هه‌ولێر؛ سێ مۆڵەتی وەبەرهێنان هەڵدەوەشێنرێنەوە

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 10/05/2019‌ :: 345‌ جار بینراوە
وێنە: ئەرشیف

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 


لەماوه‌ی 13 ساڵی رابردوو 35 هه‌زار دۆنم زه‌وی دراونه‌ته‌ پڕۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنان و دوای باشتر بوونی قه‌یرانی دارایيش زیاتر له‌ 40 پڕۆژه‌ ده‌ستیان به‌ كاره‌كانیان كردۆته‌وه‌. 

 

له‌ دوای ئازادكردنی عێراق و ناردنی پاره‌ له‌ به‌غداوه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان له‌ ماوه‌ی ساڵانی 2006 تا 2013 حكومه‌تی هه‌رێم ژماره‌یه‌كی زۆر پڕۆژه‌ی رێگاوبان و نیشته‌جێبوون و خزمه‌تگوزارییه‌كانی له‌ڕێگه‌ی وه‌ربه‌رهێنه‌رانه‌وه‌ خسته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه ‌و به‌شێك له‌پڕۆژه‌كان ته‌واو كران، به‌ڵام بەهۆی سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یرانی دارایی له‌ 2014 زۆرێكیان وه‌ستان. 

 

له‌ساڵی 2006 تا 2019 له‌سنوری پارێزگای هه‌ولێر 35 هه‌زارو 200 دۆنم زه‌وی دراوه‌ته‌ پڕۆژه‌كانی رێگاوبان و نیشته‌جێبوون و پڕۆژه‌كانی تری خزمه‌تگوزاری و لەئێستادا به‌شێكی ده‌ستیانپێكردووەته‌وه‌.

 

سامان عه‌ره‌ب به‌ڕێوه‌به‌ری وه‌به‌رهێنانی هه‌ولێر به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: ئه‌و پڕۆژانه‌ی پێشتر بۆ وه‌به‌رهێنان ته‌رخان كرابوون 70 پڕۆژە بوون و سه‌رجه‌میان له‌كاتی قه‌یرانی دارایی وه‌ستابوون، دەشڵێت: دوای باشتر بوونی دۆخی دارایی و ئاگاداركردنه‌وه‌ی وه‌به‌رهێنه‌ران، له‌ئێستادا 45 پڕۆژه‌ ده‌ستیان به‌كاره‌كانیان كردۆته‌وه‌. 

 

وتیشی: "هه‌ر وه‌به‌رهێنێك كه‌ پێشتر به‌هۆی قه‌یرانی دارایی پڕۆژه‌كه‌ی وه‌ستاندبوو، سه‌ره‌تا ئاگادار ده‌كرێنه‌وه ‌و له دوای ئاگادارییه‌كه‌ش ماوه‌ی 15 رۆژی بۆ دیاریده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست به‌كاره‌كان بكاتەوە‌".

 

بەوتەی عەرەب، گه‌ر له‌و ماوه‌یه‌ وەبەرهێن ده‌ستی به‌كار نه‌كرده‌وه‌، مۆڵه‌تی كاركردنه‌كه‌ی لێ وه‌رده‌گیرێته‌وه ‌و كاره‌كه‌ی هه‌ڵده‌وه‌شێندرێته‌وه‌. 

 

دواڕۆژ زانیویه‌تی به‌شێك له‌و پڕۆژانه‌ی پێشتر بۆ كارێكی دیاریكراو ته‌رخانكرابوون، له‌لایه‌ن وه‌به‌رهێنه‌رانه‌وه‌ گۆڕدراوه‌ بۆ كارێكی تر. 

 

له‌وباره‌یه‌وه‌ عه‌ره‌ب ده‌ڵێت: "هه‌ندێ حاڵه‌تی گۆڕینی ره‌گه‌زی مۆڵه‌ت و پڕۆژه‌ هه‌بووه ‌و هه‌ر پڕۆژه‌یه‌كیش گۆڕانكاری تێدا بكرێت، ده‌بێت به‌ ئاگاداری وه‌به‌رهێنان بێت، به‌ نمونه‌ پێشتر پڕۆژه‌ هه‌بووه‌ بۆ هوتێل دیاریكرابوو، ئێستا گۆڕدراوه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌.

 

وتیشی: "ئه‌و هەنگاوانە له‌پێناو ئه‌وه‌یە وه‌به‌رهێن زیانی به‌ر نەكه‌وێت، چونكه‌ زۆربه‌ی پڕۆژه‌كان خزمه‌ت به هاوڵاتیان و ئابووری هه‌رێم ده‌كات". 

 

له‌ دوو مانگی رابردوودا دوو پارچه‌ زه‌وی بازرگانی كه‌ له‌ نه‌خشه‌ی شاره‌وانی بۆ قوتابخانه‌ دیاریكرابوو، له‌لایه‌ن كه‌سێكی سه‌رمایه‌داره‌وه‌ بۆ كاری بازرگانی به‌كارهێنران.

 

به‌ڕێوه‌به‌ری وه‌به‌رهێنانی هه‌ولێر سه‌باره‌ت به‌و جۆره‌ زه‌وییانه‌ وتی: "راسته‌ هه‌ندێک حاڵه‌تی له‌و جۆره‌ هه‌بووه ‌و كه‌سی ده‌وڵه‌مه‌ند زه‌وی شاره‌وانی بۆ خۆی كڕیوه‌ته‌وه‌ كه‌ لەلایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ بۆ قوتابخانه‌ ته‌رخانكرابوو، به‌ڵام رێگری كراوە و ئێستا زه‌وییه‌كه‌ بۆ هه‌مان مه‌به‌ست به‌كارده‌هێندرێت كه‌ قوتابخانه‌یه"‌. 

 

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: به‌هیچ جۆرێك رێگه‌ نادرێت به‌ كه‌سێك زه‌وی وه‌به‌رهێنان به‌ كه‌سێكی تر بفرۆشێته‌وه ‌و بیداته‌ ده‌ستی دوو و سه‌رجه‌م ئه‌و زه‌وییانه‌ی دراونه‌ته‌ كه‌رتی تایبه‌ت و وه‌به‌رهێنان و تاوه‌كو ئێستا پڕۆژه‌یان له‌سه‌ر جێبه‌جێنه‌كراوه‌، له‌ وه‌به‌رهێنه‌ره‌كان وه‌رده‌گیرێته‌وه‌. 

 

پێچه‌وانه‌ی ئه‌م قسانه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری وه‌به‌رهێنانی هه‌ولێر شاره‌زایه‌كی یاسایی كه‌ پارێزه‌ری چه‌ند پارچه‌یه‌ك زه‌وی وه‌به‌رهێنانه ‌و دۆسییه‌كانیان له‌ دادگایه‌ پێیوایه‌ چاوپۆشی له‌ هه‌ندێ وه‌به‌رهێنه‌ر كراوه‌ كاتێك پڕۆژه‌كانیان بۆ مه‌به‌ستی تایبه‌ت به‌كارهێناوه‌. 

 

ئاسۆ هاشم پارێزه‌ری راوێژكار له‌ هه‌ولێر بۆ دواڕۆژ ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو: له‌ماوه‌ی رابردوو چه‌ند پارچه‌ زه‌وییه‌ك بۆ پڕۆژه‌ی وه‌به‌رهێنان وه‌رگیراون و له‌لایه‌ن هه‌ندێ كه‌سه‌وه‌ بۆ مه‌به‌ستی تر و به‌رژه‌وه‌ندی كه‌سیی به‌كارهێندراونه‌ته‌وه‌، له‌كاتێكدا به‌پێی یاسا گه‌ر كه‌سێك زه‌وی پێبدرێت بۆ پڕۆژه‌ی وه‌به‌رهێنان گه‌ر كاری له‌سه‌ر پڕۆژه‌كه‌ نه‌كرد، ده‌بێت لێی وه‌ربگیرێته‌وه‌، به‌ڵام چاوپۆشی له‌ هه‌ندێ كه‌س كراوه‌ كاتێك نه‌یانتوانیوه‌ پڕۆژه‌كه‌ جێبه‌جێبكه‌ن و هیچ ئیجرائاتێكیان به‌رامبه‌ر نه‌گیراوه‌ته‌ به‌ر، به‌ڵام سامان عه‌ره‌ب ده‌ڵێت: "ئه‌و كه‌سانه‌ی مامه‌ڵه‌یان به‌ زه‌وی وه‌به‌رهێنان كردووه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا سێ مۆڵه‌تیان هه‌ڵوه‌شێندراوه‌ته‌وه"‌. 

 

ناوبراو ئاشكراشیكرد: كۆی گشتی ئه‌و پڕۆژانه‌ی له‌ دوای ساڵی 2007 تاوه‌كو ئێستا  كه‌ به‌پێچه‌وانه‌ی رێنماییه‌كانی وه‌به‌رهێنان مامه‌ڵه‌یان پێكراوه‌ 55 پڕۆژه‌ بووه‌و مۆڵه‌ته‌كانیان هه‌ڵوه‌شێندراونه‌ته‌وه‌. 

 پێداچوونەوە: ئارام غەفور 

بڵاوکردنەوە: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure