ناوەڕۆکى گرێبەستى سەدە لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکان ئاشکرابوو

هەواڵ / جیهان :: 10/05/2019‌ :: 275‌ جار بینراوە

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ

رۆژنامەى ئیسرائیل هایۆمى ئاشکرایکرد: ناوەڕۆکى (گرێبەستى سەدە) لە وەزارەتى دەرەوەى ئیسرائیل دزراوە و وردەکارییەکانى ئەو پلانە ئاشکرابووە کە ئەمریکا بە نیازە لە رۆژهەڵاتى ناوڕاست جێبەجێی بکات.

رۆژنامە عیبرییەکە دیارترین خاڵەکانى ئەو رێککەوتننامەیەى بەم شێوەیە بڵاوکردووەتەوە:

1. رێککەوتن: رێککەوتنێکى سێ قوڵى لە نێوان ئیسرائیل و رێکخراوى رزگاریخوازى فەلەستینى و بزوتنەوەی حەماس واژۆ کراوە کە بەپێی ئەو رێککەوتنە، دەوڵەتێکی نوێ بەناوى فەلەستینى نوێ لەسەر خاکى کەرتى غەزە و کەنارى خۆرئاوا دروست دەبێت، بێئەوەى ئۆردوگا جێنشینەکانى سەر ئەو خاکە بگرێتەوە.

2. قودس: بە هیچ شێوەیەک قودس دابەش ناکرێت و بەهاوبەشى لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستینى نوێ دەمێنێتەوە و دانیشتوانە عەرەبەکانیش رەوانەى فەلستینى نوێ دەکرێن، بەڵام شارەوانى قودس تەنها لە رووى پەروەردەیی خوێندنەوە لێپرسراو نابێت لەو شارە و پێویستە لەسەر فەلەستینى نوێ باجى "ئاو و خانووبەرە" بداتە بەشى قودسى ئیسرائیلى، لەهەمان کاتدا جوەکانى ئیسرائیل بۆیان هەیە زەوییەکانى عەرەبە فەلەستینییەکان بکڕن، بەڵام عەرەبەکان بۆیان نییە زەوى جوەکان بکڕن.

3. غەزە: بەپێی ئەو بەڵگەنامەیە، وڵاتى میسر زەوى نوێ لەسەر فەلەستینییەکان دابەش دەکات و پێویستە لەسەرى نیشتەجێ نەبن و تەنها بۆ دروستکردنى کارگە و فڕۆکەخانە و جێگاى ئاڵوگۆڕى کشتوکاڵى و بازرگانى بەکار بهێندرێت.

4. ئەو رێککەوتننامەیە بەسپۆنسەرى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا و یەکێتى ئەوروپا و وڵاتانى کەنداوى عەرەبى لە ڕووى ئابوورییەوە جێبەجێ دەکرێت.

5. لە ماوەى 5 ساڵدا نزیکەى 30 ملیار دۆلار بۆ بنیادنانى فەلەستینى نوێ دابین دەکرێت بەپێی ئەم رێژەیە، ئەمریکا 20% یەکێتى ئەوروپا 10% وڵاتانى کەنداوى عەرەبى 70%.

6. سوپا: قەدەغەیە دەسەڵاتى ئەو وڵاتە نوێیە هیچ جۆرە چەک و سوپایەکى هەبێت، تەنها پۆلیس بۆى هەیە چەکى سووکى هەبێت و بە پێی رێککەوتنێک ئیسرائیل بەرگرى لە فەلەستینى نوێ دەکات.

وە: ئاکۆ زەنگەنە
پ: ن.ر
بڵاوکردنەوە: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure