سلێمانی ئامادەكاری بۆ كەوتنەوەی ئاگر دەكات

هەواڵ / کوردستان :: 09/05/2019‌ :: 1739‌ جار بینراوە

تاگ :: سلێمانى

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

پارێزگاری سلێمانی رایدەگەیەنێت: بەهۆی زۆربوونی پوشوپاوان لەئێستاوە سەرقاڵی ئامادەكارین بۆ رێگریكردن لە كەوتنەوەى ئاگر.


(ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 9ى ئایارى 2019) لە قایمقامیەتی سلێمانی بەئامادەبوونی هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی و ئاوات محەمەد، قایمقامی قەزای مەڵبەندی سلێمانی و بەرپرسی لایەنە پەیوەندیدارەكان لیژنەیەكی تایبەت بۆ رێگریكردن لە كەوتنەوەی ئاگر دروستكرا.

دوابه‌دواى كۆبونه‌وه‌كه‌ش هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی لە كۆنگرەی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لیژنەیەك دروستكراوە بەفریاگوزاری بەتایبەت بۆ رێگرتن لەئاگركەوتنەوە كە ئەمساڵ پوشوپاوان زۆرە لەئێستاوە بەرنامە دانراوە، ئەوان پێداویستی لۆجستیان بۆ ئامادەدەكەن، پاشان هۆشیاری كۆمەڵایەتی و رۆڵی راگەیاندن زۆر گرنگە و داوادەكەن هاوكاریان بن.

هەڤاڵ ئەبوبەكر ئاماژەی بەوەكرد: چەند هەنگاوێك بۆ ئەو مەبەستە گرنگن ئەوانیش لەكاتی رۆیشتنی خەڵك بۆ گەشتوگوزار و رێگەكان قەرەباڵغ دەبن بتوانن ئەو شوێنانە بپارێزن و لەگەڵ تیمەكان هەماهەنگی بكەن.

هەروەها وتی :"دانانی تیمی تایبەت لە ئاگركوژێنەوە و پۆلیسی دارستان و كشتوكاڵ و غاباتەكان و شارەوانی و یەكە كارگێڕییەكان بۆ بەرگریكردن لەحاڵەتی نەخوازراو".

بەوتەی پارێزگاری سلێمانی لەلایەن وەزارەتی داراییەوە بودجە بۆ پاراستنی بەرهەمە كشتوكاڵییەكان لە بڵاوبوونەوەی سن و كیسەڵ دابینكراوە، هەروەها مەترسی كەمبوونەوەی كلۆر بۆ پاككردنەوەی ئاو هەبوو، بودجەی بۆ دابینكرا، تەندروستی سلێمانیش بەهۆی نەخۆشییە گواستراوەكانەوە پێویستی بەبودجە بووە بۆی دابینكراوە.

بڵاوكردنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure