ره‌خنه‌ له‌ چه‌ند مادده‌ و بڕگه‌یه‌كى یاساى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم ده‌گیرێت

هەواڵ / کوردستان :: 09/05/2019‌ :: 161‌ جار بینراوە
یه‌كێكیان هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكى هه‌رێمه‌ له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ به‌ ده‌نگدانى ئاشكرا

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر

له‌سه‌ر چه‌ند بڕگه‌ و مادده‌یه‌كى یاساى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم به‌شێك له‌ ئه‌ندامانى په‌رله‌مانى كوردستان ره‌خنه‌یان هه‌یه‌ و پێیانوایه‌ ئه‌و بڕگه‌ و مادانه‌ پێچه‌وانه‌ى یاسا نێودەوڵەتیەکان و مافە مەدەنی و سیاسیەکان و جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ و دەنگدانه‌.


په‌رله‌مانى كوردستان رۆژى چوارشەممە 8ی ئایاری 2019، لە دانیشتنی ئاسایی ژمارە (٥)ى ساڵی یەکەمى خولی یەکەمی خۆیدا (یاساى کاراکردنەوەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ـ عێراق)ى بە دەنگی 89 پەرلەمانتار پەسه‌ندکرد.

یه‌كێك له‌و بڕگه‌ و مادانه‌ى كه‌ ئه‌ندامانى په‌رله‌مان ره‌خنه‌ى لێده‌گرن هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكى هه‌رێمه‌ به‌ ده‌نگدانى ئاشكرا، چونكه‌ به‌پێى ماده‌ى چوارى یاساى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم، ئەگەر هیچ پاڵێوراوێک دەنگی زۆرینەی رەهای ئەندامانی پەرلەمانی بەدەستنەهێنا دەنگدان دووبارە دەکرێتەوە و، کێبڕکێ لەنێوان ئەو دوو پاڵێوراوە دەبێت کە زۆرینەی دەنگیان هێناوە و ئەوەی لە جاری دووەم زۆرینەی بەدەستهێنا دەبێتە سەرۆکی هەرێم، ئەگەر تەنها یەک پاڵێوراویش هەبوو بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم دەنگدانی ئاشکرا ئەنجام دەدرێت و، ئەگەر پاڵێوراوەکە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانی بەدەستهێنا دەبێتە سەرۆکی هەرێم.

شادى نه‌وزاد، ئه‌ندامى فراكسیۆنى نه‌وه‌ى نوێ به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: بەپێی یاسا نێودەوڵەتیەکان و مافە مەدەنی و سیاسیەکان و جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ دەنگدان دەبێت بە نهێنی بێت، تاکو هەموو ئەندامان بە ئازادییەکی رەهاوە بتوانن دەنگ بە کاندیدی سەرۆکایەتی هەرێم بدەن.

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: وەک بەرپرسیاریەتیەکی ئەخلاقی و مێژوویی فراکسیۆنەکانی دەرەوەی دەسەڵات و چەند ئەندامی فراکسیۆنەکانی تریش پێشنیازی گۆڕینی میکانیزمی دەنگدانمان کرد بە نهێنی، بەڵام بە دەنگی زۆرینە مادەکە وەک خۆی مایەوە و تێپەڕێنرا.

ناوبراو، ده‌شڵێت "لە دەقی ئەم یاسایەوە بۆمان دەردەکەوێت کە لایەنە سیاسیەکان متمانەیان بەو لایەنانە نیە کە رێککەوتنیان لەگەڵیان هەیە، تەنانەت متمانەیان بە ئەندامانی فراکسیۆنەکەی خۆشیان نییە".

خاڵێكى دیكه‌ى ماده‌ى چوارى یاساى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم كه‌ رووبه‌ڕووى ره‌خنه‌ بۆته‌وه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بۆ خۆپاڵاوتن پۆستى سه‌رۆكى هه‌رێم ته‌نها سێ رۆژ دیاریكراوه‌،  به‌شێك له‌ یاساناسان پێیانوایه‌: ئه‌گه‌ر كه‌سێك بیه‌وێت خۆى كاندیدبكات، ناتوانێ له‌ماوه‌ى سێ رۆژدا هیچ ئاماده‌كارییه‌ك بكات و سه‌ردانى لایه‌ن و فراكسیۆنه‌كان بكات و قه‌ناعه‌تیان پێبكات تا ده‌نگى پێبده‌ن هه‌ر بۆیه‌ش ناتوانێت وه‌ك پێویست خۆى بناسێنێت.

كاروان گه‌زنه‌یى، ئه‌ندامى فراكسیۆنى یه‌كێتیى له‌ په‌رله‌مانى كوردستان رایگه‌یاند: له‌ ئه‌ندامانى فراكسیۆنى یه‌كێتى لە ھۆڵی پەرلەمان ئه‌و یەکێک بوو له‌و په‌رله‌مانتارانه‌ى زۆرترین قسەى لەسەر ئەو باسە کرد و دژی وەستاوه‌ته‌وه‌.

وتیشى "نەک ھەر ئەوە بگرە بڕگەی دەنگدانی زۆرینەی رەھاش پێچەوانەی یاسایە، یاساكه‌ش به‌ گشتیى زۆر خاڵی تریشی تیایە تێبینیمان له‌سه‌رى هه‌بووه‌، بەڵام ئیتر ناچاربووین".

پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure