ند كه‌ركوكى، جێگرى به‌رپرسى مه‌ڵبه‌ندى كه‌ركوكى یه‌كێتى) داواى پۆستى وه‌زاره‌تى هه‌رێم بۆ هه‌ماهه‌نگى له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا. تائێستا به‌هێزترین كاندیدیش بۆ پۆستى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا (د.یوسف گۆران)ه‌.

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: هه‌موو حزبه‌كان به‌هۆى فشارى رێكخراوه‌كانى ژنانه‌وه‌ به‌ڵێنیانداوه‌ ژنێك بكه‌نه‌ وه‌زیر، یان پۆستێكى بده‌نێ كه‌ ده‌سه‌ڵاتى وه‌زیرى هه‌بێت له‌ناو یه‌كێتیش (په‌روین كاكه‌حه‌مه‌) ناوى هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى پۆستى وه‌زاره‌تێك یان ده‌سته‌یه‌كى پێبدرێت.

سه‌باره‌ت به‌وه‌ى كه‌ى یه‌كێتى كه‌سێك بۆ پۆستى سه‌رۆكى په‌رله‌مان یه‌كلایى ده‌كاته‌وه‌، ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ده‌ڵێت: "تا ئێستا ته‌نها (ڕێواس فایه‌ق و بێگه‌رد تاڵه‌بانى) ناویان هه‌یه‌ بۆ ئه‌و پۆسته‌، ده‌بێت رێكبكه‌ون له‌سه‌رى یان یه‌كێكیان ته‌نازول بۆ ئه‌وى تریان بكات، یان دوو ساڵ به‌ دوو ساڵ پۆسته‌كه‌ به‌ڕێوه‌به‌رن".

به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ بۆ هه‌ر پۆستێك سیڤییه‌كى زۆر پێشكه‌شكراون، به‌ڵام ئه‌و ناوانه‌ى بڵاوده‌كرێنه‌وه‌، ئه‌وانه‌ن كه‌ زۆرترین چانسیان هه‌یه‌ بۆ وه‌رگرتنى پۆسته‌كه‌ و زیاتر ناویان ده‌هێنرێت و ره‌زامه‌ندى زۆرینه‌یان له‌سه‌ره‌.

پ: ئا.ح

بڵاوکردنەوە: ک. س
 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure