له ‌یادی ئامۆزاگیان-دا.... سه‌لاح داوده‌ له‌یادناكه‌ین

هەواڵ / چاوی تۆ :: 09/05/2019‌ :: 39‌ جار بینراوە

پشكۆ خاڵدانی

ئه‌وا ده ‌ساڵه‌ منی شه‌یدای گۆرانی و ئاواز و موسیقای كوردی ئه‌ڵێی هه‌تیوی لاكۆڵانم و خۆڵی گۆڕستانت به‌سه‌رما باراندوه‌، وا ده ‌ساڵه‌ من چاوه‌ڕوانی هۆڵه‌كانی كه‌ركوكم تا له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ، پیره‌ پیاوێك به ‌ته‌مەن پیر، به‌ڵام له‌ناخه‌وه‌ گه‌نج، به ‌كه‌واوسه‌ڵته‌یه‌كه‌وه‌ بێت و چاوم پڕبكات له ‌بینین، گوێم پڕ بكات له ‌بیستن و دڵم بڵیت ئۆخه‌ی (داوده‌)یه‌ هاته‌وه‌ نێوكۆڕی هونه‌ر.

ئه‌وكات دڵم تۆزیك ئاسووده‌ ده‌بێت و له‌گه‌ل ژێی كه‌مان و ده‌نگه ‌به‌سۆزه‌كه‌تدا له‌نێو هۆڵه‌كه‌دا لاشه‌م جێ بمێنێت و خه‌یاڵم بدا له‌ شه‌قه‌ی باڵ و بچێته‌وه ‌بۆگه‌رمیان و میوانی كۆڕی دیوه‌خانم كات، به‌ڵام ئه‌فسووس تۆ نه‌هاتی منیش هه‌رگیز بێزارنابم له‌ چاوه‌ڕوانیت، چونكه‌ ئه‌ڵێم هه‌ردێیته‌وه‌ (خانزه‌داخان و خالۆی ڕێبوار و ئامۆزاگیان) ده‌داته‌وه‌ به‌گوێچكه‌ماندا و ئه‌وسا هه‌موومان شاگه‌شكه‌ ده‌كات.

من هه‌ركاتێ‌ په‌ناده‌به‌مه ‌به‌ر گۆرانیه‌كانت، له‌به‌رخۆمه‌وه ‌بێ‌ ئه‌وه‌ی كه‌س پرسیارم لێبكات خۆم دڵخۆشیی خۆم ده‌ده‌مه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ ڕژانی دلۆپێك ئه‌شكا ئه‌ڵێم: نانا داوده‌ نه‌مردووه ‌و زیندووه‌، ئه‌ی ئه‌وه‌نیه‌ (حه‌بیه‌خان وه‌ی حه‌بیه‌خان) ده‌ڵێ و نزیكه ‌له‌ ڕوحمانه‌وه‌؟! ئه‌ی داخۆ ئه‌مه‌ كێیه‌ گۆرانی بۆ كچان و كوڕانی شار و نیشتمان ده‌چڕێت؟! هه‌ندێك  جاریش كه‌ خه‌یاڵم دێته‌وه‌ لای خۆم هه‌واڵی گه‌رمیانم بۆ دینێت و ئه‌ڵێم ئێستا ئه‌و میوانی (مه‌ردان و حوسێن عه‌لی)ه‌ و ڕه‌نگه‌ سه‌رێكیش له ‌ئه‌سیری و شێخ ره‌زای تاڵه‌بانی و مه‌لا فه‌تاحی جه‌باری و مارف به‌رزنجی بدات و هه‌واڵی هونه‌ر و گۆرانی و موسیقای كوردییان پێڕابگه‌یه‌نێت و له‌وێش كۆڕی هونه‌ر ببه‌ستێت .

من خامه‌كه‌م كۆڵه‌ له ‌ئاستت، بمبووره‌... بریا ئیستا چیرۆكنووس(له‌تیف حامد) بمایه‌ و ژیانی پڕ له ‌نه‌هامه‌تی و ده‌رده‌سه‌ریتی ده‌كرد به‌ چیرۆكێك بۆ نه‌وه‌كانی ئه‌مڕۆ. حوسێن میسری-ش كاری ده‌رهێنانی فلمێكی بۆ ئه‌نجام ئه‌دایت و له‌ولاشه‌وه‌ مه‌لاجه‌میل رۆژبه‌یانی دڵنیام بێ‌ یه‌ك و دوو ناوتی  له ‌میژوی گۆرانیی كوردیدا تۆمارده‌كرد وه‌ك چۆن ئێمه‌ ناوی تۆمان له ‌دلمَاندا تۆماركردوه‌. 

تۆهه‌رچه‌نده‌ هه‌ژار و كه‌مده‌رامه‌ت بووی به‌ڵام هه‌رگیز چۆكت بۆ نه‌بوونی دانه‌دا و له‌سه‌ر رێچكه‌ هونه‌ره‌ییه‌كه‌ت به‌رده‌وامبوویت و بوویت به ‌ماموستا و ماڵه‌كه‌یشت بوو به‌ قوتابخانه‌ی هونه‌ر...دڵنیاشم له‌گه‌ڵ ئه‌م دوودێڕه‌ هۆنراوه‌ی سابری-دا هاوڕابوویته‌ كه ‌فه‌رموویه‌تی (كڵاوی سه‌ردراوی خۆم به ‌تاجی پاشاناده‌م...كه‌لاوه‌ی دوكه‌ڵاوی خۆم به‌ قه‌سر و گه‌نجی شاناده‌م).

ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه‌ له‌گه‌ل هه‌ڵكیشانی ئاهێكدا بیڵێم ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌رگیز تۆ له‌بیرناكه‌ین وهه‌میشه‌ له‌ دڵ و ده‌رونی هونه‌رمه‌ندان وهونه‌ردۆستاندایت، لێشم ببووره‌كه‌ ده‌ڵێم هیچ ساڵێك(8)ی ئایارم خۆشناوێ‌ چونكه‌ لاشه‌تی له‌به‌رچاو ونكردین. له‌هه‌مانكاتدا دڵشادین به‌وه‌ی كه ‌نه‌وه‌كانت له‌ دوای خۆت هه‌مان رێچكه‌ی تۆیان گرتووه،‌ ئه‌گه‌ر ئاوڕیان لێبدرێته‌وه‌ ئه‌وه‌ ده‌بنه‌ ئه‌ستێره‌ی ئاسمانی هونه‌ر له‌شاره‌كه‌دا و چاوه‌ڕوانی پاشه‌ڕۆژێكی خۆت ئاساییان لێده‌كرێت.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure